لە ٦ مانگى یەکەمى ئەمساڵ دەست بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک تۆن کەرەستەى ماوە بەسەرچوو گیراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە پێی بڵاوکراوەیەکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حوکمەتی هەرێمی کوردستان پشکنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە ٦ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢، لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و ئیدارەى گەرمیان ٣٨هەزار و ١٠٩ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کردووە و ١هەزار و ٦٥٠ حاڵەتى سەرپێچییان تۆمار کردووە و دەستیان بەسەر ١ ملیۆن و ٨٤ هەزار و ٧٦٤ تۆن کەرەستەى ماوەبەسەرچوودا گرتووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندوە: لیژنەکانی چاودێری ڕۆژانە بە پێی پلانەکانیان سەردانی ناوچە ڕێگەپێدراوەکان دەکەن و لە ڕووى کواڵیتی و بەسەرچوون و کەرستەی بەرهەمهێنانى کاڵاکانەوە چاودێریی بازاڕ و مارکێت و دووکانەکان دەکەن، و ئەگەر مادە و کەرەستەیەکى ماوە بەسەرچوو بدۆزرێنەوە، ڕاستەوخۆ دەستى بەسەردا دەگرن و پسوولەى ماوەبەسەرچوون دەدرێتە خاوەنەکانیان و کەلوپەلەکەشیان دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیى چاودێریى بازرگانى تا دواتر لە ڕێگەى لیژنەى تایبەتەوە کە لە نوێنەرى قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیى چاودێرى و ئاسایش پێک دێت، لە شوێنى تایبەت و دیاریکراو بسووتێنرێت یا بکرێتە ژێر خۆڵەوە.
لە بڵاوکراوەکەشدا ئاماری سەردانی مەیدانی پشکێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لەسەر ئاستی پارێزگاکان ئاماژەی پێدراوە کە بەم شێوەیەیە:
پارێزگاری هەولێر:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩ هەزار و ٧٢٣ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە، ٥٠٧ حاڵەتی سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ١٦٦ هەزار و ٢٢٩ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ـپارێزگاری سلێمانی:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ١١هەزار و ٥٢٠ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و٨٥٠ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٠٤هەزار و ٩٥ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
پارێزگاری دهۆك
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩هەزار و ٦١٥ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٥٢ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٨ هەزار و ٨ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ئیدارەی سەربەخۆى گەرمیان:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٧ هەزار و ٢٥١ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٤١ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٢٦ هەزار و ٤٣٢ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.