جه‌مال کۆچه‌ر: سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە رەزامەندی سەرکۆمار دەتوانێت داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە رەزامەندی سەرکۆمار دەتوانێت داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات، ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌کات ئەو دۆخه‌ی كه‌ ئێستا عێراق پیایدا تێپەر دەبێت، بۆ نەبوونی متمانە لەنێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر دەگەڕێتەوە و باس لە دوو رێگا دەکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران.

جەمال کۆچەر سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان له‌باره‌ی شێوازی چۆنیەتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، به‌ ئاژانسی (ئانادۆڵۆ)ی تورکی ڕاگه‌یاندووه‌: ''دوو رێگا هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە رەزامەندی سەرکۆمار داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات، رێگای دووەم بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ رێژه‌ی یەک لەسەر سێی ئەندامان، واتا ١١٠ ئه‌ندام له‌ كۆی ٣٢٩ ئه‌ندام، نووسراوێك پێشکەش بكه‌ن و داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكه‌ن، پەرلەمانیش بەزۆرینەی رەھا، واتا ٥٠+١ی دەنگی ئەندامەکانی داواکارییەکە پەسەند بکات''. 
جه‌مال کۆچه‌ر وتیشی: ''به‌پێی ئەم رێگا دەستوورییە، دوای پێشکەشکردنی داواکارییه‌كه‌، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی ١٦٥ ئەندام ھەیە لە کۆی ٣٢٩ ئەندام، بەڵام سەدر بە ئاشکرا داوا دەکات دادگای باڵای فیدراڵیی، پەرلەمان ھەڵبوەشێنێته‌وه‌ و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریییش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، گرفته‌كه‌ش ئەوەیە كه‌ چوارچێوەی ھەماھەنگی و ره‌وتی سەدر متمانەیان بەیەکتر نییە، سەدر دەیەوێت بە ھەمان یاسای ھەڵبژاردن و بە ھەمان ستافی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن، پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، چوارچێوەی ھەماھەنگیش دەڵێت نەخێر ئێمە بە ھیچ شێوەیەک بەرەو ھەڵبژاردنێک ناچین، ئەگەر کۆمیسیۆن و یاسای کۆمیسیۆن نەگۆدڕێت، بۆیە جیاوازییەکی زۆر لەنێوانیاندا ھەیە''.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال کۆچەر راشیگەیاند، چوار سیناریۆ ھەن بۆ دۆخی ئێستای عێراق، ئەویش شەڕی شیعە-شیعەیە کە لە ئەنجامی خۆپیشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی سەدر و لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دروست ببێت، سیناریۆی دووەم دیالۆگ و سازش بۆ یەکتر بکەن، سیناریۆی سێیەمیش لایه‌نێك بکشێتەوە و لایه‌نه‌كه‌ی دیکه‌ دەست بە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەت بکات، سیناریۆی چوارەمیش ئەوەیە کە چوارچێوەی ھەماھەنگی دابەش ببێت، چونکە ئاماژەکان بەدیار دەکەون کە چوارچێوەی ھەماھەنگی ھاوپەیمانییەکی کۆنکرێتی نییە، بۆچوونێک ھەیە دەڵێت وەکو نوری مالکی و ھەندێک لەوانەی ناو چوارچێوە کە دەڵێن با کۆبوونەوەیه‌کی پەرلەمان بکرێت و تیایدا سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران ھەڵبژێردرێت و دواتر بڕیاری خۆمان بدەین كه‌ پەرلەمان ھەڵبوه‌شێنینەوە یان بەرەو ھەڵبژاردن بچین، بەڵام بۆچوونی ھادی عامری و حەیدەر عەبادی و ھەندێک لایەنی دیكه‌ی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەوەیە کە دەڵێن نەخێر باش نییە حکوومەتێک دروست بکەین و سەدر بتوانێت ملیۆن لایەنگر کۆبکاتەوە، حکوومەت بەم شێوەیە ناتوانێت بەردەوام بێت و ھەڵدەوەشێتەوە، بۆیە دەبێت لەگەڵ سەدر رێککەوین، بۆیەش درزێک كه‌وتووه‌ته‌ ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئێرانیش نایەوێت شەڕی شیعە-شیعە لە عێراق دروست ببێت و رەنگە بڵێت بەشێک لە چوارچێوەی ھەماھەنگی با بچنە پاڵ ره‌وتی سەدر و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ بێدەنگ بێت و کۆنترۆڵی دۆخی عێراق بكات''.

جەمال کۆچەر به‌ دووری ده‌زانێت كه‌ شەڕی شیعە-شیعە لە عێراق رووبدات به‌هۆی ئەوەی مەرجەعی باڵای شیعەکان لەگەڵ شه‌ڕدا نییە، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێران ئه‌و شه‌ڕه‌ ناخوازێت، چونکە ئەو میلیشیات و گرووپانه‌ی سەر بە ئێرانن، ئه‌وا رووبەڕووی کێشە دەبنه‌وه‌، ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو كه‌ هیچكامێكیان نایانه‌وێت یه‌كه‌م گوللەی شه‌ڕ بته‌قێنن و وتی: ''بەڵام ئەگەر شەڕەکە روویدا، ئه‌وا ھیچ لایەنێک سازش بۆ لایەنه‌كه‌ی دیكه‌ ناکات، چونکە نوری مالیکی و سەدر ھەردووکیان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئەگەر مالیکی حکوومەت پێکبھێنێت، ئه‌وا کۆتایی سەدرە و ئەگەر سەدر حکوومەت پێکبھێنێت، ئه‌وا کۆتایی مالیکی-یە''.

جێگای ئاماژه‌یه‌ زیاتر لە ١٠ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی نوێ پێک نەھاتووە، لەئێستاشدا گرژییه‌كان له‌ هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران و کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکان هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و شه‌قامی عێراقی گرتووه‌ته‌وه.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار