دانەمەزراندنی مامۆستا گرفتی بۆ پەروەردەی دەرەوەی شارەكان دروستكردووە

لەهەرێم 126 هەزار مامۆستا لەكەرتی پەروەردەدا هەیەو 20 هەزاری وانەبێژە

3 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

زیاتر لە 10 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراندنی لەزۆربەی كەرتەكان راگرتووەو ئەمەش گرفتی بۆ بەشێكی زۆری سێكتەرو فەرمانگەكانی حكومەت دروستكردووە، بەتایبەتی لەكەرتی پەروەردەدا دانەمەزراندنی مامۆستا گرفت و بۆشایی لەناو خوێندنگاو قوتابخانەكاندا لێكەوتووەتەوە، بەپێی ئامارێك 126 هەزار مامۆستا لەكەرتی پەروەردەدا هەیەو لەم ژمارەیەش زیاتر لە 20 هەزاریان مامۆستای وانەبێژن.
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پەروەردە لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی حەوت هەزار قوتابخانەو ملیۆنێك و 815 هەزار خوێندكارو قوتابی هەیە.
بەهۆی دانەمەزراندنەوە بەشێكی زۆری مامۆستایانی پەروەردە لەهەرێمی كوردستاندا مامۆستایانی وانەبێژەو حكومەتیش لەكاتی خۆیدا شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج ناكات و تائێستا مامۆستایانی وانەبێژ شایستە داراییەكانی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە.
جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت: كێشەی كەمی و نەبوونی مامۆستای میلاك لەهەموو ناوچەكانی كوردستاندا هەیە بەتایبەت پەروەردەی دەرەوەی شارەكان.
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی راگەیاند:»ساڵانە ئێمە داوا دەكەین كەهیچ نەبێت ساڵانە بەرامبەر ژمارەی مامۆستایانی خانەنشین مامۆستا دابمەزرێت»، وتیشی: «لەئێستادا پەروەردەكانی دەرەوەی شارەكان زۆربەیان وانەبێژن و خزمەتێكی زۆری كەرتی پەروەردە دەكەن».
عەتا ئەحمەد باسی لەوەشكرد:» كێشەی نەبوونی مامۆستای میلاك لەهەموو ناوچەكانی كوردستاندا هەیە بەتایبەت پەروەردەی دەرەوەی شارەكان، چونكە ئەو میلاكانەی خزمەتیان تەواوبووە هاتوونەتەوە ناوشارو جێگایان چۆڵ بووە كە پێشتر مامۆستایان لەجێگا دادەمەزراو بەڵام لەئێستادا دامەزراندن نییە».
روونیشیكردەوە: « ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژی نیگەران كردووە ئەوەیە لەهەر كاتێكدا ئەگەری دوورخستنەوەیان هەیەو هەر مامۆستایەكی میلاك بخرێتە شوێنیان مامۆستای وانەبێژ دووردەخرێتەوەو قوتابخانە هەیە تەنانەت بەڕێوەبەرەكەشی وانەبێژە».
«مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بەوەزارەتی خوێندنی باڵاشەوە نزیكەی 135 هەزار مامۆستایە، لەم ژمارەیە زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیەو دامەزراندنیشیان هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە چونكە لەئێستادا 20٪ی وەزارەتی پەروەردە وانەبێژ دەیبات بەڕێوەو زۆربەی پەروەردەكانی دەرەوەی شارەكان 50% بۆ 60% وانەبێژەو مامۆستایانی وانەبێژ بەپارەیەكی كەم خزمەتێكی زۆر دەكەن و مافیان خوراوەو ئەگەر ئەوانیش نەبن كەرتی پەروەردە دەڕووخێت بەتایبەت پەروەردەكانی دەرەوەی شار»، عەتا ئەحمەد وای وت.
جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» وەزارەتی پەروەردە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات كەپێویستی بەچەند مامۆستا هەیە بۆ دامەرزاندن، بەڵام دەسەڵاتی نییەو دامەزراندنی مامۆستا بەهەمیشەیی یان گرێبەست تەنها لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرندایە.
مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندن دەكەن
هێرۆ عەبدولواحید، تەمەن 33 ساڵ مامۆستای وانەبێژە لەقوتابخانەی سنكێ لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارباژێڕو خۆیشی نیشتەجێی شاری سلێمانییە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:»ماوەی 10 ساڵە مامۆستای وانەبێژەو رۆژانە لەسلێمانییەوە بۆ گوندی سنكێ هاتوچۆ دەكات و نزیكەی 50 خولەكیان پێدەچێت تا دەگەنە گوندەكە‌و كرێی هاتوچۆشیان مانگانە پێش گرانبوونی نرخی بەنزین 125 هەزار دینار بوو، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین كرێی هاتوچۆی ئێمەش بۆ 142 هەزار دینار بەرزبووەوە».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:»لەو قوتابخانەیەی ئەو لەكۆی 13 مامۆستا بەبەڕێوبەرەكەشەوە تەنها سێ مامۆستا میلاكن و ئەوانی دیكەی سەرجەمیان وانەبێژن»، وتیشی: «داواكاریمان لەلایەنی پەیوەندیدار ئەوەیە كەدابمەزرێین بەشێوەی هەمیشەیی نەك گرێبەست».
 ئەحمەد فازیل، تەمەن 28 ساڵ مامۆستای وانەبێژە لەقوتابخانەی گۆپتەپەی سەر بەبەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی كۆیەو خۆیشی نیشتەجێی شاری كۆیەیە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی راگەیاند: «ماوەی چوار ساڵە مامۆستای وانەبێژم، سەرەتا لەناحیەی سەكتان مامۆستا بووم كە رۆژانە بە 40  خولەك بەڕێگاوە بووین و ئەمساڵ قوتابخانەكەم گواستووەتەوە گوندێكی سەر بەناحیەی دێگەڵە كە رۆژانە نزیكەی 20 خولەكمان پێدەچێت تادەگەین و مانگانەش بڕی 70هەزار دینار دەدەین بەكرێی هاتوچۆ».
 وتیشی: «مامۆستای وانەبێژ لەپەروەردەی كۆیە ژمارەیان زۆرەو گوندەكانی دەوروبەری كۆیە بەگشتی 95%یان مامۆستای وانەبێژن و سنووری پەروەردەی كۆیە نزیكەی 700 مامۆستای وانەبێژی تێدایە،  ئێمە داوا دەكەین بكرێین بەهەمیشەیی، ئەگەر حكومەت پێی وایە ناتوانێت بەهەمیشەیی دامانبمەزرێنێت، بەگرێبەست دامەزراندانمان بۆ بكات، بۆ ئەوەی موچەكانمان باشتر بێت و ئێمەش بتوانین زیاتر گرنگی بەپیشەكەمان و پرۆسەی پەروەردە بدەین، خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس ببێتە 550 هەزار دینارو مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی دبلۆمیش 500 هەزار دینار وەربگرن».
مامۆستایانی وانەبێژ سەرەڕای پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی كەرتی پەروەردە لەبەرامبەر شایستە داراییەكی كەمدا كاردەكەن، سەرباری ئەوەش حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا شایستەی داراییان پێنادات، دەرماڵەی هاتوچۆو خێزانداری و بڕوانامەشیان بۆ خەرجناكرێت.
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی مامۆستایان دەڵێت:» ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كەمامۆستا دابمەزرێت بەشێوەی هەمیشەیی نەك بەشێوەی وانەبێژی وانە بڵێتەوە».
عیسا حسێن، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی راگەیاند: «زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای وانەبێژ لەكوردستاندا هەیەو پاش دابەشكردنی فۆرمی وانەبێژیش ژمارەكە زۆرتر دەبێت و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە مامۆستایان دابمەزرێن بەشێوەی هەمیشەیی نەك گرێبەست، وەزارەتی پەروەردەش ئەم داواكارییەیان هەبووەو تائێستاش حكومەتی هەرێم وەڵامی‌ ئەم داواكارییەی نەداوینەتەوە».
وتیشی:« ساڵانە لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی دوو هەزار مامۆستا خانەنشین دەبن، داوامانكردووە لەجێی هەر مامۆستایەكی خانەنشین مامۆستایەك دابمەزرێنن كەخۆی لەجێی هەر مامۆستایەكی خانەنشین دەتوانرێت دوو مامۆستا دابمەزرێن، ئێمە داوای دامەزراندنی مامۆستایەكیشمان كردووە بەڵام ئەوەش نەكراوە.»
عیسا حسێن باسی لەوەشكرد:» مامۆستایانی وانەبێژ، رۆڵ و كاریگەری گەورەیان هەیە و بەنەبوونیان پرۆسەی پەروەردە پەكیدەكەوێت، سەرباری كەمی كرێكەیان بەتایبەت ئەوانەی لەگوندە دوورە دەستەكاندا دەوام دەكەن، كێشەی نەبوونی مامۆستاش زیاتر لەپەروەردەكانی دەرەوەی شارەكاندا هەیەو لەئێستاشدا هەرێمی كوردستان پێویستی بەهەموو مامۆستایانی وانەبێژانەو بگرە پێویستی بەزیاتریش هەیە».
روونیشیكردەوە:»یەكێكی دیكە لەو كێشانەی كە رووبەڕووی كەرتی پەروەردە دەبێتەوە مۆڵەتی ئەو مامۆستایانەیە كەمۆڵەتی دایكایەتی وەردەگرن و ساڵێك لەپڕۆسەی خوێندن دادەبڕێن و بۆ ئەوەش دەبێت مامۆستایەكی دیكە شوێنەكەیان پڕبكاتەوە لەكاتێكدا دامەزراندن نییە دووبارە شوێنیان بەمامۆستایانی وانەبێژ پڕدەكرێتەوە».
مامۆستایانی وانەبێژ پێشتر بەپێی وانە پارەیان وەردەگرت و بۆ هەر وانەیەك چوار هەزار دینار دەدرایە مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە پارەكەیان مانگانە بەشێوەی مووچە پێدەدرێت و مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس مانگانە بڕی 400 هەزار دینارو مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی دبلۆمیش بڕی 350 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەم بڕە پارەیە لەكاتی پشووی هاویندا كەمدەكرێتەوەو مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس بڕی 200 هەزار دینارو مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی دبلۆمیش بڕی 150هەزار دینار وەردەگرن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كەساڵانی مامۆستایەتیان بەشێوەی وانەبێژی وەكو خزمەت بۆ ئەژمار ناكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار