هەردوو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا تەئكید لەناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا دەكەنەوە 

2 ساڵ لەمەوپێش



كاوە ڕەش
 
دوای چەندین گەڕ لەهەڵبژاردن و دەنگدانی پارلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری بەریتانیا، ئێستا تەنها دوو كاندید پێشبێڕكێ دەكەن بۆ  گرتنەدەستی  دەسەڵاتی بینای ژمارە١٠ ی سەرۆك وەزیران.
هەردوو  كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی بەریتانیاو سەرۆكی پارتی پارێزگاران، بەڵێن دەدەن كەبەردەوام دەبن لەو پلانەی حكومەتی بەریتانیا بۆ ڕەوانەكردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا.
بەپێی  ڕێكەوتنامەی  واژۆكراوی نێوان ڕوانداو بەریتانیا، لەئێستادا بڕی ١٢٠میلۆن پاوەندی لێ دراوەتە ڕواندە، بۆ حەوانەوەی ئەو پەناخوازانەی بەنایاسایی دەگەنە بەریتانیا.
وەزیری خەزێنەی پێشوو، و وەكاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی بەریتانیا، ڕیشی سوناك، ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێكی جدی خۆی دەخاتەگەڕ، بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پلانەی حوكمەت، كەواژۆكراوە بۆ دیپۆرتكردنی پەناخوازان بۆ ئەفریقا.
سوناك ئەماژە بەوەشدەدات، كەهەمووان دەزانن سیستەمی ئێستای پەناهەندەیی دەبێ ڕێكبخرێتەوەو سنورەكان كۆنتڕۆڵبكرێت و ناكرێ خەڵكی بەریتانیا، تەنها تەماشاكاربێت لەهاتنی بەلێشاوی بەلەمی چوپی پڕ لەپەناخوازی نایاسایی ، لەكاتێكدا پاسەوانەكانی سنورپارێز نەتوانن ڕێگری بكەن و تەنها تەماشاكاربن بەهۆی بڕیارەكانی دادگای وڵاتانی ئەورپا.
 سوناك دەڵێ، ئێمە دەبێ بزانین كێ پەناخوازی لێوەشاوەیەو پێویستی بەپاراستنی جدی هەیە، بۆ ئەوەی پێشوازی لێ بكەیەن نەك پەناخوازی ئابوری، ئەوانەی بەدوای هەلی كاردا دەگەڕێن و بەوڵاتانی دیكەی سەلامەتی ئەوروپادا دەپەڕنەوە بۆ ئێرە.
لەخاڵێكی دیكەی كۆنتڕۆڵكردنی كۆچی نایاسایی ئاماژەوە بەوە دەدات: كەلەگەڵ گەیشتنی كۆچبەران بەبەلەم، ڕووبەڕووی سزای زیندانی كردن بكرێنەوە، و هەرشوێنێكیش دەرفەتی كاری بۆ پەناخوازێكی نایاسایی ڕەخساند، ڕووبەڕووی سزای زیندانی و پێژماردن دەبێتەوە.
سوناك دەڵێ، ئەگەر وڵاتانی هەژار و دۆست ئەو كۆچبەرانە وەرنەگرنەوە كەئێمە بەلێوەشاوەیان نازانین، ئەوە هاوكارییە مرۆییەكانیان لێ دەبڕین، كەساڵانە لەبودجەی هاوكاری بیانی پێان دەدرێت و لەڕووی مامەڵەی فیزاو بازرگانی، بێ بەشیان دەكەین.
سوناك، پلانێكی 10 خاڵی ئامادەكردوە، بۆ بەرتەسكردنەوەو ڕێگری لەكۆچ نایاسایی و بەوتەی ئەو، هاوتەبایە لەگەڵ چەمكەكانی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR).
لەنوسیكدا لەڕۆژی یەكشەممەی تەلەگرافدا دەڵێ : "ئی سی ئاڕ ناتوانێت ڕێگە لەتوانای ئێمە بگرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكانمان و نابێت ڕێگە بدەین دەست وەربداتە سیستەمی كۆچی ئێمەوە، چونكە هەستی گشتی بەریتانیا، پێویستی بە دەرمانێكی تەندروستە، بۆ ناو سیستەمەكە، وە ئەمە ئەو شتەیە كەپلانەكەم دەیكات.
هەروەها ڕیشی سوناك، بەڵێن دەدات، كەئەو كۆچبەرانە بوەستێنێت كەبەڕێگای بەلەمە بچووكەكان لەفەرەنساوە دەگەنە بەریتانیاو دەڵێ، ئەولەویەتی دوای پێك هێنانی كابینەی نوێ،  ڕێكخستنی دیدارێكە لەگەڵ، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا بۆداڕشتنی پلانێكی تۆكمەی كۆنتڕۆڵكردنی سنور.
هاوكات لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو كاندیدی ڕكابەری ڕیشی سوناك، بۆ هەردوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاو پارتی پارێزگارانیش دووپاتی دەكاتەوە، پابەند دەبێت بەپلانی ناردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا و دەڵێت: دەخوازێت گۆڕانكاری لەبەشێكی پلانەكە بكات، بەزیادكردنی وڵاتانی دیكەش بۆ ناردنی پەناخوازی نایاسایی و پێی وایە، كاتی ئەوە هاتووە كەئەو سیستمە تێك شكاوەی ڕابردووی پەناهەندەیی ڕاست بكرێتەوە. 
لیز تروس راشیگەیاند: دەبێ خۆمان بڕیاربدەین چەند پەناخواز وەربگرین و چۆن كۆنتڕۆڵی تەواوی سنورەكانمان بكەین، چونكە ڕایگشتی گەلی بەریتانیا،چیدیكە قبوڵی هاتنی بەلێشاوی پەناخوازان بۆ ووڵاتەكەمان ناكەن بەناو وڵاتانی دیكەی سەلامەتی ئەوروپاوە بۆ خاكی ئێمە.  
خانمە لیز دەڵێ، لەئەگەری بونی بەسەرۆكوەزیران، هەوڵی تەواو دەدات بۆ ڕێگری كردنی (دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا) لەدەستوەردانی لەڕێگری كردنی بەردەوامەكانی بەریتانیا بۆ كۆنترۆڵكردنی سیاسەتی كۆچبەران.
لەهەمانكاتدا هەوڵی هاتنەدەرەوە لەڕێكەوتنمای دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دەدەم.
 وەزیری دەرەوە  وتییشی توانای هێزی سنورپارێز بەڕێژەی 20٪ زیاد دەكات و ئاستی كارمەندانی هێزی دەریایی سەرسنور، بۆ دوو هێندە بەرزدەكاتەوە لەكەناڵە ئێشكگرەكانی بەریتانیا.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەیری هەموو بژاردەو تاكتیكە جیاوازەكانی دەكات، بۆ ڕێگریكردن لەپەڕینەوەی كۆچبەران بەشێوەیەكی نایاسایی. تەنانەت سەرباری گەڕانەوە بۆ تاكتیكی وەزیری ناوخۆ پریتی پاتێل، لەپلانی گەڕاندنەوەی بەلەمەكان  بەرەو فەڕنسا، كەپێشتر توشی ئاڵانگاری یاسای كراوەتەوەو وەزیر بەجێیهێشتوە.
‎لیز، دەڵێ، من لەوە تێدەگەم كەئەركی لەپێشینەی من بۆ خەڵك و  وڵات، ئەوەیە كە دڵنیابینەوە سیستەمی كۆچبەرانمان دادپەروەرانەیە.
‎ ئەو كۆچە نایاساییەی كە ئێمە دەیبینین لەسەر كەناڵەكان ڕوودەدات، هەموو نادادپەروەرانەیەو زۆر مەترسیدارە. ڕاستكردنەوەی ئەو نادادپەرواریەش، یەكێكە لە ئەولەوییەتەكانی من بۆ كابینەی داهاتوو.
لەگەڵ ئەوەش من وەك وەزیری دەرەوە، لەكارەكەمەوە ئەزمونم وەرگرتووە، دەزانم كەوڵاتانی زیاتر هەن دەخوازن كار لەگەڵ ئێمە بكەن بۆ توندوتۆڵكردن و ڕێگری لەكۆچی نایاسایی. وەئەگەر من ببمە سەرۆكوەزیران، لەژێر ڕێبەرایەتیی مندا ئەو هەوڵانە بەرەو پێشەوە دەڕۆن.
‎لەلایەكی دیكەوەو بەپێی ئەو دانگدان و ڕاپرسیانەی ڕاگەیاندەكانی بەریتانیا، ئەنجامی دەدەن، تائێستا ‎سوناك، وەك سەرۆك وەزیرانێكی باش پیشاندەدرێت و دەنگەكانی لەسەروی لیز تروسەوەیە.
‎ئەوە لەكاتێكدا، لەڕاپرسییەكی نوێدا نیشانی دەدات كە 43٪ لەو باوەڕەدان، ڕیشی سوناك، دەبێتە سەرۆك وەزیران، بەبەراورد بە 36٪ پشتگیری لەوەزیری دەرەوە دەكەن.
‎ئەندامانی پارتی پارێزگاران تاڕۆژی 2ی ئەیلولیان لەبەردەمە، بۆ ئەوەی لەنێوان ئەو دوو كاندیدە یەكیان هەڵبژێرن.
‎ئەنجامی كۆتای لە ٥ی سێپتەمبەر ڕادەگەیەنرێت، لەگەڵ ئەوە  پێشبینی دەكرێ ڕۆژێك دواتر كاندیدی سەركەوتووی سەرۆكی پارت و سەرۆكوەزیران، جێگەی بۆریس جۆنسن، بگرێتەوە لەبینای ژمارە١٠ی شەقامی داونینگ.
‎تاو ئەو كاتەش بۆریس جۆنسن، لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی ووڵاتەكەی بەردەوام دەبێت.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار