نێچیرڤان بارزانی: لایەنە سیاسییەكانی عێراق بانگهێشت دەكەین لەهەولێری پایتەختی دووەمیان گفتوگۆ بكەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا سەبارەت بە دۆخی عێراق، دەڵێت: " بە نیگەرانییەكی قووڵەوە لە دۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتەكانی دەڕوانین، و داوا لە لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان دەكەین ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن و بۆ چارسەركردنی كێشەكان گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەست پێ بكەن".
ئاشكراشیكرد: "لەم دۆخە هەستیارەدا ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە، ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە:" لە كاتێكدا ڕێز لە خواستی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی جەماوەر دەگرین، جەخت لە پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئاسایش و سەر و ماڵی هاووڵاتییان و كارمەندانی دەوڵەت دەكەینەوە. گەلی عێراق شایانی ژیان و ئێستا و داهاتوویەكی باشترە و ئەرك و بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنەكانە پێكەوە عێراق لەم دۆخە هەستیار و مەترسیدارە دەرباز بكەن".
سەرۆكی هەرێم راشیگەیاند: "هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بەشێك دەبێت لە چارەسەر، بۆیە لایەنە سیاسییە پەیوەندارەكانی عێراق بانگهێشت دەكەین بێن لە هەولێری پایتەختی دووەمیان دەست بە گفتوگۆیەكی كراوەی كۆكەرەوە بكەن و لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بگەنە لێكگەیشتن و ڕێككەوتن. هیچ كێشەیەك نییە بە گفتوگۆ چارەسەر نەكرێت".