کەنەکە: ئەو هێزانەی بەرپرسی پاراستنی شەنگال بوون نەیانپاراست

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەڕاگەیەندراوێکدا کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدی شەنگالەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە دەڵێت پێویستە ڕێگاکان بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شەنگال بکرێتەوە و هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان بۆ باشترکردنی ژیانیان چڕ بکرێتەوە، دووپاتیشیدەکاتەوە؛ پێویستە ئیرادەی خەڵکی شەنگال لەبەرچاو بگیرێت و پیلانی جیاواز بەسەریاندا نەسەپێندرێت، ئاماژەش بەوەدەکات ٣ی ئابی ٢٠١٤ ئەو ڕۆژە بوو، کە جارێکی دیکە فەرمانی جینۆساید دژی گەلی ئێزیدیمان درا و بە کردەوە جێبەجێ کرا.
لەڕاگەیەندراوەکەدا کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە: شەنگال، کە خاکی دێرینی گەلی ئێزیدیمانن، بە پیلان کرایە ئامانجی هێرشی داعش، هەموو داگیرکەرانی کوردستان بەو هێرشەی داعش ڕازی بوون، ئێران و تورکیا و تەنانەت ئیدارەی بەغدا، ڕژێمی شۆڤێنی دیمەشقیش زیاتر لە هەمووان بەو هێرشە ڕازی بوو.
لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: داعش لەو ناوەندانەی داگیرکارییدا، بوو بە سەرکردەی بیر و هەستی دژە کورد و کوردستان، بەم هێرشە ویستیان شکست بە هێزە کوردییەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بهێنن و لە ڕێگەی تووندڕەویی ئیسلامییەوە بیروباوەڕی ئێزدییەکان تێکبدەن، هەر بۆیە فەرمانی کۆمەڵکوژیی گەلی ئێزدیمانیان دا.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی کەنەکە “هەرچەندە ئەمڕۆ شەنگال لە داعش پاککراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە گەلی ئێزدیمان لە خاکی باوباپیرانیان نیشتەجێ بوونەتەوە، بەڵام زەبر و زەنگی ٣ی ئابی ٢٠١٤ هێشتا لە ڕۆحیاندا ماوەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدی کە ئاوارە کراون، تا ئێستا بێ ماڵ و حاڵن و چارەنووسیان دیار نییە، بە هەمان شێوە ژمارەیەکی زۆر لە گەلی ئێزدیمان لە ژیانێکی سەختی پەنابەردا پەرش و بڵاون، تا ئێستا زۆرێک لە خەڵکی شەنگال لە کامپەکاندان و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
جەختیشدەکاتەوە، پێویستە ڕێگاکان بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شەنگال بکرێتەوە و هەوڵە نیشتمانیی و نێودەوڵەتییەکان بەهێز بکرێت بۆ باشترکردنی ژیانیان.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: بەداخەوە ئەو هێزانەی کە بڕیار بوو شەنگال بپارێزن و لەو کاتەدا بەرپرسی پاراستنی شەنگال بوون، نەیانپاراست و ئەوەش هۆکار بوو، کە ئەم کارەساتە گەورەیە بەسەر گەلی ئێزدیماندا هات، ئەو هێزانە شەنگالیان نەپاراست، شەنگال و خەڵکی شەنگالیان ڕادەستی داعش کرد، ئێستا خەریکی دانانی پلانن لەسەر شەنگال.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو هێزانە کە یەکێکیان پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوی دیکەیان حکومەتی بەغدایە، لە ٩ی ١٠ی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنێکیان کرد بەبێ ئەوەی پرسیار لە خەڵکی شەنگال بکەن و دەیانەوێت شەنگال و خەڵکی شەنگال بێ پاراستن جێبهێڵن و بێ ئیرادەیان بکەن و دەوڵەتی تورکیش، کە لە داگیرکردنی شەنگالدا هاوکاری داعش کرد، بەو ڕێککەوتنە زۆر دڵخۆش بوو.
جەختیشدەکاتەوە، خەڵکی شنگال و هێزەکانی بەرگری شەنگال ئەم ڕێککەوتنە قبوڵ ناکەن و لەدژی دەوەستنەوە، دەشڵێت: پێویستە ئیرادەی خەڵکی شەنگال لەبەرچاو بگیرێت و پلانی جیاواز بەسەریاندا نەسەپێندرێت، دەبێت شەنگال لە ناوخۆی کوردستاندا پێگەیەکی تایبەت و سەربەخۆی هەبێت.
