حكومەت بودجەی بڕیاردراوی رێگای سلێمانی - كەلار خەرجناكات
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
رێگای كەلار- سلێمانی كە بەڕێگای مەرگ ناسراوە فشارێكی زۆری هاتووچۆی لەسەرەو رێگای سەرەكی ناوچەیەكی بەرفراوانی قەرەباڵغە بۆ شاری سلێمانی و شارەكانی تری هەرێم، ئەم رێگایە زیاتر لە پێنج ساڵە بڕیاری دووسایدكردنی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دەركراوە، بەڵام تائێستا لەسەدا 50ی كارەكانی تەواوكراوەو لەئێستاشدا پرۆژەكە راگیراوە بەهۆی ئەوەی لەلایەن حكومەتەوە پارەی بۆ خەرجناكرێت، بەڕێوبەری ڕێگەوبانی گەرمیانیش دەڵێت: « رێگای كەلار- سلێمانی بەكەڵكی هاتوچۆ نایەت خەڵك لەناچاری هاتوچۆی پێدا دەكات تاوەكو ئێستا دوو پردی رووخاوەو پردەكانی دیكەش ئەگەری رووخانی هەیە».
لەماوەی رابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕی 60 ملیار دینار بۆ تەواوكردنی رێگای كەلار - سلێمانی تەرخانكرا، بەڵام تاوەكو ئێستا كاركردن لەپرۆژەكەدا راگیراوەو ئەندامێكی ئەجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، پێمان وایە ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ تەواوكردنی رێگاكە تەرخانكراوە خەرجناكرێت و تەنها نووسینە لەسەر كاغەز.
رێگای دووسایدكردنی كەلار بۆ دەربەندیخان لەساڵی 2017ەوە بڕیاری دروستكردنی دراوە، لەسەدا 54 كارەكانی تەواو بووەو كۆمپانیای جێبەجێكار دەڵێت گەر پارەم بۆ خەرجبكرێت لەماوەی ساڵ و نیوێكی دیكەدا رێگاكە تەواو دەبێت.
عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان بۆ هاوڵاتی وتی:» پرۆژەكە پێویستی بە 65ملیار دینارە بۆ تەواوكردنی و 41 كیلۆمەتر درێژە كە بەدوو قۆناغ چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، قۆناغی یەكەمی لەگوندی سەید مەحمودەوە دەستپێدەكات بۆ نزیكی شارۆچكەی باوەنور كە تەواوبووەو بەشەكەی دیكە تاقەزای دەربەندیخانەو كۆی پرۆژەكەش 54 لەسەدی تەواوبووە».
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان هۆكاری تەواونەكردنی پرۆژەكەی گەڕاندەوە بۆ» تەرخاننەكردنی پارەی پێویست، لەساڵی رابردوودا بڕیار بو 10 ملیار دیناری بۆ خەرجبكرێت بەڵام تاوەكو ئێستا یەک ملیارو 350 ملیۆن دیناری ساڵی پاری خەرجنەكراوە بۆ پرۆژەكە، جگە لەوەش ئەو 60 ملیارەش كە بڕیاری لێدراوە تاوەكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەك نەگەیشتووەتە دەستی بەڵێندەری پرۆژەكە تاوەكو دەستبكاتەوە بەكارەكانی».
وتیشی: « رێگای كەلار- سلێمانی بەكەڵكی هاتووچۆ نایەت و خەڵك لەناچاری هاتووچۆی پێدا دەكات و تاوەكو ئێستا دوو پردی رووخاوەو پردەكانی دیكەش ئەگەری رووخانی هەیە».
رێگای كەلار-سلێمانی بڕیار بوو لەماوەی 540 رۆژدا تەواو بكرێت بەڵام تائێستا هەزارو 450 رۆژ بەسەریدا رۆیشتوە و تەواو نەبووە.
عوسمان حەمەسەعید، خاوەنی كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: « ساڵی پار یەک ملیار و 350 ملیۆن دینارم لای حكومەتە، لەو 60 ملیارەش كە تەرخانكراوە بۆ تەواوكردنی رێگاكە هیچ بڕە پارەیەك تائێستا بەدەستمان نەگەیشتووە».
راشیگەیاند: « گەر قەرزەكانی پێشووترم بۆ خەرجنەكرێت و رۆژانە 100ملیۆن دینارمان بۆ دابین نەكرێت ئێمە دەستناكەینەوە بەكاركردن، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «هۆكاری خەرجنەكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە بڕیارە تەرخانبكرێت دەیگەڕێننەوە بۆ نەبوونی پارەی پێویست لەنێو بانكەكان و وتیشی: بەهۆی ئەم دەستی دەستی پێكردنەوە ئێمە وەك كۆمپانیای جێبەجێكار تووشی زیانی زۆر بووین».
هاتوچۆی گەرمیان بەشێكی رووداوەكانی سەر رێگای كەلار - سلێمانی دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی رێگاكە، سامان عەلی، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند: «لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەسەر رێگای كەلار- سلێمانی ئەو سنورەی كەدەكەوێتە سنوری گەرمیانەوە 23 رووداو روویداوەو 46 كەس برینداربوونە، بەداخەوە پێنج كەس گیانی لەدەستداوە «.
وتیشی:»بەشێكی زۆری رووداوەكان پەیوەندی بەتیژڕەویەوە هەیەو بەشێكی دیكەشی پەیوەندی بەخراپی رێگاكانەوەیە، بەداخەوە خەڵكانێكی زۆر لەسەر ئەو رێگایە گیانی لەدەستداوە».
هەر سەبارەت بەتەواونەكردنی پرۆژەكە، دانیشتوانی گەرمیان فشاری مەدەنییان كردووە بەڵام دەسەڵات هیچ وەڵامی بۆ فشاری مەدەنیش نەبووەو خەڵكی ناوچەكەش دەڵێن: ئەگەر وەڵاممان نەدرێتەوە هەڵوێستی ترمان دەبێت.
كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كەخۆی دانیشتوی ناوچەی گەرمیانە رایگەیاند: «لەماوەكانی رابردوودا چەندین سەردان و فشارمان كردووە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە، لەئێستادا بڕیار دراوە بودجەی پێویستی بۆ تەرخانبكرێت، بەڵام تائێستا هیج بڕە پارەیەك نەگەیشتۆتە دەستی بەڵێندەر بۆ ئەوەی دەستبكاتەوە بەكارەكانی، ئیمە پێمان وایە ئەو بڕیارە تەنها نووسراوە لەسەر كاغەزو پارەی بۆ خەرجناكرێت».
وتیشی: «گەر پارە بۆ تەواكردنی پرۆژەكە خەرجنەكرێت ئێمە لەداهاتوودا هەڵوێستی دیكەمان دەبێت و رێگای گواستنەوەی تانكەرە نەوتیەكانی سنوری گەرمیان دەگرین».