وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان: دادگای فیدراڵی بوونی نییه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان  له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و نوسراوه‌ ده‌كات كه‌ له‌ 23ی ئابی 2022، له‌لایه‌ن كۆمپانیای به‌بازارِكردنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ) ده‌رچووه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ڕێكاری یاسایی دژی كڕیاران و بازرگانیكه‌رانی نه‌وتی به‌رهه‌م هێنراوی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، نامه‌كه‌ی سۆمۆ هیچی تر نییه‌ له‌ دڵۆپێكی دیكه‌ له‌ رژاندنی زانیاری ناڕاست كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ شه‌ڕێكی سیاسی. شه‌ڕێك كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵێكی هه‌ندێك لایه‌نه‌ له‌ به‌غدا بۆ تێكدانی ده‌ستووری فیدراڵی عێراق. هه‌روه‌ها مه‌به‌ست له‌ نامه‌كه‌ تێكدانی به‌رده‌وامی دیالۆگی نیازپاكییه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ. ئه‌و دیالۆگه‌ی كه‌ هه‌وڵده‌دات پلانێك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی داهاتووی سه‌رچاوه‌ و داهاته‌كانی وزه‌ی عێراق به‌گوێره‌ی ده‌ستووری فیدراڵی دابنێت و رێكبكه‌وێت.

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: نامه‌كه‌ی سۆمۆ پشت به‌ بۆچوونێكی سیاسی ده‌به‌ستێت كه‌ له‌لایه‌ن پانێڵێكی پارێزه‌ره‌وه‌ كه‌ خۆیان وه‌ك "دادگای باڵای فیدراڵی عێراق" نیشان ده‌ده‌ن.

به‌ڵام دادگای باڵای فیدراڵی بوونی نییه‌ له‌ عێراق و برِیاری پابه‌ندكه‌ر نییه‌. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی به‌پێی ده‌ستووری فیدراڵی پێكنه‌هاتووه‌ له‌ عێراق. بۆیه‌ ئه‌م پانێڵه‌ له‌ به‌غدا دادگای باڵای فیدراڵی نییه‌ و بۆچوونه‌كانی پانێڵی خۆنمایشكه‌ره‌كان هیچ قورسایییه‌كی یاسایییان له‌ عێراق و شوێنه‌كانی دیكه‌دا نییه‌. بۆچونی پێچه‌وانه‌، وه‌ك چۆن سۆمۆ و ئه‌وانی دیكه‌ له‌ به‌غدا ده‌یكه‌ن، بریتییه‌ له‌ فێڵكردنێك. فێڵێك كه‌ ده‌ستوور تێكده‌دات و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌كات. ئه‌م هێرشه‌ سیاسییه‌ بۆ سه‌ر ده‌ستووری فیدراڵی عێراق، پاڵنه‌رێكیشه‌ بۆ گه‌رِانه‌وه‌ی عێراق بۆ ده‌سه‌ڵاتی بێ سنووری مه‌ركه‌زی كه‌ سه‌رده‌مێكی ترسناكی ڕابردوومان وه‌بیرده‌هێنته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان راشیگه‌یاندوه‌، مادده‌ی ٩٢(٢)ی ده‌ستووری عێراق داوا ده‌كات له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسایه‌ك ده‌ربكات به‌ زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی بۆ دیاریكردنی كاره‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق. تا ئێستا هیچ یاسایه‌كی له‌و جۆره‌ ده‌رنه‌چووه‌. بۆیه‌ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به‌پێی ده‌ستووری عێراقی دانه‌مه‌زراوه‌. ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی له‌م پانێڵه‌ كه‌ رای ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢یان ده‌ركردووه‌، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ستووریان نییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربرِیوه‌ و بێده‌نگ بووه‌. له‌ 15ی شوباتی 2022، رِۆژی برِیاری به‌ناو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، حكومه‌ت به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و بڕیاره‌كه‌ی به‌ ناڕه‌وا و ناده‌ستوور و ناشه‌رعی وه‌سف كرد.

جێی ئاماژه‌یه‌، رۆژی 28ی شوباتی 2022 به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌. به‌یاننامه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پشتیوانی لێكرابوو. له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا بڕیاری به‌ناو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به‌ ناده‌ستووری وه‌سف كراوه‌ و داوای دامه‌زراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی شه‌رعی كراوه‌ به‌ پێی مادده‌ی ٩٢ی ده‌ستوور. له‌ مانگی ئازاردا لێدوانی هاوشێوه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا.

هه‌روه‌ها له‌ 4ی حوزه‌یرانی 2022، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی دیكه‌ی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا خسته‌ڕوو كه‌ دادگای باڵای فیدراڵی له‌ عێراق به‌پێی ده‌ستووری عێراقی دانه‌مه‌زراوه‌، و ئه‌و ده‌زگایه‌ كه‌ بڕیاری 15ی شوباتی 2022ی ده‌ركردووه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ستووری نه‌بووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌. هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌بردنی هه‌موو كێڵگه‌كانی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، و یاسای نه‌وت و غازی كوردستان به‌پێی برِگه‌كانی ده‌ستووری فیدراڵی عێراق دامه‌زراوه‌. ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ و پێكهاتووه‌ له‌ یاساناسه‌ پێشه‌نگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

رۆژی 5ی حوزه‌یرانی 2022، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به‌ دۆسیه‌ی دادگایی كرد دژی وه‌زیری نه‌وتی حكومه‌تی فیدراڵ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م دۆسیه‌دا داوای ڕاگه‌یاندنی گشتگیری ده‌ستوری بوونی یاسای نه‌وت و غازی كوردستان و ناشه‌رعییه‌تی ڕای ئه‌و پانێله‌ ده‌كات كه‌ وا خۆی نیشان ده‌دات كه‌ دادگای باڵای فیدراڵییه‌.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا هۆشداری داوه‌و ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕوو: نه‌ سۆمۆ و نه‌ هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ له‌ به‌غدا هه‌وڵی سه‌لماندنی شه‌رعیه‌تی دادگای باڵای فیدراڵی به‌ناو دادگا نه‌داوه‌. له‌به‌رئه‌مه‌ش دادگای باڵای فیدراڵی دیاره‌ ناشه‌رعییه‌.

هه‌موو كه‌س و لایه‌نێك ئه‌م ناڕه‌حه‌تییه‌ له‌ناو عێراقدا تێده‌گات، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه‌متر هه‌ستی پێبكه‌ن. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی لاوازییه‌ كوشنده‌كانی ناو دامه‌زراوه‌كانی به‌غدا، و لاوازییه‌ كوشنده‌كانی ئارگیومێنته‌كانی به‌غدا، ستراتیژی به‌غدا ئه‌وه‌یه‌ چیرۆكێك دروست بكات بۆ دروستكردنی نادڵنیایی له‌ناو بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان. بۆیه‌ ئه‌م به‌یاننامه‌ و هه‌ڕه‌شانه‌ی به‌غدا ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ تێبگه‌ین و ڕه‌ت بكرێنه‌وه‌، و به‌ ڕوونی و بێ دوو دڵی له‌ ده‌ستووری فیدراڵ و ئومێدی گه‌لی عێراقدا ده‌بینرێت كه‌ عێراق وه‌ك كۆمارێكی فیدراڵی راسته‌قینه‌ بمێنێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی نه‌شاردوه‌ته‌وه‌ كه‌ مافی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌ره‌پێدان و به‌رهه‌مهێنانی سه‌رچاوه‌كانی هایدرۆكاربۆن له‌ سنووری هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ وه‌ك له‌ ده‌ستووری فیدراڵی و یاسای كوردستاندا هاتووه‌. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان و ناردن و فرۆشتن و پاڵاوتنی و به‌كارهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، و پێشبینیش ده‌كرێت به‌رهه‌مهێنان زیاد بكات.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی پابه‌نده‌ به‌ پرۆسه‌ی ناوبژیوانی و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ له‌ باره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له‌ عێراق. ئه‌و ناكۆكییانه‌ وه‌ك هه‌ر جیاوازییه‌كی تری بیروڕا ده‌بێت به‌ پێی ده‌ستووری فیدراڵی و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن. تا ئه‌و كاته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌نگاوه‌ به‌هێزه‌كان بۆ به‌رگریكردن له‌و مافانه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار