وەزارەتی پێشمەرگە: ساڵی داهاتوو یەکەکانی 70 و 80 یەکدەخرێنەوە
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات سەرجەم هێزی یەکەکانی 70 و 80 ساڵی داهاتوو یەکدەخرێنەوە و تائێستا 20 لیوا لەهێزەکانی پێشمەرگە بەهەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکخراونەتەوە.
عەقید فەرمان فەرهاد، جێگری بەڕێوبەری گشتی میرە لەوەزارەتی پێشمەرگە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی راگەیاندووە کە رێکخستنەوە کراوە لەبنەبڕکردنی موچەی نایاسایی و دوو موچەیی و هەروەها تائێستا هەژماری بانکی بۆ 31 هەزار و 382 ئەفسەر و پێشمەرگە کراوەتەوە و 20 لیواش لەهێزەکانی پێشمەرگە بەهەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکخراونەتەوە، هاوکات دوو لیوای دیکەش لەپڕۆسەی یەکخستنەوەدان.
بڕیاریشە بەهەماهەنگی سەرۆکایەتی ئەرکان و وەزارەتی پێشمەرگە ساڵی داهاتوو سەرجەم هێزەکانی 70 و 80 بخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
عەقید فەرمان باسی لەوەشکرد کە بەهاوبەشی لەگەلڕ هاوپەیمانان تائێستا زیاتر %60ی هێزەکانی پێشمەرگە لەمەشق و راهێنانە سەربازییەکاندا بەشداریان کردووە و پڕۆسەکەش بەردەوامی دەبێت.
وتیشی: سەرجەم سەنگەرەکانی پێشمەرگە پتەوکراون و ئامادەن بۆ بەرەنگاری هەر هەڕەشە و حاڵەتێکی نەخوازراو و لەئێستاشدا چەک و کەلوپەلی سەربازی پێویست لەبەردەستی هێزەکانی پێشمەرگەدایە.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی پێشمەرگە، 3 هەزار و 18 کەیسی خانەنشینی بەهۆکاری تەندروستی و سەربازی و کۆچکردن بۆ سەر وەزارەتی دارایی گواستراونەتەوە، هەروەها 1هەزار و 18 کەیسی شەهیدانی سەنگەری دژ بە داعشیش گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، هاوکات 9 هەزار 646 کەمئەندام چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە و دۆسیەیان بۆ ئامادەکراوە.
