ڕیکخراوی سی پی تی، ئاماری حەوت ساڵی قوربانیانی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیای له‌هه‌رێم بڵاوکردەوه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی، ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریکی لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری قوربانیەکانی دەستی دەوڵەتی تورکیای له‌هه‌رێم ئاشکراکرد لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠٢١ و ڕایگه‌یاند دەوڵەتی تورکیا نزیکەی ١٢٣ هاوڵاتی لە ١٥ شوینی جیاوازی هەرێمی کوردستان شەهید کردووە.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە کوردستانی عێراق، ڕایگەیاند: لە ماوەی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢١ ئەو کەسانەی لە بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکدا لە نێوان ٩٨ تا ١٢٣ کەس شەهید بوون، ژمارەی بریندارانیش بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە نێوان ١٣٤ بۆ ١٦١ کەس بوون.

لە ڕاپۆرتی ڕیکخراوەکەدا کە بە تیمەکەیان ئامادەی کردووە زانیاری وردی لەبارەی هێرش و بۆردومانەکان بڵاوکردەوە و تیادا وتیشی:  ١٠ جار شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان کراوتە ئامانج، ١٢ جار جوتیاران و ئاژەڵداران کراونەتە ئامانج، ١٢ جاریش گوندنشینان کراونەتە، ١٣ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی مەدەنی،١٤ جار بۆردمان بۆ سەر کوردانی تورکیا لە کەمپی ئاوارەکانی مەخمور.

ڕوونیشیکردەوە لەو ماوەیەدا: ١٦ جۆر چەکی جیاواز لەو شوێنانە بەکار هێندراون کە هاوڵاتیانی مەدەنی تایدا بونەتە بە قوربانی، لە ١٥ ناوچەی جیاواز هێرشەکان ڕویانداوە.

کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەشدا ئەو هاوڵاتیانەی شەهید دەبن لە بۆدومانەکانی دەوڵەتی تورک، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شەهید هەژماریان ناکات، تەنانەت ئامادە نیە بەڵگەنامەی مردنیش بداتەوە بە کەسوکاری شەهیدەکان.

باسی لەوەشکرد: بریندارەکانی ئەو هێرش و بۆردومانانە هیچ چارەسەریەکیان بۆ ئەنجام نادرێت، چەندین جار بەڵێنیان داوە بریندارەکان ببەنە دەرەوەی وڵات بەڵام بەڵێنەکانیان نەبردۆتە سەر. ڕێکخراوەکە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نیودەوڵەتیدا هاوپەیمانێتیەکی پێکهێناوە بۆ دژایەتی کردنی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و لە ئێستادا کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکات.

له‌تازه‌ترین بۆردومانیشدا ئه‌مڕۆ دوای بۆردومانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور له‌لایه‌ن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوه‌ که‌تیایدا هاوڵاتییه‌ک شه‌هید بوو، لە سنوری ناوچەی خانەسۆری شەنگال ئۆتۆمبێلێکیان بۆردومان کرد که‌ به‌گوێره‌ی زانیارییه‌کان قوربانی هه‌یه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار