ڕێکخراوی هەنگاو: دایە فاتمە دایکی ڕێزان جاوید بانگی ئیتلاعاتی ئورمیە کرا
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕێکخراوێکی تایبەت بەمافەکانی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردۆتەوە دایە فاتمە سوهرابی تەمەن ٧٨ ساڵ دایکی ڕێزان جاوید ئەندامی سەرکردایەتی پژاک کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە هێرشێکی درۆنی سوپای تورکیا شەهیدکرا، بانگی ئیتلاعاتی ئورمیە کراوە و وێڕای لێپرسینەوە هەڕەشەی لێکراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردۆتەوە: هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی دووشەممەوە هەر جۆرە هاتووچۆیەکیان بۆ ماڵی دایە فاتمە سوهرابی قەدەغە کردووە و ڕۆژی یەکشەممەش ناوبراو لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانی بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە کراوە وێڕای لێپرسینەوە هەڕەشەیان لێکراوە. بەپێی هەواڵی ڕێکخراوەکە ئەم دایکە بەساڵاچووە چەندین جاریش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگ کراوە و دوای ئەوەی سەرپێچی کردووە و نەچووە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەبانی لەوبارەوە بە (هەنگاو)ی وتووە: "هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد داوایان لە دایە فاتمە کردووە کە بڵێت پارتی کرێکارانی کوردستان کوڕەکەمی کوشتووە و دژ بە ڕێبەرانی ئەو حیزبە قسە بکات کە دایە فاتمە حازر نەبووە ئەو کارە بکات ". هەروەها ئەوان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ڕەبانی هەتا ناوی ئەو کەسانەی ڕادەستیان بکەن کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەشداریی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تیرۆری ڕێزان جاوید هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ئیزنیان بە بنەماڵەکانی سوهرابی و ڕەبانی نەدابوو کە لە مزگەوت ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بەڕێوەبەرن و لە دوو ڕۆژ پێشەوە هەر جۆرە هاتووچۆیەک بۆ ماڵی دایە فاتمە قەدەغە کراوە.
پێشتریش لەگرتە ڤیدیۆییەکدا کە لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەبەربڵاوی بڵاوبویەوە دایە فاتیمە کوڕەکەی دەلاوێنێتەوە.
ڕێزان جاوید ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ لە ئاکامی هێرشێکی سوپای تورکیا کە بە درۆن ئەنجامدر، لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان شەهید کرا
