بەشدار حەسەن: ئەفسەرێکی چاکسازی گەورانی هەولێر ئهشكهنجهی سزادراوانی بادینان دەدات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئهندامێکی تیمی پارێزەری سزادراوانی بادینان ئاشکرایکرد"ئەفسەرێکی چاکسازی گەورانی هەولێر کە ناو پۆستەکەی لای ئێمە ئاشکرایە سزا و ئەشکەنجەی دەستگیرکراوان دەدات"،ئاماژەشی بەوەکرد"زۆر هەوڵیانداوە سزادراوانی بادینان ببینن بەڵام بە بیانوی جۆراوجۆر ڕێگری دەکەن".
ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بەشدار حەسەن ئهندامی تیمی پارێزەری سزادراوانی بادینان رایگەیاند، "لە 15ی (حوزەیران)ی ئەمساڵەوە سزادراوانی شیلادزێ ئازادبونی بەمەرج دەیانگرێتەوە، بەڵام بەهۆی دەستتێوەردانی دەرەکی لە کاروباری دادگاکان و چاکسازییەکان، ئەو بابەتە هەر جارەی بە بیانوییەک دوادەخرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دۆسییەکانی ئەو سزادراوانەیان رەوانەی داواکاری گشتی کردوە، داواکاری گشتیش ئەمڕۆ بڕیاری خۆی لەسەر دۆسییەی هەریەک لە سزادراوان (کۆڤان تارق، ئەمجەد یوسف، نێچیرڤان بەدیع، یوسف شەریف، مەحمەد ناجی) دا و دەڵێت، کە "ئەو سزادراوانە ئازادکردنی بەمەرج نایانگرێتەوە".
ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد، "داواکاری گشتی ناچارکراوە کە پابەندبێت بە بڕیاری ژمارە هەزار و (505)ی دەستەی سزای یەکەمی ساڵی 2018 کە ناوەڕۆکی ئەو بڕیارەش ئەوەیە ئەو کەسانەی کە بە یاسای تیرۆر سزادراون، ئەوا ئازادبونی بە مەرج نایانگرێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدا کە سزادراوانی بادینان بەو یاسایە سزا نەدراون".
بەشدار حەسەن ئهوهشی خستهڕو، داواکاری گشتی پابەندکراوە بە بڕیاری سەرو خۆییەوە و بڕیارەکەی پەیوەندی بە هیچ ماددەیەکی یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستانەوە نییە و هەرکەسێکیش لە ئەلف و بێی یاسا بزانێت، دەزانێت ئەو بڕیارە کە بەسەر سزادراواندا جێبەجێکراوە هیچ پەیوەندییەکی بە دۆسییەی گیراوانی بادینانەوە نییە و پرسەکە بە سیاسی کراوە". وتیشی، "بڕیاری کۆتایی لە دۆسییەکدا بۆ دادوەری دادگەی کەتنی دەشتی هەولێر دەگەڕێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتودا ئەو دادوەرە بڕیاری کۆتایی بدات ئەگەر دوبارە دوانەخرێت".
رونیشیكردهوه، "زۆر هەوڵیانداوە سزادراوانی بادینان ببینن بەڵام بە بیانوی جۆراوجۆر ڕێگری دەکەن کە بیانبینین جارێک دەڵین بریکارنامەتان نییە کە بریکارنامەکانیش دەبەین دەڵێن ئەو بریکارنامەیە کۆپییە، لەکاتێکدا کە بریکارنامە ئەسڵییەکە لەناو دۆسییەی سزادراو دەمێنێتەوە و دادگا نوسخە ئەسڵییەکان نادات بە بریکاری سزادراوەکە".
سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی سزادراوان لە زیندانەکاندا پارێزەر بەشدار حەسەن باسی لەوەکرد، "ئەفسەرێکی چاکسازی گەورانی هەولێر کە ناو پۆستەکەی لای ئێمە ئاشکرایە سزا و ئەشکەنجەی دەستگیرکراوان دەدات، کە (گوهدار زێباری) کە یەکێکە لە سزادراوان شوێنەکەی نادیارە نازانرێت، کە لە چاکسازی هەولێر ماوەتەوە یاخود گوێزراوەتەوە بۆ شوێنێکی تر".
ئهو پارێزهره دهڵێت، "دوان لە سزادراوان دەمی خۆیان دوریوەتهوه بەهۆی ئەوەی داوایان کردوە کە بڕیاری ئازادبونی بە مەرج بیانگرێتەوە، لە ئێستاشدا کە دادگە ڕەتیدەکاتەوە ئازادبونی بەمەرج بیانگرێتەوە، ئەوانیش وەک کاردانەوە و ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو بڕیارە هەستاون بە مانگرتن لە خواردن و دورینی دەمیان".
