بەشێك لەدەستگیركراوانی بادینان بەردەوامن لەمانگرتن
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
بەشێك لەدەستگیرکراوانی بادینان بەردەوامن لەمانگرتن، بڕیاریشبوو دوێنێ دۆسیەی 40 دەستگیركراو لەزیندانی چاكسازی گەورانی هەولێر، كەئازادبوونی مەرجدار دەیانگرێتەوە، یەكلایی ببێتەوە، ئەندامێكی تیمی پارێزەری دەستگیركراوانیش دەڵێت: حوكمدراوانی بادینانیشی تێدایە".
بەشدار حەسەن، یەكێك لەپارێزەرانی گیراوانی بادینان بەهاوڵاتی وت:" دوێنێ دۆسیەی نزیكەی 40 حوكمدراو كە حكومدراوانی بادینانیشی تێدایە درایە دادگا، ئەگەر كارەكانیان تەواوببێت، ئەوا ئەمڕۆ ئازاد دەكرێن".
وتیشی:" بەشێكیان دۆسیەكانیان لەفەرمانگەی بەڵگەكانی تاوانەو هێشتا نەهاتووەتەوە، ئێستا لەوێین و چاوەڕوانین، لەگەڵ بەڕێوەبەری چاكسازیی هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵین و بەڵێنی داوە دۆسیەی هەموویان تەواو بكەن".
ئازادكردنی بەمەرج یەكێكە لەو رێوشوێنانەی لەیاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستاندا كاری پێدەكرێت و بریتییە لەوەی بۆ هەر ساڵێك دەتوانرێت سێ مانگ لەماوەی سزادانی تاوانبار كەمبكرێتەوە، ئەگەر لەزینداندا بەباشی مامەڵەی كردبێت.
دوای حوكمدانی پێنج كەسی شارۆچكەی شیلادزێ لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا بەدوو ساڵ زیندانیكردن، ئەو كەسانە ساڵێك و شەش مانگیان لەزیندانی ئاسایش بەسەربردبوو، دەتوانرێت ئەو شەش مانگەی دیكەیان بەئازادكردنی بەمەرج بۆ هەژماربكرێت و ئازادبكرێن، بەهۆی جێبەجێنەكردنی بڕیارەكەش زیندانیكراوان كە ژمارەیان 53 كەسە مانیان لەخواردن گرت.
دوێنێ هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە كەژمارەیەكیان مانگرتنیان شكاندووە، پارێزەرەكەیان دەڵێت: 40 لەدەستگیركراون مانگرتنیان شكاندووە، كەئەوانیش ماوەی سێ بۆ شەش ساڵە دەستگیركراون.
بەوتەی پارێزەرەكەیان دەستگیركراوەكان 30 كەسیان خەڵكی بادینان و دەوروبەرین و 10 دەستگیركراوەكەی دیكە خەڵكی هەولێرن، بەڵام پێنج كەس لەدەستگیركراوەكان كە شێروان شێروانی و هاوڕێكانیەتی مانگرتنیان نەشكاندووە.
بۆ ئەوەی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان یەكلاببێتەوە، پێویستە چاكسازیی گەورانی هەولێر راپۆرتی لێكۆڵینەوەی حوكمدراوان و پەنجەمۆرەكانیان ئامادەبكات، دوای ئەوەی داواكاری گشتی لەبارەی ئازادكردنی بەمەرجی پێنج لەحوكمدراوانی شیلادزێ بۆچوونی خۆی دەدات، دادوەری دادگەی تاوانەكانی دەشتی هەولێر بڕیار لەبارەی ئازادكردنیان دەدات.
پێشتر مونا یاقوو، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بەهاوڵاتی وت: تەندروستیی ئەو حوكمدراوانەی مانیان لەخواردن گرتووە باشە، بەڵام ئەگەر بەردەوامبن لەمانگرتن، بەدڵنیاییەوە كاریگەریی گەورەی لەسەر تەندروستییان دەبێت.