تورکیا ئاوی حەسەکە دەبڕێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاژانسێکی کوردی له‌زاری ڕۆژنامەنووسێکی مەیدانییه‌وه‌ لە سووریا بڵاویکردۆته‌وه‌ تورکیا و گرووپە چەکدارییەکان بە بڕینی ئاوی حەسەکە دەیانەوێت خەڵک لەدژی ئیدارەی خۆسەری بورووژێنن.
له‌وباره‌یه‌وه‌ ئۆرهان که‌مال، یه‌کێک رۆژنامه‌نووسی مه‌یدانی له‌ کوردستانی سووریا ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 31ی ئاب) له‌ گفتوگۆیەکی کورتدا له‌گه‌ڵ کوردپرێس، سه‌باره‌ت به‌ بڕینی ئاوی حه‌سکه‌ له‌ لایه‌ن گرووپه‌ چه‌کداره‌کانی سووریاوه‌ وتی: له‌ هه‌فته‌ی رابردووه‌وه‌، ئاوی خواردنه‌وه‌ی شاری حەسکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سووریاوە کە کۆنترۆڵی وێستگەی عەلوک سەرێکانییان بەدەستەوەیە، بڕابوو.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دوای ٥ ڕۆژ لە بڕینی ئاو لە حەسکە و دەوروبەری، ئاو بە پاڵەپەستۆیەکی نزمەوە گەیشتە ناو شارەکە.
 ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "تورکیا ده‌یه‌وێت هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردندا لەم ڕێگاشەوە گوشار بخاته‌ سه‌ر خه‌ڵک". ئامانجی تورکیا ڕوونە، ئەردۆغان هەوڵ دەدات ناڕەزایی و ناسەقامگیری لە کوردستانی سووریا دروست بکات.
هەر بەپێی هەواڵی کۆردپرێس، نەوارە سەبری، هاوسەرۆکی ئیدارەی ئاوی شاری حەسکە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ئاوی خواردنەوەی وێستگەی عەلوک لە سەرێکانی نەگەیشتووەتە حەسکە.
سەبری زیادی کرد: بۆ ماوەی دوو مانگە، هەر مانگێک تەنیا ١٥ ڕۆژ ئاوی خواردنەوە گەیێندراوەتە گەڕەکەکانی حەسکە.
وێستگەی ئاوی عەلوک تاکە سەرچاوەی ئاوی شارەکانی حەسەکە و تەلتەمەر و گەڕەکەکانی دەوروبەریانە و لە ساڵی ٢٠١٩ەوە کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ەوە تورکیا نزیکەی ٢٧ جار کاری ئەم وێستگەیەی ڕاگرتووە، دواجاریش لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا بەهۆی کێشە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای درباسیە، گەیاندنی ئاو بۆ حەسەکە ڕاگیردرا.
بەپێی زانیارییەکان بۆ وەگەڕ خستنی ئەم وێستگەیە تەنها 3 مێگابایت کارەبا پێویستە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو چەکدارانەی کونترۆڵی وێستگەکەیان بەدەستۆیە 8 مێگابایت کارەبا بۆ مەبەستی دیکە بەکار دێنن و ئەمەش بووەتە هۆی لەناوچوونی تۆڕەکانی کارەبا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار