لە گەرمیان 9 قوتابخانە مەترسیی رووخانیان لەسەرەو 70 قوتابخانەش پێویستیان بەنۆژەنكردنەوەیە

بەڕێوەبەری پەروەردە: هیچ بڕە پارەیەكمان بەدەست نەگەشتوە بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى/ نیگار عومەر 

لەسنوری ئیدارەی گەرمیان 70 قوتابخانەو خوێندنگا پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیەو هەندێك لە قوتابخانەكانیش مەترسی رووخانیان لەسەرە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیانیش دەڵێت» داوای نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانمان كردووە بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەكمان بەدەست نەگەشتووە». 

لەسنوری گەرمیان نزیكە 270 بینای خوێندنگە هەیەو  403 دەوامی تێدا دەكرێت كەهەندێك لەقوتابخانەكان جگە لەدوو دەوامی، سێ دەوامی تێدا دەكرێت.
تەیب مەلا فەرج، بەڕێوەبەری ئامادەیی بێداری لەسنوری ساڵح ئاغا، بەهاوڵاتی راگەیاند:»نزیكەی 70 گوندی ناحیەی قۆرەتوو لەسەر ئەم قوتابخانەیە ساڵانە نزیكە 200 خوێندكارمان هەیە لەساڵی 1967ەوە دروستكراوە، بیناكە زۆر كۆنەو هەموو پۆلەكانی وێرانبووە مەترسییەكی زۆری لەسەرە كەڕۆژێك داڕوخێت بەسەر خوێندكارەكاندا».
وتیشی:» بینای خوێندنگاكەمان هەمووی درزی بردووە كاتێك كە باران دەبارێت دڵۆپە دەكات و قوتابخانەكە هیچ مەرجێكی خوێندنی تێدا نیە، ئەوە سەرباری گرفتەكانی تری وەك نەبوونی وەك كۆمپیتەرو داتاشۆ، هەموو ئەم داواكاریانەمان چەندین جار گەیاندووەتە پەروەدەی گەرمیان و وەزیری پەروەدەش هیچ وەڵامێكی نەبووە تائێستا».
هاوكات نەشوان ئەحمەد بەڕێوەبەری خوێندگای شەهیدانی زەنگ ئاباتی بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت:» لەساڵی 1958ەوە بینای قوتابخانەكە دروستكراوە، هەموو ژوورەكانی درزی بردووەو گەچ و لەبخی بیناكە لەكاتی باران باریندا  دەكەوێت بەسەر قوتابیەكانداو ئاوی باراناو دێتە ژوورەوە بۆ نێو پۆلەكانی خوێندن لەسەرەوەش دڵۆپەدەكات، وتیشی:» قوتابخانەكە دەرگاو پەنجەرەی نیەو  كارەباشی تێدا نیەو هەموو كاتێك دڵەڕاوكێمانە لەكاتی باران و بومەلەرزە بكەوێتە سەرماندا».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» لەڕۆژی باران باریندا دەوامی تێدا ناكەین،  چەندین خوێندكاریش لەبەر سەلامەتی خۆیان گواستویانەتەوە بۆ قوتابخانەی دوورتر».
سەبارەت بەخراپی بینای خوێندنگاكان، دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بەهاوڵاتی وت،»لەسنوری گەرمیان كەمی گرفتی بینامان هەیەو ئەو بینایانەی كەئێستا هەن بەشی پێویستی خوێندكاری گەرمیان ناكات،   70 قوتابخانەمان  پێویستیان بەنۆژەنكردنەوە هەیەو نۆ قوتابخانەشمان هەیە مەترسی رووخانیان لەسەرە».
وتیشی:» دەرخستەی نۆژەنكردنەوەو دروستكردنی ئەو قوتابخانانەی كە مەترسی رووخانیان لەسەرە ناردوومانە بۆ وەزارەتی پەروەردەو رەزامەندی وەرگیراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانە بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەك بەدەستمان نەگەیشتووە».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» لەهەندێك لەقوتابخانەكاندا سێ دەوامی تێدا دەكرێت و زۆربەشی دوو دەوامی تێدا دەكرێت و زۆربەی بینای قوتابخانەكانیش خراپن و هەموو ئەمانەش كاریگەری لەسەر پرسەی پەروەردو فێركردن دروستكردووە «.
هاوكات لەیلا ئەحمەد، توێژەری كۆمەڵایەتی لەڕێكخراوی وادی ئەڵمانی كە كار بۆ منداڵان و خوێندكاران دەكەن بەهاوڵاتی راگەیاند:» ئێمە ئاگاداری دۆخی خوێندنگاكانین و خوێندنگاكانی سنوری گەرمیان  بەشێكیان مەترسی رووخانیان لەسەرە یان زۆرێك لەخوێندنگەكان بەهۆی زۆری كۆنیەوە پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە».
وتیشی: زۆرجار دەبینین خوێندكارەكان تووشی دڵەڕاوكێ و شپرزەی و قەلەقی دەبن و دەڵێن كاتێك دێین بۆ دەوام جگە لەخەمی خوێندن و تاقیكردنەوە، ئێمە دڵمان لای ئەوەیە كەئایا بەسەلامەتی دەگەڕێینەوە ماڵەوە یان نا، كە بەڕاستی لەڕووی دەرونییەوە خوێندكاری ئەم قوتابخانانە نائارام و نائاسودەن و خوێندن لەشوێنی وادا چۆن دەكرێت، پێویستە پەروەردە خەمێكی لێبخوات».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار