هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌:  ئامانجی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د هێرشکردنه‌ سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستانه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رایگەیاند، ئامانجی تورکیا لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، زەمینەسازییە بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە. 

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەی لە پارێزگای هاتای لە باشووری تورکیا، میدحەت سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رایگەیاند: حکومەتی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ حکومەتی سووریا گفتوگۆی کردووە و ئامانج لەم کارەش زەمینەخۆشکردنە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لە باکوور و رۆژئاوای سووریا، واتا ئەم دەسەڵاتە بۆ بەردەوامیدان بە سیاسەتی شەڕکردن دژی کورد ئامادەی دیدار و گفتوگۆیە لەگەڵ هەموو کەسێک." 
 
میدحەت سانجار لە درێژەی گوتەکانیدا بۆ ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە رایگەیاند: "هەمووان ئاشنای سیاسەتی شەڕەنگێزانەی دەسەڵاتی ئاکپارتین. با پێکەوە شکست بە سیاسەتی شەڕەنگێزانەی ئەم دەسەڵاتە بهێنین. ناچارین هەموو خەبات و چالاکییەک بکەین بۆ رێگەگرتن لە شەڕ و کوشتار. مەبەستمانە ئاشتی و سەقامگیریی بۆ وڵات بگەڕێنینەوە." 
 
هاوسەرۆکی هەدەپە وتی: "ئەم دەسەڵاتە ئاگری شەڕ خۆش دەکات و بە خەرجکردنی سامان و داهاتی وڵات بۆ کڕین و بەرهەمهێنانی چەک، وەبەرهێنان بۆ مردن دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر دەسەڵاتێکی دادپەروەر وڵات بەڕێوەببات، داهات و سامانی وڵات بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانی دابین دەکات. بۆیە سیاسەتی شەڕەنگێزی تەنیا کارەسات و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت." 

لێدوانەکەی هاوسەرۆکی هەدەپە لە کاتێکدایە، حکومەتی تورکیا لە رێگەی دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە هەرێمی عەفرین و سنووری سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان داگیرکردووە و چەند هەفتەیەکیشە تۆپبارانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆسەر هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیادیکردووە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار