پێنج لەزیندانیانی بادینان ئەمڕۆش ئازاد نەکران

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەلێدوانێکدا سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەکردنی راپۆرتی توێژەری بەندیخانە و نەگێڕانەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە زیندانیانی بادینان، بڕیاری داواکاری گشتی لەبارەی چارەنوسی  پێنج دەستگیرکراوى شیلادزێ لەبادینان بۆ سبەینێ دواخرا.

بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاندووە: بڕیاربوو ئەمڕۆ داواکاری گشتی بڕیار لەبارەی چارەنوسی ژمارەیەک لە گیراوانی بادینانەوە بدات بە ئازادکردنیان یاخود هێشتنەوەیان، بەڵام داواکاری گشتی بڕیاردانەکەی خستە سبەینێ بەهۆکاری ئامادە نەکردنی راپۆرتی توێژەری بەندیخانە و نەگێڕانەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەستگیراوانی بادینان.

پێشوتریش ئەو پارێزەرە ڕایگەیاندبوو دادگا لە 16ی مانگی حوزەیرانەوە داوای لە داواکاری گشتی کردووە رای خۆی لەبارەی ئازادکردنیانەوە بدات، بەڵام هەر دواخراوە، وتیشی "بڕیاری کۆتایی لەلای دادگایە، بەڵام ماوەی چەند مانگێکە داواکاری گشتی کۆی پرۆسەکەی لە ئێمە راگرتووە، زۆر جار داواکاری گشتی دەڵێت ئازادکردنی بەمەرج نایانگرێتەوە، بەڵام دادگا بڕیارێکی دیکە دەدات و دەڵێت دەیانگرێتەوە، وەکو چۆن لە چەند دەستگیرکراوێکی دیکە هەبوون، پێش جەژن رازی بوون بە ئازادکردنیان، بەڵام دوای جەژن گوتیان شیکردنەوەی دیکەیان لەبەردەستدایە."

رۆژی دووشەممە، 16-05-2022 دادگای 2ی تاوانەكانی هەولێر، پێنج لە گیراوانی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد، کە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022 دەستگیرکرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد.

دەستگیرکراوەکانی شیلادزێ ئەمانەن:

یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001

مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996

کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996

ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989

نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993

جێگای ئاماژەیە نزیکەی ٢٠ رۆژە دەستگیرکراوانی بادینان مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە و بەشێک لەو دەستگیرکراوانە ڕایانگەیاندووە ئەگەر بە یاسا ئازاد نەکرێن ئەوا دەبێت تەرمەکانمان لە زیندان ببەنە دەرەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار