جەمیل بایک باسی پەیوەندی خۆی و شێرکۆ بێکەس دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 

جەمیل بایک هاوسەرۆکى کەجەکە بە بۆنەى ساڵیادی کۆچی دوایى شاعیری گەورەى کورد شێرکۆ بێکەس باسی لە هاوڕێیەتیى خۆی لەگەڵ بێکەس و هەڵوێست و کەسایەتیى و هەستی هاوبەش و تێکۆشانەکەی و رۆڵی شاعیران و ئەدیبان کرد؛

 

♦من لە ساڵی ١٩٩٤ دا لە سلێمانى هاوڕێی هێژا شێرکۆ بێکەسم ناسی. پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) باشیوو. بەهۆی پەیوەندیمان لەگەڵ یەنەکەدا پەیوەندییەکى بەهێزمان لەگەڵ مامۆستا چەتۆ بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەی یەنەکە هەبوو. رۆژێک لەگەڵ مامۆستا چەتۆ لەبارەى گەورەیى شاعیر شێرکۆ بێکەس-ەوە قسەمان کرد و من داوام لە مامۆستا چەتۆ کرد بە شێرکۆ بێکەسم بناسێنێت. ئێمە ئێوارەیەک لە ماڵێکدا و لە کاتى نانخواردندا یەکترمان ناسی. من هەم بە ناسینى ئەو شاعیرە گەورەیە دڵخۆش و هەم سەربەرز بووم. هەر چۆن فەیلەسوفێکى یونانى دەڵێت؛ هێزی ئەوانەى گۆرانی و شێعر دەئافرێنن لە هێزی ئەوانە زیاتر و گەورەترە کە یاسا دەئافرێنن. کۆمەڵگە پێش هەموو شتێک لە رێگەى ئەدیبان و هونەرمەندەکانییەوە دەبێت بە کۆمەڵگە.

 

♦هەر کات دەچوومە سلێمانى دەچووم سەردانم دەکرد. هەر کات دەچووم بۆ سلێمانى هەموو کات بینیى ئەو شاعیرە گەورەیە لە بەرنامەمدا بوو. بۆ من وەک سەردانکردنى شوێنێکى پیرۆز بوو. خۆی لە خۆدا هونەرمەند و ئەدیبان کاری پیرۆز دەکەن. دونیاى مەعنەویى مرۆڤایەتى و کۆمەڵگەکان بەهێز دەکەن.

 

♦پەیوەندیى ئێمە لەگەڵ شاعیری گەورە هەرگیز نەپچڕا. ئەو کاتانەشی یەکترمان نەدەبینی نامەمان بۆ یەکتر دەنووسی. ئێمە لە نامەکاندا لەبارەى هەندێک بابەتەوە بۆچوون و هەستی خۆمان خستووەتەڕوو. ئەویش شیعرەکانى خۆی بە دەنگی خۆی دەنارد. کتێبەکانی خۆیشی بە ئیمزای خۆیەوە دەنارد. دەیخواست کارەکانى لەلایەن بزووتنەوەى ئازادیمانەوە بزانرێت. پەیوەندیى ئێمە پەیوەندییەکى فەرمی و پرۆتۆکۆڵی نەبوو. پەیوەندییەکەمان بەهۆی بەها گرنگەکان بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتییەوە دروستبوو بوو.

 

♦پێش ئەوەى نەخۆش بکەوێت سەردانى قەندیلی کرد و لەوێ یەکترمان بینی. لە ئەنجامی گفتوگۆکەماندا شێرکۆ بێکەس پێشنیازی کرد، کە شاعیران، رۆماننووسەکان، ئەدیبان و هونەرمەندانى باشوور بێنێت بۆ قەندیل و لەگەڵیاندا کۆبوونەوەیەکی پڕ لە گفتوگۆ رێکبخات. ئێمە قبوڵمان کرد، بەڵام لەبەر ئەوەى دواى ماوەیەکى کورت نەخۆش کەوت، ئەو پلانەمان سەری نەگرت.

 

♦٥ ساڵ بەبێ شێرکۆ بێکەس تێپەڕی و نیشانی دا بۆشایى شوێنەکەى بە ئاسانى پڕ ناکرێتەوە و دیارە. ئێستا ئێمە لە هەموو روویەکەوە هەست بە نەمانى شاعیرى گەورە دەکەین و دەیبینین. لە دۆخی قورسی وەک ئێستادا مرۆڤ زۆر زیاتر پێویستى بە شاعیری وەک شێرکۆ بێکەس هەیە، کە نرخ و موراڵ و ورەى کۆمەڵگە بەرز دەکەنەوە. لەم رۆژانەدا ئێمە یادی دەکەینەو. ئێمە جارێکیتر سوێند دەخۆین، کە هەمیشە بە رێز و خۆبەقەرزدارزانینی ، یادی بەرز رابگرین و بیرکردنەوە و خەونەکانى بهێنینە دی. شێرکۆ بێکەس زۆر گرنگیى بە دروستکردنى یەکێتیى نەتەوەیى دەدا. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە خەون و خولیا و داواکانى شێرکۆ بێکەس و ئەوەى، کە بە درێژایى ژیانى بیری لێکردووەتەوە و کاری بۆ کردووە، واتە داواى یەکێتیى نەتەوەى کورد بەدی دەهێنین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار