ڕۆیتهرز: کۆمپانیاکانی نەوت داوا لە ئەمریکا دەکەن نێوەندگیریی هەولێر و بەغدا بکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بهپێی ههواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتهرز ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، داوایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە هاوکاریان بێت لە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە سەبارەت بە پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.
رۆژی پێنجشەممە، 1ی ئەیلوول، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، کە چەند نامەیەکی ئەو کۆمپانیایانەیان دەستکەوتووە، تێیدا داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا بەردەوام بێت و ئەنقەرە ناچار نەبێت نەوتی زیاتر لە ئێران و رووسیا وەربگرێت.
هەروەها لە نامەکاندا، ئەو کۆمپانیایانە ئەوەشیان بۆ ئەمریکییەکان خستووەتەڕوو ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی لەدەستبدات ئەوا ترسی داڕمانی ئابوورییەکەی هەیە.
هەروەها رۆیتەرز ئاشکرای کردووە ئەو کۆمپانیایانە پشتگیریی نامەکەی مانگی رابردووی ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکیشیان کردووە، کە نامەیەکیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناردووە سەبارەت بەوەی پێویستە واشنتن رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە نامەی ئەندامانی کۆنگرێسدا بۆ بلینکن، داوایان لێکردووە هەوڵبدات هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و هەروەها گوشار بکەن کە عێراق لەژێر هەژموونی ئێران دەرچێت.
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، یەکێک لەو کۆمپانیایانە بەناوی (HKN Energy) کە ئەمریکییە و بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکە لە شاری داڵاسە، نامەیەکیان بۆ باڵیۆزەکانی ئەمریکا لە عێراق و تورکیا ناردووە، تاوەکو واشنتن هەوڵبدات پرسی کێشەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات، بەتایبەتی لەسەر پرسی بۆریی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، کە لە ساڵی 2014وە بەغدا ئەو پرسەی بردووەتە دادگەیەکی نێودەوڵەتی.
بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی تەممووزی رابردوو، دوا دانیشتنی ئەو کەیسە لە یەکێک لە دادگەکانی پاریس بەڕێوەچووە و بڕیارە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە چەند مانگی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو پرسە بدات.
لە 16ی ئابی رابردوو، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی ئەو کێشانەوە رایگەیاند، ئەو کێشانە لەنێوان هەولێر و بەغدایە، بەڵام واشنتن هانی گفتوگۆی هەردوولا دەدات.
مانگی تەممووزی رابردووش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆمپانیای یاسایی ئەمریکی (ڤێنسن ئاند ئێلکنس) کە نوێنەرایەتیی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەکات، بانگهێشت کرد بەمەبەستی روونکردنەوە لەسەر کێشەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و ئاژانسی رۆیتەرزیش ئاشکرای کردووە چاوەڕێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا چەند دانیشتنێکی دیکە لەنێوان بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و ئەو کۆمپانیایەدا لە بەغدا و واشنتن بەڕێوەبچن.
لە مانگی شوباتی رابردووەوە، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی نەوت جارێکی دیکە خراپبووەوە دوای ئەوەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری دا یاسای نەوت و گازی کوردستان، "نادەستوورییە". لە دوای ئەو بڕیارەش، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو کۆنتڕۆڵی داهاتی نەوتی کوردستان بکات.
ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێت و شارەزایانی ئابووریش هۆشداریانداوە لە ئەگەری نەهاتنی وەبەرهێنەری زیاتر، رەنگە هەرێمی کوردستان نەتوانێت ئەو ئاستە لە ئایندەدا تێپەڕێنێت و رۆیتەرز ئاشکرایکردووە کە ئەگەر دۆخەکە هێورنەبووەوە، رەنگە کۆمپانیاکان لە کوردستان بکشێنەوە.