ساڵح موسلیم : تورکیا و سوریا دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا لەناوببەن
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لهلێدوانێکی ڕۆژنامهنوسیدا هاوسهرۆکی پارتی یهکێتی دیموکرات ڕایدهگهیهنێت تورکیا و سوریا دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا لەناوببەن، ئاماژهشی بهوهکرد شتێک نەماوە بەناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەوەی ھەیە ھەمووی سەر بە سوپای تورکیان.
ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات "پەیەدە" لە میانی بەشداریکردنی بهکهناڵی (کوردسات نیوز) ڕاگەیاندووه: لەسەرەتای سەرھەڵدانی قەیرانی سوریاوە، کورد لەگەڵ دانوستان بووە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام حکومەتی دیمەشق ھاوشێوەی ئەنقەرە دەوێت خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا لەناوببات. ئاشکراشیکرد، شتێک نەماوە بەناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەوەی ھەیە ھەمووی سەر بە سوپای تورکیان.
هەروەها باسی لەوە کرد کە تورکیا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ھێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و تەنھا ئەوە ماوە لە ڕێگەی وشکانییەوە ھێرشەکانی دەستپێبکات.
موسلیم وتیشی، سوپای تورکیا بە تۆپ و درۆن ھێرش دەکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و لەو ھێرشانەشدا ھاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی، هاوکات ڕەخنەی توندیشی لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی گرت کە لە کاتی ھێرشەکانی تورکیا، بێ دەنگی ھەڵدەبژێرن و بیانوی ئەوە دەھێننەوە، تەنھا بۆ شەڕی تیرۆر ھێزیان لە ناوچەکە ھەیە.
هاوسهرۆکی پهیهده ئاماژەی بەوەشکرد، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا، بەمانای پیلانگیڕییەک دێت دژی گەلی کورد و وڵاتانی جیھانیش کورد لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەھێنن.
