نەبوونی متمانە ئاڵنگاريی بەردەم سیستمی بانكیە لەهەرێمی كوردستان

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

نەبوونی سیتمێكی بانكی پێشكەوتوو بەكەلێنێكی گەورەی شێوازی حكومڕانی و بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان ناودەبرێت و بەشێكی زۆری ئەو قەیرانانەش لەهەرێمی كوردستاندا هەیە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیستمی بانكی، پسپۆڕانی ئەم بوارەش دروستكردنی سیستمێكی بانكی پێشكەوتوو بەئاستەم نابینن، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا حكومەتی هەرێم هەنگاوی جددی لەم بوارەدا نەناوە، هاووڵاتیانیش متمانەیان بەبانك و سیستمی بانكی لاوزە.

هاوار شێخ رەئوف، بەڕێوبەری گشتی پێشووتری بانكە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «هۆكار زۆرە بۆ نەبوونی سیستەمێكی بانكی پێشكەوتوو و نەبوونی متمانەی هاووڵاتیان بەبانك لەهەرێمی كوردستان، یەكێك لەهۆكارەكان ئەوەیە كۆمەڵگای ئێمە كۆمەڵگایەكی ئیسلامییەو بانكە پێشكەوتووەكانیش بەسیستەمی رەبەوی كاردەكەن و لێرەدا قبوڵكردنێكی گشتی لەسەر ئەو بابەتە بەباشی دروستنابێت و بانكی ئیسلامیش بابەتێكی نوێیەو وردە وردە بەرەو پێشكەوتن دەڕوات».

وتیشی: «دەستوەردانی حزبی هۆكارێكی دیكەی پێشنەكەوتنی سیستەمی بانكیە لەهەرێمی كوردستان و لەئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ دروستكردنی بانكی نیشتیمان و ئەم بانكە مۆڵەتی هاوشێوەی بانكەكانی عێراق بۆ كاروباری بانكی دەبێت و چاوەڕوان دەكەین هەنگاوێكی باش بێت».

سەرەڕای ئەم هەوڵانە هێشتا هاووڵاتیان متمانەیان بەبانكەكان لەئاستێكی نزمدایەو وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانیش دەڵێت: لەكۆمەڵگای كوردیدا هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو نەبووەتە كولتوور كەپارە ببرێتە بانك و خەڵكی هەر لەكۆنەوە فێربووە پارەكانی لەماڵەوە دادەنێت.

جەبار گۆران، شارەزای كارگێڕیی دارایی و وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «نەبوونی متمانەی خەڵك و سەرنەكەوتنی سیستەمی بانكی لەهەرێمی كوردستاندا بەشێكی بەهۆی ئەو قەیرانانەوەیە  كەپێشتر رووبەڕووی عێراق و هەرێمی كوردستان بووەتەوە و هەروەها دارایی هەرێمی كوردستانیش كە سەر بەحكومەتی عێراقیە و كاتێك بمانەوێت بانكێك پەیوەست بكەین بەبانكەكانی دەرەوە پێویستە لەڕێی بانكەكانی عێراقەوە بێت».

وتیشی: هۆكاری كولتووری و ئاینیش كەبەشێك لەبانكەكان بەسیستەمی سووی بانكی كاردەكەن و بەشێكی هاووڵاتیان وەریناگرن و متمانەیان پێی نییە».

بانكی نیشتمان لەهەرێمی كوردستان

مەولود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانكە بازرگانییەكانی هەرێم لەچاوپێكەوتنێكیدا كەفەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: « دروستكردنی بانكی نیشتمان یەكێكە لەهەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت لەپێناو پەرەدان بەسیستەمی پێشكەوتووی بانكی لەهەرێمی كوردستان».

بانكی نیشتیمان سەرمایەكەی ٢٥٠ ملیار دینارەو لەو بڕە ٢٥ ملیاری بەنەقد لەئەژمێرێكی تایبەت لەبانكی ناوەندی عێراقی لەلقی هەرێمی كوردستان دانراوەو ٢٢٥ ملیاریش عەقاراتی بانكە بازرگانییەكانەو ئەو بانكە جێگرەوەی سەرجەم بانكە حكومییەكانی دیكەیە.

هاوكات جەبار گۆران باسی لەوەكرد كە لەكوردستاندا دەتوانرێت كار لەسەر سیستەمێكی بانكی باش بكرێت و سەبارەت بەبانكی نیشتیمانیش رایگەیاند: «بوونی ئەو بانكە گرنگەو سەركەوتوو دەبێت بەمەرجێك حكومەتی هەرێم سەرەتا متمانەی خەڵك بۆ بانكەكان بگەڕێنێتەوە بۆ هەر موچەخۆرێك كارتێكی بانكی بكرێتەوەو موچەكەیان بەكاش وەرنەگرن، هەروەها راستگۆیی حكومەتیش لەم پڕۆژەیەدا گرنگەو ئەو پارانەی لەبانكدا دەمێننەوە جارێكی دیكە بەگەڕبخرێنەوەو وەبەرهێنانیان تێدابكرێت، كە ئەمەش پلان و هەنگاوو ئیرادەی دەوێت و پێویستە كاری لەسەربكرێت و هەروەها روئیای حكومەت بۆ پلانی دامەزراندنی ئەم بانكە روونبێت و هیچ ئامانجێكی دیكەی لەپشتەوە نەبێت».

لەجیهاندا دوو جۆر سیستەمی بانكی هەیە، ترادیشناڵ بانك كە بانكە تەقلیدییەكانن و بەسووی بانكی كاردەكەن و ئەم سیستەمە بەشێوەیەكی گشتی لەهەموو جیهاندا پەیڕەو دەكرێت و پشتی پێدەبەسترێت، هەروەها سیستەمی ئیسلامی كە لەنزیكەی 100 وڵات لقیان هەیە بەتایبەت وڵاتە ئیسلامییەكان و ئەوروپا و ئەمریكاش.

هاوكات، دوو جۆریش سیستەمی هەژماری بانكی هەیە، سیستەمی خەزنكردن و سیستەمی وەبەرهێنان.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم دەڵێت:  حكومەت مەبەستیەتی كە بەزووترین كات دروستكردنی بانكی نیشتمان تەواو بێت بۆ ئەوەی بتوانن سولفەیەك لەبانكی ناوەندی عێراقی وەربگرن بەپێی ئەو رێنماییانەی هەیانە، لەبەرئەوەی كوردستان بتوانێت پێشینەكانی فەرمانبەران و خانووبەرەو كشتوكاڵی و پیشەسازی و قەرزی نیشتەجێكردن بكەنەوە، بەهۆیەوە هاووڵاتیان سوودمەند بن و هەروەها هاوشێوەی بانكە ئەهلییەكان بانكی نیشتمانیش ببەسترێتەوە بەبانكە جیهانییەكانەوە.

ئابووریناسێك: نەبوونی متمانە خەڵك ناچاردەكات پارەكەی لەماڵەوە دابنێت

ئەیووب سماقەیی، مامۆستا لەكۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابوری زانكۆی سەڵاحەدین لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «كۆمەڵێك هۆكار وایانكردووە كە خەڵكی متمانەیان بەدارایی دەوڵەت بەگشتی و لەناویشیاندا بەسیستەمی بانكی لەهەرێمی كوردستاندا نەمێنێت، ئەوانیش:

1-سیاسەتی دارایی بەگشتی سیاسەتێكی ناڕوونە.

2-بودجەی گشتی لەوڵاتدا نییە.

3-سیستەمێكی بانكی روون لەهەرێمدا نییەو نەبەستراوەتەوە بەسیستەمی بانكی عێراقی و جیهانی.

4-هۆشیاری بانكی لای خەڵكی لەئاستێكی نزمدایە.

5-بانكەكان لەهەرێمی كوردستاندا بوونەتە سندووق یان بریتین لەچەند قاسەیەك و پارەیان تێدا حیجز دەكرێت.»

وتیشی: «ئەم هۆكارانە وایانكردووە تەنانەت هاووڵاتیان متمانەیان بەبانكی ئیسلامیش نییە و بانك لەبنەڕەتدا بۆ ئاسانكاری و وەبەرهێنان و پاشەكەوت و كڕین و فرۆشتن دامەزراوە».

هەروەها ئەیووب سماقەیی باسی لەوەشكرد:»بانكەكانی كوردستان ناسنامەیەكی دەوڵەتی یان حكومیان نییە بەڵكو ناسنامەی ناوچەیی و شەخسی و حیزبیان هەیە، كەئەوەش متمانە لای هاوڵاتیان دروست ناكات، بەڵام ئەگەر بانكێكی حكومی بێت و دەوڵەت خاوەندارێتی بكات خەڵك متمانەی پێدەكات. «

هەروەها هاوار شێخ رەئوف بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری بانكە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: « بەهۆێ كێشمەكێشمی سیاسییەوە هاووڵاتیان متمانەیان بەبانكەكان نییەو هەر وڵاتێكیش هەلومەرجێكی سیاسی ئارام و بێكێشەی نەبێت خەڵك متمانە بەبانكەكان ناكات و ناچێت پارەكانی بخاتە بانكەوە و لەماڵەوە لەنزیك خۆیەوە دایدەنێت و هەركات بیەوێت دەستی پێی دەگات».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار