ئەڵمانیا لەمەودوا كارەبا لەڕێگەى خەڵووزەوە بەرهەم دەهێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای کەمکردنەوەی هەناردەی گازی شل لە ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا، بەرلین بەنیازە دەست بە بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێگای خەڵووزەوە بکات، کۆمپانیا ئەڵمانییەکانیش نایشارنەوە، کە بڕینی گازی ڕووسیا لە وڵاتانى ئەوروپا كاریگەریی گەورە لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمی كارەبا دروست دەكات.
کۆمپانیاى یونیبەرى ئەڵمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: لە ڕۆژى ٢٩ى ئەم مانگەوە بەمەبەستى پڕکردنەوەی ئەو کەمووکورتیەی، کە بەهۆى برینی غازی ڕووسیاوە دروست بووە، وڵاتەکەمان دەست بە بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێگای خەڵووزەوە دەکات.
کۆمپانیا ئەڵمانییەکە ئەوەشی نەشاردووەتەوە، کە بڕینی غازی ڕووسیا لە وڵاتانى ئەوروپا، كاریگەریی گەورە لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمی كارەبا لە ناوچەکەدا دروست دەكات.
ڕۆژى ٢٧ى تەمموز کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕووسى ڕایگەیاند، بڕی هەناردەکردنى گازی سروشتی وڵاتەکەمان بۆ ئەڵمانیا لە ڕێگەى بۆری گازی نۆرد ستریم ١ بۆ ٢٠٪ کەمدەکەینەوە.
ڕۆژى ٢٥ى تەمموزیش کۆمپانیاى گازپرۆم ڕایگەیاند، کە لەمەودوا هەناردەکردنى غاز بۆ وڵاتانى ئەندامى یەکێتى ئەوروپا بەهۆى بوونى کێشەى تەکنیکى لە بۆرى ستریم-ى یەک بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمدەکەینەوە.
ئەمڕۆ کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی بڵاویکردەوە، هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا لە رێگەی بۆری نۆرد ستریمەوە لەنێوان ڕۆژانى ٣١ ى ئەم مانگە تا ٢ ى مانگى داهاتوو بەهۆى کارکردن و نۆژەنکردنەوەى وێستگەی غازی ترێنت ٦٠ ڕادەگرین
ڕووسیا دووەم گەورەترین وڵاتى بەرهەمهێنەری غاز و سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، بەجۆرێک، ڕێژەى ١٧٪ ى بەرهەمی غازی جیهان، ڕێژەى ١٢٪ ى بەرهەمی نەوتی جیهان بەرهەم دێنێت .