پەیەدە روسیا بە هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ هێرشی توركیا تۆمەتباردەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە دەڵێت: رژێمی سوریا قایلە توركیا هێرش بكاتە سەر ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان و بەڕێوەبەری كامپی هۆل-یش لە پارێزگای حەسەكە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: فشارەكانی توركیا توانای چاودێریكردنی كامپی هۆل لاواز دەكات.
سەبارەت بە لێكنزیكبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق و مەرجەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان، پەیەدە دەڵێت: دەسەڵاتی سوریا تونای هێرشكردنەسەر ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری نیە، بەڵام قایلە بەتۆپباران و بۆردومانكردنی ناوچەكە لەلایەن توركیاوە، لەبەرئەوەی دیمەشق رێككەوتنی ئەمنی نهێنی لەگەڵ ئەنقەرەدا كردووە.
ئەحمەد خوجە، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە رایگەیاند: دەوڵەتی توركیا "توشی فۆبیای وشەی گەلی كورد بووە" و رای وایە كە ئەنقەرە ئامادەیە دەستبەرداری هەموو داواكارییەكانی بێت و تەنانەت كودەتا بەسەر هاوپەیمانەكانی خۆیشیدا بكات تەنها لە پێناو لێدان و سڕینەوەی پرۆژەی دیموكراتی كە كورد رێبەرایەتی دەكات لە ناوچەكەدا.
ئەو وتی: سەرەڕای ئەوەی روسیا و ئێران تەئكیدیانكردەوە كە رێگە بە داگیركاری توركیا بۆ سەر خاكی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا نادەن، بەڵام واپێدەچێت روسیا رێگەی بە توركیا داوە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی جەنگی و تۆپخانەكانی هێرشبكاتە سەر ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری، رونیشیكردەوە: زیادبوونی هێرشەكان ئاماژە بە رازیبوونی پوتین (سەرۆكی ڕوسیا) و پێدانی گڵۆپی سەوز بە ئەردۆغان (سەرۆك كۆماری توركیا) دەكات بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە هێرشانە بە ئامانجی فشارخستنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و ناوچەی خۆبەڕێوەبەری.
هێرشەكانی توركیاو مەترسی سەر كامپی هۆل
كامپی هۆل دەكەوێتە سنوری پارێزگای حەسەكە و لە لایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرێت و بوەتە بارگرانییەكی درێژخایەن بەسەر شانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر كە لە ئێستادا نزیكەی 56 هەزار كەس لە كامپەكەدان و زۆربەیان هاوڵاتی سوری و عیراقین، كە هەموویان كەسوكاری چەكدارانی پێشووی داعشن، هێرشەكانی توركیاش بۆسەر ناوچەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان مەترسی بۆ سەر پاراستنی كەمپەكە دروستكردووە.
جیهان حەنان، بەڕێوەبەری كامپی هۆل لە پارێزگای حەسەكە دەڵێت: هێرشەكانی توركیا توانای سەرپەرشتیاری بۆ پاراستنی كەرتەكانی كامپەكە لاواز دەكات، و وتیشی: هەزاران خێزانی داعش لەكەمپی هۆل و لەبەندیخانەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزە سەربازییەكانیدان و ئەمانە چاوەڕوانی دەرفەتی گونجاون بۆ دووبارە دروستكردنەوەی خانەكانی رێكخراوی داعش، و ئەو جەختیكردەوە: كە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە ئاژاوە دروست دەكات، ئەمەش یارمەتی داعش دەدات بۆ ئەوەی جارێكی تر خۆی لە سوریا نوێ بكاتەوە.
هاوكات حكومەتی عێراق مەترسی خۆی لە بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە كەسوكاری چەكدارانی داعش لە كەمپی هۆل نەشاردوەتەوە،و بەها ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە زۆر بۆنەداو لەگەڵا باڵیۆز و نوێنەری دیبلۆماسیەكانی وڵاتانی بیانی لەعێراق تەئكیدیكردوەتەوە كە بوونی ئەو ژمارە زۆرە لەكەمپی هۆل مەترسیەكی جدیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەترسی ئەو كەمپە لەبەرچاو بگرێت.