هەڵوێستی ترەمپ چی بوو کاتێک تورکیا هێرشی کردە سەر هەسەدە؟

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ترەمپ: ئەمەریکا هیچکات ناتوانێت تورکیا و هەسەدە رازیبکات سازش بۆ یەکدی بکەن، بۆیە پێویستە هەندێکجار رێگەبدەیت کەمێک شەڕی یەکدی بکەن.

جارید کوشنەر، راوێژکاری باڵای پێشووی دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین پەرتووکیدا بەناوی ''شکاندنی مێژوو، بیروەرییەکی کۆشکی سپی'' کە لە کۆتاییەکانی ئابی 2022 بڵاوکراوەتەوە باس لە بیروبۆچونی ترەمپ لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەسەدە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکات ونوسیوییەتی : ''مەحاڵە لە کۆشکی سپیدا لە یەککاتدا مامەڵە لەگەڵ کێشەیەکدا بکرێت. لەکاتێکدا تیمەکانی ئێمە خەریکبوون بەیەکەوە کۆدەبوونەوە تاوەکو کار لەسەر گەورەترین ئاستەنگیی نێوخۆیی بەردەم سەرۆکایەتیی ترەمپدا بکەن. پێکدادانێک لە دەرەوەی ئەمریکا روویدا"، لێرەدا کۆشنەر مەبەستی لە هێرشی تورکیایە بۆسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە.

هەروەها باس لەوەش دەکات کە لەسەر فەرمانی ترەمپ ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچە سنورییانە کەمکراونەتەوە، بەڵام ترەمپ لەگەڵ کەمکردنەوەی هێزەکانی لەو ناوچانە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیای ئاگادار کردۆتەوە  کە ''بەتەواوەتی ئابووریی تورکیا تێکدەشکێنێت و دەیسڕێتەوە'' ئەگەر هێرش بکەن و سنوور ببەزێنن بە هۆی ئەوەی کە شەڕڤانە کوردەکان هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکابوون لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام ئەردۆغان هەڕەشەکانی ترەمپی فەرامۆشکردووە.

ئەو ڕاوێژکارە ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە دوای ئەوەی تورکیا هێرشەکانی دەستپێکردووە "ترەمپ داوای لە پێنس جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا کرد لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان لەبارەی ئاگربەست گفتوگۆبکات." دەشڵێت، "من چەند جارێک ئەردۆغانم بینیبوو، بەر لەوەی مایک پێنسیش بچێتە تورکیا و لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کۆببێتەوە، لە کۆشکی سپی هاتە ئۆفیسەکەی من و داوای لێکردم راوێژی پێبدەم لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆ‌غان". پێیمگوت ''تۆ پێویستت بە راوێژی من نییە، بەڵام ئەوەت پێدەڵێم، بەپێی ئەزموونی خۆم، کاتێک لەگەڵی دانیشتی ،ئەردۆغان هەموو گلەیی و گازندەکانی باس دەکات، ئەمە تاوەکو ماوەیەک بەردەوامدەبێت. تێگەیشتنی منیش ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییەکەی لەگەڵ ترەمپ دەنرخێنێت، بۆیەش سەرکەوتنی تۆ بەندە بەوەی تاوەکو چ ئاستێک دەتوانیت ئەوە بگەیێنیت کە ترەمپ تەواو جیدییە لەسەر ئەم ئاگربەستە. ئەردۆغان کەسێکی کەللـەرەقە و دڵنیانیم کە چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەکەیت، بەڵام من لێرەوە هیوای باشترینت بۆ دەخوازم.''

جارید کوشنەردەشڵێت کاتێک پێنس لە تورکیا بووە، ترەمپ سەفەری کردووە بۆ داڵاس،و هێشتا لەنێو فڕۆکەدابووە کە پێنس تەلەفۆنی بۆ کردوەو و گوتوێتی ''گەیشتنیە رێککەوتن'' جێگری سەرۆک گوتی ''رژدبووم لەوەی کە بە ئەردۆغان بڵێم، تۆ [دۆناڵد ترەمپ]ت خۆشدەوێت؟ هەروەها تۆ هاوڕێی ئەوبوویت بەر لە ئێستا، ئێستاش هاوڕێن و هەمیشەش وەک هاوڕێ دەمێننەوە، بەڵام پێویستە ئەو شەڕە دەستبەجێ بووەستێنێت کە دەستیپێکردووە، ئەگەر نا سزای تووندی ئابووری دەدەن، ئەردۆغان بەربەستی زۆر هێنایەوە، بەڵام لەدوای زیاتر لە کاژێرێک کۆبوونەوە و گەیاندنی پەیامەکە بە حەوت جۆری جیاواز، [ئەردۆغان] گوتی، شەڕەکە دەوەستێنێت و چووینە ژوورێکی دیکە و رێککەوتنەکەمان کرد''.

زاواکەی ترەمپ لە درێژەی نووسینەکانیدا  باسی لەوەش کردووە کە ترەمپ بە پێنسی گوتووە، "ئەمە شتێکی مەزنە" و گوتیشی، ''ئەم ناوچەیە بەرمیلە بارووتێکە، منیش رقم لەوەیە کە ئەو هەموو سەربازەمان لەوێبن، ئێمە لەوێبووین چونکە هەردوولایان داوای ئەو خاکە دەکەن، هیچ کاتێکش ناتوانین بیانگەیێنین بە سازشکردن، بۆیە پێویستە هەندێکجار رێگەبدەیت کەمێک شەڕی یەکدی بکەن. کاتێکیش گەیشتنە ئەو خاڵەی کە هیچ لایەنێکیان دەستی باڵایان نییە. ئەو کاتە ئاسانترە کە بگەیت بە رێککەوتنێک، ئەگەر ئەمەم نەکردبا، ئەمریکا لە 100 ساڵی دیکەش لەوێ چەقبەستوو دەبوو یان خراپتر. لە کۆتاییدا رووبەڕووی شەڕێک دەبووەوە لەسەر پارچەیەک خۆڵ کە هیچ کەسێک لە ئەمریکا هەرگیز گوێشی لێنەبووە'' کوشنەر هەروەها گوتوشیەتی، ''ترەمپ دەیزانی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسایەتییە گەورەکاندا بکات بۆ رێگریکردن لە دۆخێکی مەترسیدار".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار