سلێمانی؛ 65 هەزار پارچە زەوی بەنایاسایی مامەڵەیان پێوەكراوەو دەست بەهەڵمەتی دەستگیركردن كراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

چوونی هێزی كۆماندۆ بۆ  شارەوانی سلێمانی دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زارەو بەكارهێنانی بۆ بەرژەوەندی تایبەت و بەشێوەی نایاسایی بۆ رایگشتی یەكلاییكردەوە، تەنها لەسلێمانی 65 هەزار پارچەزەوی بەنایاسایی مامەڵەیان پێوەكراوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: « زەوی نایاب لەلایەن بەرپرسان و هاوڕێیانی بەرپرسانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، ئێستاش كەباسی ئەو پرسە دەكرێت مەسەلەكە باڵباڵێنە نەك چاكسازی»، پەرلەمانی كوردستانیش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە سەبارەت دەستبەسەرداگرتنی زەوی لەكوردستان پێكدەهێنێت، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: « تۆڕەكە تەنها ماسیە بچووكەكان دەگرێت».

هێزەكانی كۆماندۆ بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی چوونە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی و زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن جیا لەپۆلیسی شارەوانی بەبەردەوامی هێزەكانی ئاسایش شارەوانی سلێمانی دەپارێزن، سەرۆكی شارەوانی-یش دەڵێت: كاری نامۆو ناخۆش روویانداوە كە هەڕەشە لەژیانی هاووڵاتیان و موڵك و ماڵی هاووڵاتیان دەكەن، وتیشی: ژمارەی هێزەكانی پۆلیسی شارەوانی كەمن و من داوای هێزی ئاسایشم كردووە».

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند:»پێنج كەسیان بەتۆمەتی دەڵاڵیكردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی لەسلێمانی دەستگیركردووە».

بەپێی زانیارییەكان جوڵاندنی هێزی كۆماندۆ زیاتر پەیوەندی بەكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە هەیە، چونكە لەساڵانی رابردوودا هەزاران دۆنم زەوی لەلایەن كۆمپانیا حزبیەكانەوە كراون بەپرۆژەی نیشتەجێبوون و پرۆژەی دیكە، لەوانەش باخەكانی بناری گۆیژەو زەوی مەسڵەحەی كۆن لەسلێمانی، بەڵام ئەو كەسانەی دەستگیركراون هیچیان بەرپرسی گەورەی حزبی نین، بەڵام باس لەوەدەكرێت ئەو كەسانەی دەستدرێژییان بۆ سەر زەوی و موڵك و ماڵی دەوڵەت كردووە بەرپرسانی باڵان، بەڵام ئەوانەی دەستگیركراون هیچان بەرپرسیارێتی باڵایان نیەو تەنها دەڵاڵ و بازرگانن.

ئاسایشی سلێمانیش لەو راگەیەنراوەیدا سەبارەت بەدەستگیركردنی تۆمەتباران ئاماژەی بەدەستگیركردنی هیچ بەرپرسێكی باڵا نەكردووە، بەڵام دەڵێت: «بەبڕیاری دادوەر (پێنج) بازرگان و دەڵاڵ كە بەڕێكاری نایاسایی مامەڵەیان بەزەوی و زارو موڵكی گشتییەوە كردووە دەستگیركراون».

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: « دەیان لێپرسراوو فەرمانبەری دامەزراوە كارگێڕییەكان و چەندین كەس كە وەك بریكارو دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییكردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووەو لەلایەن هێزەكانمان بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی كۆماندۆ رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوەو دەستگیركردنیان چووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەچەندڕۆژی داهاتوودا بەردەوام دەبین لەدەستگیركردنی هەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵك پۆستەكانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستووەتەوە».

لەیلا عومەر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی پێشتر رایگەیاند: «كۆمەڵێك خەڵك پەیدابوون و بوونەتە مافیا بۆ كۆشك و زەوی و خانوو دوكانەكانی شارەوانی، كۆمەڵێك خەڵكی دەموچاو دووبارە پارەو سەرانە لەخەڵك وەردەگرن، بەناوی حزب و بەناوی مەسئولەوە قسە دەكەن، داوامان لەئاسایشی سلێمانی كردووە پاڵپشت و پشتیوانمان بێت، وتیشی: «قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پشتیوانمن»، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بەو رێوشوێنانەی گیراوەتەبەر  هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندیكرد بە لەیلا عومەر بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەی نەدایەوە.

هاوكات هاوڵاتی پەیوەندیكرد بەهەریەك لەزەردەشت رەفیق وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و یاسین سەمیع وتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئەمانیش ئامادەنەبوون لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن.

بەوتەی سەرچاوەیەك لەناو شارەوانی سلێمانی، ئەو كەسانەی دەستگیركراون لەلایەن ئاسایشەوە سەرجەمیان لەدەرەوەی شارەوانی سلێمانی بوون، بەڵام مامەڵەیان بەزەوییەكانی شارەوانییەوە كردووە، وەك سەرچاوەكە وتی یەكێك لەو كەسانەی بەناوی (مەلا زاهیر) ناوی دەهێنرێت چەندین ساڵە مامەڵە بەزەوییەكانەوە دەكات و پێشتریش شارەوانی و ئاسایش ئاگاداربوون لەبابەتەكە، لەگەڵ هاتووچۆی سلێمانیش گرێبەستی هەبووە.

هاوكات سەرچاوەیەك لەهاتووچۆی سلێمانی  بەهاوڵاتی رایگەیاند: خاوەنی گرێبەستی بەكرێگرتنی گەراجەكانو عەریزەی ئەلیكترۆنی هاتوچۆی سلێمانی یەكێك لەو كەسانەیە كە لەهەڵمەتە ئەمنییەكەی بافڵ تاڵەبانیدا دەستگیركراوە، مەلا زاهیر چەندین وێنەی لەگەڵ خودی بافڵ تاڵەبانی و شێخ ئەحمەدی نۆكان بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەكێتی هەیە.

(زاهیر تاهیر مەجید) ناسراو بە «مەلا زاهیر» یان «شێخ زاهیر» یەكێك  لەو كەسانەیە كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەهەڵمەتێكی هێزەكانی (كۆماندۆ)دا لەسلێمانی دەستگیركراوە. شێخ زاهیر خاوەنی زەویو گەراجەكانی هاتوچۆی سلێمانییە،  جگە لەمە گرێبەستی (عەریزەی ئەلیكترۆنی) بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی پێدراوە و پێشتریش بەشێك لەعەریزەی ئەلیكترۆنی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی پێدراوە.

بەوتەی سەرچاوەكە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر (12:45) خولەك هێزەكانی كۆماندۆ لەگەراجەكانی هاتوچۆی سلێمانی «شێخ زاهیر» ناسراو بە «مەلا زاهیر»یان دەستگیركردووە.

زاهیر تاهیر چەمچەماڵی یاخود «شێخ زاهیر» ساڵی 2017 لەزیادكردنێكی ئاشكرادا بەكرێگرتنی گەراجی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بۆ دەرچووە، ئەوانەی لەكاتی خۆیدا ئاگاداری ئەو زیادكردنە ئاشكرایە بوونو دەڵێن هەر لەبنەڕەتەوە بەپاڵپشتی ئیدارەی گشتیی یەكێتی زیادكردنەكە بۆ «شێخ زاهیر»و كەسێكی تر قۆرخكراوەو مەرجەكانی گرێبەستەكەشیان وەكو خۆی جێبەجێ نەكردووە.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ دەزگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاریی هەرێمی كوردستان، دەزگای ئاسایش و سەرۆكی ئەركانی فەرماندەیی هێزەكانی 70 و دەزگای دژەتیرۆرو هێزەكانی كۆماندۆ، رایگەیاند: «لەبەرامبەر ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن و دەست بۆ زەوی و زارو موڵكی گشتی دەبەن، سڵ نەكەنەوەو چاوپۆشی لەهیچ كەسێك مەكەن لەهەر پلەو پۆستێكدا بێت.»

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی تەنیا لەسلێمانی 65 هەزار پارچەزەوی بەنایاسایی مامەڵەیان پێوەكراوەو بەهاكەیان ملیۆنان دۆلارەو چەند بەرپرسێك بەنزیكەی بەبەهای زیاتر لەملیارێك دۆلار زەوییان فرۆشتووە، زۆربەشیان بەناوی هێزی ئەمنییەوە وەرگیراون.

كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»زەوی لەسلێمانی و لەگەرمیان و لەناوچەكانی دیكەش، بەچەندین شێواز داگیركراوە، بەشێك بەناوی نیشتەجێبوون و بەشێكی بەناوی كەسوكاری شەهیدو پرۆژەی وەرزشی و چەندین شێوەی دیكە.

وتیشی: « زەوی نایاب لەلایەن بەرپرسان و هاوڕێیانی بەرپرسانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، ئێستاش كەباسی دەكرێت مەسەلە باڵباڵێنە نەك چاكسازی».

ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» لیژنەیەكی پەرلەمانی پێكهێندراوە سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی زەوی لەكوردستان و لەلێكۆڵینەوەداین، لەسەرجەم شارەكان دەستبەسەرداگرتنی زەوی هەیە نەك تەنیا سلێمانی».

وتیشی: «ئەو زەویانەی دەستیان بەسەرداگیراوە زۆربەیان زەوی خزمەتگوزاری و نایابن، بەڵام دەستتێوەردانی حزبی رێگرە لەوەی ئەو كارە بوەستێندرێت، ئەوەی لەسلێمانیش روودەدات زیاتر ململانێی حزبییە ئەگەرنا ئەوانەی دەستبەسەركراون تەنها كەسە بچووكەكانن و تۆڕەكە ماسییە بچووكەكانی گرتووەو گەورەكانی نەگرتووە.»

دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵكی گشتی تەنها پارێزگای سلێمانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو لەشاری هەولێر بەپێی نووسراوێك كەدزەیكردووەو نووسراوێكی نایاساییە زەویەكی گرانبەها كە دەكەوێتە بەرامبەر هۆتێل رۆتاناو لایەكی (٤٠ مەتری) بەرامبەر پارك و لایەكی (١٠٠ مەتری) و لایەكەی تری رێگای موسڵە، ئەگەر ٣٠٪ بكرێتە خزمەتكوزاری ئەوا دەخەمڵێنرێت مەتری (2000) دۆلار بكات، واتە بایی (700 ملیۆن دۆلار)ە بەڵام بەپێی نووسراوەكە بەنایاسایی تاپۆیان كردووەو كراوەتە موڵكی كەسێكی نزیك لەحزب.

هەر لەهەولێر زەوییەك كە رووبەرەكەی زیاتر لە 400 مەترە، بەڵام بەكەمتر لە 100 دۆلار كراوە بەناوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای ستێر گروپ، كەكۆمپانیایەكی حزبییەو زەوییەكە بەهای هەر مەترێكی نزیكەی دوو هەزار دۆلارە.

ساڵانێكی زۆرە لەمیدیاو رایگشتیدا باس بەتاڵانبردنی زەوی و دەستبەسەرداگرتنی موڵكی گشتی لەشاری سلێمانی و پارێزگاكانی تر دەكرێت لەلایەن بەرپرسان و كەسانی دەستڕۆیشتوو، بەڵام حكومەت و دەسەڵات  هیچ هەنگاوێكیان بۆ رێگری لەم پرسە نەگرتەبەر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار