فهرماندهیهکی سهربازی نهپهگه: دەبێت شەڕ سەرتاسەری توركیا بگرێتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لهلێدوانێکدا لهگهڵ میدیاکانی پهکهکه، یەكێك لە فەرماندەكانی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نهپهگه) ڕایگەیاند:“دەوڵەتی تورك دەیەوێت باشووری كوردستان داگیربكات و هەندێك لایەنی كوردیش هاوكاریی ئەو دەوڵەتە دەكەن، ئاماژهشی بهوهکرد دەبێت شەڕ سەرتاسەری توركیا بگرێتەوە، جهختیشیکردهوه گەریلاكانی پەكەكە گیانبازیی گەورە دەكەن.
ئامەد مەڵازگرت، ئەندامی فەرماندەیی بڕیارگەی نەپەگە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ستێرك تیڤی ئاماژەی بەوەكرد کە دەوڵەتی تورك ماوەی شەش ساڵە بەردەوام هێرش دەكاتە سەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا و وتی: ئامانجی دەوڵەتی تورك بە گشتی ئەوەیە بۆ داگیركردنی باشوور و هێڵی میساقی – میلیە شەرعییەت دروست بكات، ئێمە پێشتر چەندین جار باسی ئەم شتانەمان كردبوو و لەو كاتەدا هەندێك هەبوون باوەڕیان نەدەكرد و دەیانوت، دەوڵەتی تورك تەنها لە دژی پەكەكە دەجەنگێت و مەترسی بۆ سەر دەستكەوتەكانی كوردستان نییە، بەو هۆیەوە هەڵوێستێكی كوردستانیان نیشان نەدا.
ئامەد مەڵازگرت هێمای بۆ ئەوەش كرد، “لە شەڕی ئێمە لە دژی دەوڵەتی تورك، هەندێك لە جیاتی ئەوەی هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن، بێدەنگ بوون، بەو بێدەنگ بوونەش ڕانەوەستان، بەڵكو لەگەڵ دەوڵەتی تورك دا بوون بە هاوكار، هاوبەش و شەریك، كاتێك دەوڵەتی تورك ئەم دۆخەی بینی هێرشەكانی بۆ سەر بزووتنەوەكەمان زیاتر كرد”.
ئەو فەرماندەیەی نەپەگە لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا وتی: ٤٠ ساڵە شەڕێكی زۆر گەورە هەیە، ئێمە قوربانیی بۆ ئەوەش دەدەین، ئەگەر پێویست بكات ٤٠ ساڵی تر خۆڕاگریی دەكەین، تاكو كوردستانێكی ئازاد پێكبێت، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ پێكبێت، چ قوربانیدانێك لە ئێمە بخوازرێت ئێمە ئامادەین پێشكەشی بكەین، بەڵام لە كۆتاییدا گەلی كورد لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ سەردەكەوێت.
مەڵازگرت لە بەشێكی دیکەی قسەكانیدا ڕووی لە گەنجانی كورد کرد و وتی: لە هەندێك شوێن دەرفەت بۆ گەنجان نییە، كە بێنە ناو ڕیزەكانەوە، بەڵام دەتوانن لە ناوخۆیاندا بە شاراوەیی خۆیان بە ڕێكخستن بكەن، لە باكوور تا گەورەشارەكانی توركیا چالاكی چەكداریی بكەن و پێویستیان بە فەرمان و ڕێنوێنی كەس نییە، ئەوەی خۆی وەك كوردی وڵاتپارێز ناودێر دەكات، دەتوانێت گورز لە دوژمن بدات، هەر چالاكییەك لە دژی هەر كەسێك كە زیان بە كورد و كوردستان دەگەیەنێت هاوكاریكردنی ئەم تێكۆشانەیە، ئامانجەكە دیارە، دەتوانن لە هەموو شوێنێك زیان بە ئابووریی دەوڵەتی تورك بگەیەنن، بەتایبەتیش هێزەكانی سەر بە ئاكەپە-مەهەپە، پۆلیس و سەربازان.
جەختیشی كردەوە، دەبێت كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی تورك لە كوردستان بە بەڵگەوە تۆمار بكرێن و بە تۆمارکردنی سکاڵا بۆ هەموو جیهان بخرێتەڕوو، وتیشی: دەبێت كورد ئەو كۆمەڵكوژییانەی دەوڵەتی تورك دەیكات بە بەڵگەوە پێشكەش بە دادگا نێودەوڵەتییەکان بكات، ڕەنگە لە ماوەیەكی كەمدا ئەنجام بەدەستنەهێنرێت، بەڵام تا لە ڕۆژەڤدا بمێنێتەوە ئەنجامیش بەدەستدێت.
لەبارەی بەرەکانی جەنگی گەریلاش بەرامبەر سوپای تورک، ئامەد مەڵازگرت وتی: گەریلاكانی پەكەكە گیانبازیی گەورە دەكەن، هاوڕێیانمان لە ئاڤاشین تا ئەشكەوتی برینداران، لە كوڕەژارۆ تا ڕۆژئاوای زاپ، لە شاخی ئامێدی و شاخی هەكاری گیانبازیی گەورە دەكەن و لەو ناوچانەدا گورزی قورس لە دەوڵەتی تورك دەدەن، قوربانیی دەدەن، بەڵام هەنگاوێكیش بۆ دواوە نانێن، لە هەندێك تونێلدا هەڤاڵان بۆ چەند ڕۆژ ناتوانن ئاو بخۆنەوە و خواردن بخۆن، بەڵام ئەو ئیرادەیەی ئەوان بە سەر پێوە دەهێڵێتەوە، هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و پەكەكەیە.
