باکوری کوردستان: چوار ئێسکەپەیکەر دۆزرانەوە کە مێژووەکەیان بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی ئادیامان له‌ باکوری کوردستان ئاشکرایکرد له‌ شاری مێژوویی پێڕا کە یەکێکە لە پێنج شاری گەورەی شانشینی کۆماجینی و لە ساڵی ٢٠٠١ەوە کاره‌کانی کنه‌وپشکنین تیایدا دەستی پێ کردووە، ئێسکەپەیکەری چوار گەنج لەناو گۆڕێکدا دۆزرایەوە کە مێژووەکەیان بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

بەڕێوبەری مۆزەخانەی ئادیامان، مەهمەت ئاڵکان لە لێدوانێکیدا به‌ ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکیای ڕاگه‌یاند، کارەکانی کنەوپشکنین کە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە شاری مێژوویی پێڕا دەستی پێ کردووە، بەردەوامە.

مەهمەت ئاڵکان ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارەمین رۆژی قۆناغی دووەمی کارەکانی کنەوپشکنینی ئەمساڵدا گۆڕێکی جۆری سندوقی دۆزرایەوە و گوتی: "گۆڕەکە کە لە شێوەی سندوقێکدابوو بە قەپاغێک داپۆشرابوو، کاتێک قەپاغی سندوقەکەمان لابرد، ئێسکەپەیکەری چوار مرۆڤمان دۆزییەوە. پێمان وایە مێژووی ئەم ئێسکەپەیکەرانە دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر".

بەڕێوبەری مۆزەخانەی ئادیامان، مەهمەت ئاڵکان روونیشی کردەوە کە کارەکانی کنەوپشکنین بە پاڵپشتی ئیدارەی تایبەتی پارێزگاکە و دەزگای مێژووی تورکیا بەردەوامە و گوتی: "لێرەدا لەگەڵ تیمیکدا کە پێکهاتوون لە ٣٠ کەس بەردەوامین لە کارەکانمان. لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا، کاری زۆر گرنگ ئەنجام دەدەین".

ناوبراو رایگه‌یاند که‌ ژماره‌ی سه‌ردانیکه‌ران لە سایەی کاره‌کانیانه‌وه‌ زیادی کردووه‌ و گوتی: "ژماره‌ی سه‌ردانیکه‌رانمان ئه‌مساڵ زۆر زیادی کردووە، سه‌ردانیکەرمان هه‌یه‌ که‌ دێن بۆ ئێرە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کارەکان ببینن. له‌ کاتێکدا له‌ ساڵانی رابردوودا، ١٠ هه‌زار سه‌ردانیکەرمان هه‌بووه. دەبینرێت کە ئەمساڵ ژمارەی سەدانیکەرانمان بۆ ٢٣ هەزار زیادی کردووە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار