چیڕۆكی مەرگەساتی کچە ئێزدییە رزگاربووەکانی ژێردەستی داعش

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کچە رزگاربوویەکی ژێر دەستی داعش کە ھێشتا جلە رەشەکانی دانه‌كه‌ناندووه‌ و بە دەنگێکی نزم ئازارەکانی ژێردەستی داعش ده‌گێڕێته‌وه‌ و ئه‌و كاتێك كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست تیرۆریستانی داعش، ته‌مه‌نی ته‌نها نۆ به‌هار بووه‌ و تا ئه‌و ساته‌ی رزگاری بووه‌، شه‌ش جار له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ كڕین و فرۆشتنی پێكراوه‌.

کچە رزگاربووەکە، عالیە بەرجەس نایف تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شارەدێی گر عوزێری سەربە قەزای شنگال-ە، لەئێستادا لە کەمپی چەم مشکۆی ژیان بەسەر دەبات ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە رۆژی سێی ئابی ساڵی ٢٠١٤ دەکات و دەڵێت: ''ھێشتا ئەوەم لە بیرە کە داعشەکان بە چوار ئۆتۆمبێل، چوار دەوری ئێمەیان گرت، دوایی بە بەر چاوی من و سەرجەم خێزانەکەمانەوە، باوکمیان کوشت، ئیتر لەو رۆژەوە ترس چووەتە گیانمەوە و سەرەتای دەستپێکی رۆژێکی رەشی ژیانم بوو''.

عالیه‌ به‌رجه‌س نایف درێژه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی تاوانه‌كانی یه‌كه‌م رۆژی تیرۆریستانی داعش ده‌دات له‌ ناوچه‌كه‌یان و ده‌ڵێت: ''دوو برای من پزیشك بوون، ئه‌وان به‌ ته‌مه‌ن له‌ من گه‌وره‌تر بوون، هه‌رچه‌نده‌ من ته‌مه‌نم نۆ ساڵ بوو، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئاره‌زووی ئه‌وه‌م هه‌بوو وه‌ك براكانم ببم به‌ پزیشك، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تیرۆریستانی داعش نه‌ك رێگای خوێندنی منیان تێكدا، به‌ڵكو ژیانی منیان تێكدا، له‌ هه‌مان رۆژ، دوو براكه‌م و چوار مامیشم له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ كوژران''.

ئه‌و كه‌ هێشتا ترس و نائومێدی به‌ رووخسارییه‌وه‌ دیاره‌، باس له‌ قۆناغی دوای ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌كات و به‌ ده‌م گریانه‌وه‌ گوتی: ''دوای ئەو کارەساتە، تیرۆریستانی داعش ئێمەیان گواسته‌وه‌ بۆ بنكه‌ی قیران، ناتوانم ژیانی ناو ئه‌و بنكه‌یه‌ وه‌سف بكه‌م، ئه‌و شوێنه‌ به‌ جۆرێك ترسناك بوو كه‌ ته‌رمی سێ پیاو له‌و شوێنه‌ كه‌وتبوون، به‌شێوازێكی زۆر دڕندانه‌ كوژرابوون، مامه‌ڵه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ زۆر خراپ بوو، سه‌ره‌تا دوای نیشاندانی ته‌رمه‌كان به‌ ئێمه‌، ئه‌مجاره‌ به‌ جۆره‌ها چه‌كی ترسناك به‌ به‌ر چاوی ئێمه‌ هاتوچۆیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ترس و تۆقاندن بخه‌نه‌ دڵی ئێمه‌وه‌.

رۆژانه‌ بۆ هه‌ر خێزانێك یه‌ك نان و پارچه‌یه‌ك په‌نیریان ده‌هێنا و ده‌یاندا به‌ دایكه‌كان و پێیان ده‌گوتن ئێوه‌ بیخۆن با منداڵه‌كان نه‌خۆن و زوو بخه‌ون، ئه‌و دۆخه‌ به‌رده‌وام بوو، دوای ماوه‌یه‌ك هاتن ته‌واوی منداڵه‌كانیان له‌ دایكه‌كان جیاكرده‌وه‌ و رەخنەیان لە شێوازی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كان گرت و گوتیان ئێمه‌ په‌روه‌رده‌تان ده‌كه‌ین، له‌و كاته‌دا ئێمه‌ هێنده‌ گریاین، به‌ هیچ جۆرێك ئارام نه‌ده‌بووین، هه‌رچه‌نده‌ یاری و بسكویتیان ده‌دا به‌ ئێمه‌، به‌ڵام منداڵه‌كان هه‌ر هاواری دایكیان ده‌كرد، هه‌ر بۆیه‌ش دوای چه‌ند رۆژێك كڕین و فرۆشتنی ئێمه‌ی منداڵان ده‌ستی پێ كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی من چه‌ندجارێك له‌ هۆش خۆم چووم، بۆیه‌ فرۆشتنی من به‌ خێزانه‌ داعشه‌كان دواكه‌وت''.

له‌باره‌ی یه‌كه‌م مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتن پێیه‌وه‌، عالیه‌ به‌رجه‌س نایف گوتی: ''یەکەمجار کابرایەکی خەڵکی تەلەعفەر کە تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو، ناوی کازم بوو، بە ئەبویاسر ناسرا بوو، دوو ژنی هه‌بوو، ئه‌و منی کڕی و کورێکی ھاوتەمەنی منی هه‌بوو، ھەمووجار دەیگوت ئەگەر گەورە بووی بۆ کوڕەکەم دەتخوازم، من لە ماڵی ئەوان زۆر زەحمەتیم بینی و کەنیزەکی ئەوان بووم، جگە لە دەستدرێژیکردن، به‌جۆرێك ئازاریان ده‌دام و له‌سه‌ر هه‌موو شتێك به‌هانه‌یان پێ ده‌گرتم وه‌ك بڵێی من دوژمنی ئه‌وان بم، هه‌ندێكجار نانیان پێ نه‌ده‌دام، من له‌و دۆخه‌دا بووم تا ره‌وشی ته‌له‌عفه‌ر تێكچوو، ئیتر منیش له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یان ره‌وانه‌ی سووریا كرام و كازم-یش له‌ عێراق مایه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌واڵی كوژرانی كازم گه‌یشته‌ خێزانه‌كه‌یان، ئیتر بۆ دووه‌مجار منیان فرۆشته‌وه‌ به‌ كابرایه‌كی مووسڵاوی''.

گوتیشی: ''ئه‌و كابرایه‌ مووسڵاوییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی من ئارام بكاته‌وه‌، ده‌یگوت هه‌ندێك پاره‌ له‌ خێزانه‌كه‌ت وه‌رده‌گرم و تۆ ئازاد ده‌كه‌م، به‌ڵام هێشتا له‌ سووریا بووین، به‌ڵام ئه‌و دوای چه‌ندین جار ده‌ستدرێژیكردن، ئینجا منی فرۆشته‌وه‌ به‌ كابرایه‌كی دیكه‌ به‌ناوی ئه‌بو سارای ته‌مه‌ن ٥٠ ساڵ، دواتر فرۆشرامه‌وه‌ به‌ كه‌سێكی دیكه‌ به‌ناوی ئه‌بو عه‌بدوڵڵای كوردی كه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا گه‌ڕابووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی و كچه‌كه‌ی، من كه‌ تازه‌ گوێبیستی وشه‌ی فرۆشتن ببووم، به‌ ئه‌بو عه‌بدوڵڵای كوردیم ده‌گوت كه‌ من به‌ خێزانه‌كه‌م بفرۆشێته‌وه‌ له‌ عێراقن، له‌ به‌رامبه‌ردا زۆرجار به‌توندی وه‌ڵامی ده‌دامه‌وه‌ و هه‌ندێكجاریش سووكایه‌تی پێ ده‌كردم''.

عالیه‌ به‌رجه‌س دیمه‌نه‌ تراجیدیا و توندوتیژییه‌كانی له‌و ماڵه‌ باس ده‌كات و ده‌ڵێت: ''رۆژێک لە ماڵەوە بووین، ئەبو عه‌بدوڵڵا گوتی خانووەکە جوان پاک بکەنەوە، چونكه‌ هاوسه‌رگیری ده‌كه‌م، من و ژنه‌كه‌ی خانووه‌كه‌مان پاككرده‌وه‌، ئینجا ژنه‌كه‌ گوتی بڕۆ حه‌مام بكه‌ و وه‌ره‌وه‌ با ئارایشتت بكه‌م، منیش هه‌ستم كرد كه‌ بووكه‌كه‌ منم بۆیه‌ ره‌تمكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ به‌شێوازێكی زۆر توندوتیژ منیان برده‌ حه‌مام و دواتر به‌ لێدان و توندوتیژی منیان برده‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ و ئه‌بو عه‌بدوڵڵا هاته‌سه‌ره‌وه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی كرده‌ سه‌رم، ئه‌و دیمه‌نه‌ قێزه‌وه‌نه‌ هه‌رگیز له‌ مێشكمدا ناسڕدرێته‌وه‌''.

عالیه‌ به‌رجه‌س كه‌ هێشتا ره‌نگی په‌ڕیووی رووخساری نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ده‌م هه‌نسكی گریانه‌وه‌ ده‌ڵێت: ''دوای ئه‌و كاره‌ساته‌، ئیتر داوام كرد من به‌ كه‌سێكی دیكه‌ بفرۆشێت ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ماڵه‌ نه‌مێنمه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو بنمیچێكی ئه‌و خانووه‌م لێ ببووه‌ مۆته‌كه‌ و دۆزه‌خ، بۆیه‌ دوای لێدان و تێهه‌ڵدانێكی زۆر منی فرۆشته‌وه‌ به‌ كابرایه‌ك ناوی ئه‌بو فورقان بوو، ئه‌ویش منی هێنایه‌وه‌ عێراق''.

له‌ درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكه‌ تراجیدیایه‌كه‌یدا، عالیه‌ به‌رجه‌س ده‌ڵێت: ''ئه‌بو فورقان به‌رده‌وام سووكایه‌تی به‌ من ده‌كرد، ئیتر منیش یه‌كێك له‌ رۆژه‌كان نه‌متوانی بێده‌نگ بم و گوتم ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ خوا بترسن ئه‌وا ده‌ستدرێژی ناكه‌نه‌ سه‌ر منداڵێكی وه‌كو من و دواتر به‌ ئه‌م و ئه‌و ده‌مفرۆشنه‌وه‌، دوای ئه‌و قسانه‌ كاردانه‌وه‌ی نیشان دا و زۆری لێدام، دواتر منی فرۆشته‌وه‌ به‌ كه‌سێك به‌ناوی ئه‌بو موسعه‌بی ته‌مه‌ن ١٨ ساڵ خه‌ڵكی سووریا بوو، ژنێك و دوو منداڵی هه‌بوو، ئه‌ویش مامه‌ڵه‌ی توندوتیژی له‌گه‌ڵم ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی زانیم كه‌ دۆخی دارایی ئه‌و باش نییه‌، رۆژێك پێشنیازی ئه‌وه‌م بۆی كرد كه‌ من بفرۆشێته‌وه‌ به‌ خێزانه‌كه‌م، ئه‌ویش رازی بوو، به‌ڵام گوتی نابێت كه‌س ئه‌و بابه‌ته‌ بزانێت، بۆیه‌ ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی مامم له‌بیرم مابوو، ژماره‌كه‌م به‌ ئه‌بو موسعه‌ب دا و له‌گه‌ڵ مامم قسه‌ی كرد و گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن به‌ بڕی ١١ هه‌زار و ٥٠٠ دۆلار منیان به‌ خێزانه‌كه‌م فرۆشته‌وه‌، بۆ په‌یداكردنی بڕه‌ پاره‌كه‌ش كه‌سوكاره‌كه‌م كه‌وتبوونه‌ سواڵكردن تا پاره‌كه‌یان په‌یدا كرد''.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا عالیه‌ به‌رجه‌س گوتی: ''پێش رزگاربوونی من، دایكم رزگاری بووبوو، كچی مامه‌كه‌م كه‌ من وه‌ك خوشكی خۆم ناساندبووم، به‌ بڕی شه‌ش هه‌زار دۆلار به‌ مامم فرۆشرابووه‌وه‌، ئێستاش من وه‌ك دارێكی شكاوم، بێ دایك و باوك، له‌لای داپیره‌م ده‌ژیم، دایكم و سێ برای دیكه‌ چوونه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا، ده‌مه‌وێت یارمه‌تی بدرێم بۆ ئه‌وه‌ی منیش بگه‌مه‌ لای دایكم''.

- "چوار مامم و باوکم هەر لە کاتی دەستگیرکردندا کوژران"

سوعاد بەرەکات نایف'ی ١٩ ساڵ کە ئامۆزای عالیەیە، ئەویش لە تەمەنی ١١ ساڵی کەوتووەتە دەست چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و لەئێستادا لە کەمپی چەم مشکۆی دەژیت بە جۆرێک کە ئەو باس دەکات لە سێ ئابی ٢٠١٤ داعش گوندەکەیان دەگرێتەوە و ئەوان ھەموو ھەوڵی خۆیان دەدەن تاکو ھەڵبێن بۆ چیای شنگال، بەڵام لە رێگەی سەرەکی شنگال بە ھەموو خێزان و کەسوکارەکەیەوە دەستگیر دەکرێن.

سوعاد بەرەکات بە چاوی حەسرەتەوە بیرەوەری ئەو رۆژە رەشە دەگێڕێتەوە کە دەستگیردەکرێت ئەو دەڵێت لە سەرەتا زۆر بەتوندی لەگەڵ ئێمە دەجوڵانەوە ھەر لەسەر رێگاکە کۆمەڵێک خەڵکی خۆمان کوژران لەنێویاندا، باوکم و چوار مامم. ھەر لەوێ لەسەر رێگا، ژن و پیاویان لە یەک جیاکردەوە. کچ و ژنەکانیان رەوانەی بنکەی قیران کرد کە گەیشتین کارەساتی گەورەمان لەو بنکەیە بینی بەجۆرێک چەندین پیاو و ژن و منداڵ لەوێ کوژرابوون، خوێنی ئەوان لەسەر زەوی وشک بووبوو.

سوعاد بە دەم نالینەوە ئەوە دەگێڕێتەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و دەڵێت: "ئێمە ئەو رۆژە تا سەعات سێی ئێوارە لە بنکەکە ماینەوە، دواتر بە بارھەڵگرە گەورەکان بۆ چەند شوێنێک گواستراینەوە ھەندێکیان بۆ تەلەعفەر و ھەندێکیش بۆ بەعاج رەوانە کران. ئێمە سێ رۆژ لە بەعاج ماینەوە لەو شوێنە ھەندێ کەسی دیکەمان لێ جیاکرانەوە و رەوانەی مووسڵ کران، بەڵام من ھەر لە بەعاج مامەوە دواتر داعش ئێمەیان رەوانەی زیندانی بادوش کرد".

سوعاد بە ترسەوە باسی ئەو دیمەنانەی زیندانی بادوش دەکات و دەڵێت: "لە زیندانەکە ئەو ھێندە ئەشکەنجەی خەڵکیان دابوو کە ھەموو دیوارەکان خوێن و بۆنی مردووی لێدەھات ئێمە نۆ رۆژ لەو زیندانە بووین کە ھەر ھەموومان بەترسەوە خەومان لێدەکەوت. لە بیرمە کە رۆژی ھەشتەم دەنگۆی وا بڵاوبووەوە کە منداڵ لە دایکەکانیان جیا دەکرێنەوە، بەڵام رۆژی نۆیەم فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان ئەو شوێنەیان بوردۆمان کرد، ئەو رۆژە بە دار و کێبل لە ئێمەیان دەدا دواتر ئێمەیان رەوانەی تەلەعفەر کرد. ٢٥ رۆژ لە تەلەعفەر ماینەوە لە قوتابخانەیەک بە ناوی زەھرا. ئەو قوتابخانەیە ھەرگیز لە بیر ناکەم ئەوان ھەر جارەو کچێک یان ژنێکیان دەبرد و پێشانی کۆمەڵە کەسێکی دیکەیان دەدان ئەگەر بەدڵیان با دەستدرێژیان دەکردە سەری.

دواتر ئەو شوێنەشیان پێ گۆڕین ئێمەیان بۆ قزڵقیوو گواستەوە کە گوندێکی شیعەنشین بوو نزیکەی ١٠ رۆژ لەنێو چەند خانوویەک ماینەوە. لەو گوندە بە دوای ھەلێک دەگەڕام تا داوای یارمەتی لەو گوندنشینانە بکەم بەڵکو بتوانین ھەڵبێین لە دەست ئەو بێدینانە، بەڵام فریا نەکەوتین ئێمە لەوێش رەوانەی کەسریمەحرا کراین بە جۆرێک لە جۆرەکان ھەستم دەکرد شوێنمان ئاشکرا دەبێت زوو زوو ئێمەیان دەگواستەوە دووبارە ئێمە رەوانەی گوندی کۆجۆ کراین نزیکەی مانگێک لەوێ ماینەوە و دووبارە رەوانەی قزڵقیوو کراین دوای مانگێک کە تا ئەو کات لەگەڵ خێزانەکانمان بووین دووبارە رەوانەی تەلەعفەر کراین ئەو گواستنەوەیە زۆر ناخۆش بوو ئیتر لە دایکەکانمان جیا کراین. ئەو ھەموو کچ و کۆڕی منداڵیان لە ھۆڵێکی گەورە زیندانی کرد و دایکەکانیش رەوانەی ھەندێ شوێنی دیکەکران کە ئیتر نەمانبینین من ھەرگیز ئەو رۆژە لە بیر ناکەم کە لە یەک جیا کراین".

سوعاد دەشڵێت: "ئەو کچ و کوڕانە پاش شەش مانگ پەروەردەی داعش کچەکان رەوانەی ماڵە داعشەکان دەکران یا بە کەنیزەک دەفرۆشران کوڕەکانیش رەوانەی شەڕ دەکران".

سوعاد بەرەکات نایف بە لەرزەوە باسی یەکەم فرۆشتنی خۆی دەکات و دەڵێت: "کابرایەک بە ناوی ئەبو ئەحمەد خەڵکی مووسڵ بوو یەکەم جار منی کڕی تەمەنی نزیکەی ٥٠ ساڵ بوو خێزاندار بوو و منداڵی ھەبوو من ماوەی شەش مانگ لەماڵیان کەنیزەک بووم. زۆرجار گێجەلی پێ دەکردم من مافم نەبوو لە ماڵەوەش دەربچم لەو ماڵە دوو کچی دیکەی ئیزدیش (زەھرا و دونیا) ھەبوون دواتر منی لەگەڵ ئەوان بردە سووریا (رەققە). لە سووریا منی بە کابرایەک بە ناوی ئەبو ھومام فرۆشتەوە کە ئەویش ژن و منداڵی ھەبوو ژنێکی ئەویش ئیزدی بوو و نزیکەی دوو مانگ لای ئەو بووم کە ھەموو شتەکی لەگەڵ کردم من حەزم دەکرد لای ئەو ژنە ئیزدیە بمێنم، بەڵام ئەو نەیھێشت و منی فرۆشتەوە بە کابرایەک بە ناوی بەشیر کە سعوودی بوو ئەویش ژن و منداڵی ھەبوو نزیکەی سێ مانگ لای ئەو مامەوە لە رەققەی سووریا من لە ماڵەکەیان منداڵم بەخێو دەکرد و پاکوخاوێنیم دەکرد و زۆرجار سووکایەتییان بە من دەکرد بەڵام زیاترین ترسم لە دەستدرێژی بوو".

لە درێژەی داستانی تاڵی خۆیدا سوعاد گوتی: "منیان بە کابرایەک بەناوی ئەبو حاجر تەمەن ٤٠ ساڵ فرۆشتەوە کە ئەویش سعوودی بوو من ١٠ رۆژی رەشی دیکەش لای ئەو مامەوە. ئەو زۆر ترسناک بوو بەھێز و قەلەو بوو ئەو بە زۆر دەستدرێژی دەکردە سەرم، پاشان منی بە براکەی فرۆشت براکەشی زەواجی کردبوو ناوی ئەبو حافز بوو ساڵ و نیوەێک لای ئەو مامەوە ئەوان دوو خێزان بوون لە یەک مال من ئیشی ھەر دوو خێزایشم دەکرد کەنیزەک بووم. ھەموو رۆژێ بۆ حاڵی خۆم دەگریام.

ئەبو حافز رۆژێک بە منی گوت خۆت ئامادە بکە دەچینە شوێنک منیش زۆر گریام گوتم نەمفرۆشە ئیتر بەسە. من ھەموو ترسم لە دەستدرێژی کەسێکی دیکە بوو ئیتر وەک ترسێک لەشمی دەلەرزاند ئەو منی بردە شوێنک شوققە بوو گوتی ناوی مامت ئەحمەدە ئەوم گوێ لێ بوو گوتم چوون گوتی لە فیسبووک دۆزیمەوە من ھەر دەترسام. ئەو کات مامم یەک دەفتەری بۆ ئەو ناردبوو تا ئازاد ببم من و کچێکی دیکەی ئیزدی لەنێو پاسێکیان ناین و رەوانەی تەلەعفەر کراین لە رێگە داعشەکان دەستگیریان کردین ئێمە بە چاو بەستراوی رەوانەی زیندانێک کراین یەک مانگ لەو زیندانە ماینەوە کە ئازاد کرام لە زیندانەکە منیان پێشکەیش بە کابرایەک بە ناوی عەبدولرەحمان کرد کە لە شاری مەیادین-ەوە ھاتبوو، ١٠ رۆژ لای ئەو مامەوە. فڕۆکە لەو شوێنانەی دەدا کە ئێمەی لێ بووین من ئەو رۆژە لەوێ ھەڵاتم گەیشتمە خێزانەک کە ئەوانیش خەڵکی شاری مەیادین بوون ناوی خاوەن ماڵەکە عەبدوڵڵا بوو گوتم؛ رزگارم بکەن لە دەست داعش ئەوان رێگەیان پێ دام کە بچمە نێو خێزانەکەیان ئێمە پاش ماوەیەک رۆیشتینە ناوچەی شەدادیە نزیکەی پێنج مانگ لەنێو خێزانەکەیان مامەوە بارودۆخی ئابووریان باش نەبوو ئەو بەڵێنی پێدام کە من بە خێزانەکەم بفرۆشێت ئەو فەقیر بوو رۆژێک لە شەدادیە توانی پەیوەندی بە ئەحمەدی مامم و خاڵم ئەمیر'ەوە بکات من دەنگێکم بۆ ئەوان نارد کە من سوعادم لە سووریام وەرنەوە شوێنم. نازانم بە چ شێوازێک، بەڵام ئێوارەی رۆژی پاشتر مام و خاڵم ھاتنە سووریا و منیان کڕی و گەڕاندمیانەوە. من لە ٢٠١٨ مانگی حوزیران گەڕامەوە هەرێمی کوردستان".

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئانادۆڵو

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار