قەیرانی غاز هەڕەشەی زستانێكی سەخت لەئەوروپا دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لێكەوتەكانی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، ئابوری وڵاتانی ئەوروپای رووبەڕووی گرفتی گەورە كردووەتەوە، قەیرانی غاز هەڕەشەی زستانێكی سەخت لەوڵاتانی ئەوروپا دەكات، دوای دەستپێكردنی هێرشەكانی روسیا لەمانگی شوباتی

ئەمساڵەوە وڵاتانی ئەوروپا سزایان بەسەر روسیادا سەپاند، قۆڵبادانی یەكێتی ئەوروپاو روسیا بەرەو تاودان دەڕوات، ئەوەش دوای ئەوەی مۆسكۆ هەناردەكردنی غازی بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەتەواوی یان بەشێكی بڕی.

ناردنی غازی روسیا لەڕێگەی بۆری نۆرد ستریم یەك لە 31ی ئابی ئەمساڵ لەلایەن كۆمپانیای گازپرۆمی روسییەوە راگیرا، مۆسكۆ هۆكارەكەی بۆ كێشەیەك لەتۆڕباینەكانیدا گەڕاندەوە، كەبڕیاربوو یەكەمجار راگیرانەكەی بۆ سێ رۆژ بێت، بەڵام تاوەكو ئێستا نەكراوەتەوە.

ئاژانسی «بلومبێرگ»ی ئەمریكی لەزاری سەرچاوە رۆژئاواییەكانەوە بڵاویكردەوە، كەكەمیی غاز لەئەوروپا لایەنیكەم تاساڵی 2025 بەردەوام دەبێت، لەدەستدانی پێداویستی غازی سروشتی روسیا دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی یەدەگی كیشوەرەكە بەخێرایی كاتێك پلەی گەرمی لەمانگەكانی داهاتوودا نزم دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم قەیرانە ئامادەكاری بۆ وزە گەرمكەرەوەكان لەساڵی داهاتوودا قورستر دەكات.

هاوكات ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بڵاویكردەوە، هەناردەكردنی غازی سروشتی روسیا بۆ یەكێتی ئەوروپاو بەریتانیا لەماوەی حەوت مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەبەراورد لەگەڵ هەمان ماوە لەساڵی 2021دا نزیكەی 40٪ دابەزیوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: هەناردەكردنی غازی سروشتی لەڕوسیاوە بۆ ئەوروپا بەبەراورد بەماوەی ساڵانی 2017-2021 لەسەدا 50 دابەزیوە.

داوا لەیەكێتی ئەوروپا دەكرێت متمانەی بەتوانای خۆی هەبێت بۆ بەرگرتنی بڕینی تەواوی غازی روسی، كە لە 40% پشتیان پێبەستووەو هەوڵدەدات ئەو رێژەیە كەمبكاتەوە بۆ تەنها لە 9%.

پێشتریش ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: لەكۆتاییدا دەرفەتێك بۆ هەمووان هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی خۆیان لەپشتبەستن بەڕوسیاو ئەو قەتیسكردنەی روسیا لەسەر ئەوروپا هەیە كەوزە وەكو چەك بەكاردەهێنێت رزگار بكەن و كاتی ئەوەش هاتووە ئەوروپییەكان رێگاو سەرچاوەكانی وزەی خۆیان هەمەچەشن بكەن.

لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی روسیاش دەڵێت: ئەوە ئەمریكا بوو كەقەیرانی دابینكردنی غازی لەئەوروپای وروروژاند، بەپاڵنانی سەركردە ئەوروپییەكان بەرەو هەنگاوێكی «خۆكوژی» بۆ وەستاندنی هاوكاری ئابووری و وزە لەگەڵ مۆسكۆ.

سەبارەت بەقەیرانی غاز لەئەوروپا، بەرپرسێكی یەكێتی ئەوروپا ئاشكرایكرد: «وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەتوانن 225 ملیار یۆرۆ (227.57 ملیار دۆلار) قەرز لەسندوقی بەخشین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وزە بەكاربێنن». لەساڵی 2020 وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا رێكەوتن لەسەر دورستكردنی ئەم سندوقە بۆ رزگاركرنی ئەو وڵاتانەی كە رووبەڕووی زۆرترین كاریگەری بوونەتەوە بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوەو تائێستا نزیكەی 800 ملیار یۆری تێدایە.

جگە لەوە وڵاتانی ئەوروپا لای خۆیانەوە هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی غاز لەزستانی ئەمساڵدا قەیرانیان بۆ دروستنەكات، بۆ نموونە وەزیری ئابوری ئیتاڵیا دەڵێت: بۆ ئەمساڵ 100 ملیار یۆرۆ بۆ هاوردەكردنی وزە خەرج دەكەن.

هاوكات وڵاتانی ئەوروپا هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی غاز، لەو چوارچێوەیەدا وەزیرانی وزەی 27 وڵاتی ئەوروپا لەبرۆكسل كۆبوونەوەو زنجیریەك رێوشوێنی بەپەلەیان گرتەبەر بۆ كەمكردنەوەی نرخی غازو كارەبا، جۆزێف سیكیلا وەزیری پیشەسازی چیك كەوڵاتەكەی سەرۆكایەتی خولی یەكێتی ئەوروپا دەكات رایگەیاند:

لەسەر ئاراستەیەكی هاوبەش رێككەوتوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەدوای هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، هاوكات بیرۆكەی بەدەستهێنانی دەستكەوتی گەورە لەوزەی ناوەكی و وزەی نوێبووەوە پێشوازی باشی لێكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەن بەكارهێنانی كارەبا لەسەدا 10 كەمبكەنەوە وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی غاز، چونكە نرخی كارەبا لەئەوروپا پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ نرخی غاز هەیە.

دوای دوو هەفتە لەهێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكراینا، یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند، تاوەكو مانگی نۆڤێمبەر كۆگاكانی گازی ئەوروپا بەڕێژەی 85٪ پڕ دەكەن، بەپێی ئەمارەكانی یەكێتی ئەوروپا ئێستا 80٪ی كۆگاكان پڕبوون، بەڵام هێشتا ئەوە نەبووەتە مایەی رەواندنەوەی خەمی ئەوروپییەكان.

بۆرییەكانی غازی روسیا بۆ ئەوروپا

-نۆرد ستریم 1

گەورەترین بۆری غازی روسیایە بۆ ئەوروپا لەڕووی بڕەوە كەساڵانە 55 ملیار مەترسێجای غازی پێدا رەوانە دەكرا، ئەم دوو هێڵە بەدرێژایی دەریای بەڵتیك دەگاتە ئەڵمانیا، لەدوو ساڵی رابردوودا لەتوانای خۆی زیاتر بەم بۆرییانە هەناردەكراوە، تەنها لەساڵی 2021دا 59.2 ملیار مەترسێجا غازی پێدا هەناردەكراوە.

-نۆرد ستریم 2

ئەمە دووەم دوو هێڵی بۆرییە بەهەمان قەبارە، كەساڵی 2021 تەواو بوو، بەڵام ئەڵمانیا دوای هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا رەتیكردەوە كار بەم بۆرییانە بكات، كە بڕیاربوو بەهەمان شێوەی نۆرد ستریم یەك ئەمیش 55 ملیار مەتر سێجا غازی روسیا بگوازرێتەوە.

-یامال / ئەوروپا

ئەم هێڵە تونای گواستنەوەی 33 ملیار مەترسێجا غازی هەیە لەماوەی ساڵێكداو دەتوانێت بەپێچەوانەشەوە كاربكات و لەڕوسیاوە لەڕێگەی بیلاڕوس و پۆڵەندا دەگاتە ئەڵمانیا، زۆربەی بەپێچەوانەوە كاری كردووە، لەكانوونی یەكەمی 2021ەوە، غاز لەئەڵمانیاوە بۆ پۆڵەندا رەوانە دەكات.

-ئۆكرانیا

بۆرییەكان توانای هەناردەكردنی زیاتر لە 32 ملیار مەترسێجا غازی هەیە لەساڵێكدا، بەشێكن لەتۆڕی هێڵی بۆری غاز كە لەڕوسیاوە درێژ دەبێتەوەو لەڕێگەی ئۆكرانیاوە تێپەڕدەبێت بۆ ئەوروپاو دەگاتە سلۆڤاكیا.

-وەلاخستنی ستریم

ئەم هێڵە توانای هەناردەكردنی 31.5 ملیار مەترسێجا غازی هەیە لەدەریای رەشەوە دەگاتە توركیا، بۆ دابینكردنی بازاڕی توركیاو باشووری ئەوروپا.

- بلوو ستریم

ئەم هێڵە هەروەها بەدەریای رەشدا تێدەپەڕێت بۆ توركیا، توانای هەناردەكردنی 16 ملیار مەترسێجا غازی هەیە.

پێشتر روسیا زۆربەی هەناردەی غازی خۆی لەڕێگەی ئۆكرانیاوە بۆ ئەوروپا دەنارد، بەڵام ئەو بڕانە بەخێرایی پاشەكشەی كرد، مۆسكۆ لەجیاتی ئەوە هەناردەی خۆی بۆ ئەڵمانیا و توركیا زیادكرد.

ئۆكرانیا لەساڵی 2015 دا دوای ئەوەی مۆسكۆ دورگەی كریمیای لكاند بەڕوسیاوە، رتیكردەوە راستەوخۆ غاز لەغازپرۆم بكڕێت.

پاشان روسیا بەدوای پەراوێزخستنی كیێڤدا دەگەڕا، نەك تەنها بەڕێگای دابینكردنی جێگرەوە، بەڵكو بڕی ئەو غازەشی لەڕێگەی ئۆكرانیاوە دەگواستەوە كەمبكاتەوە، بەو مانایەی كیێڤ داهاتی كەمتری دەستبكەوێت لە رێگەی كرێی گواستنەوەوە.

روسیا لەساڵی 2020دا لەگرێبەستەكەیدا لەگەڵ ئۆكرانیا بڕی هەناردەی غازی لە رێگەی ئەو وڵاتەوە لە 65 ملیار مەترسێجاوە بۆ 40 ملیار مەترسێجا كەمكردەوە.

لەلایەكی ترەوە مۆسكۆ لەهەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ‌ بۆ بەرهەمی غازی وڵاتەكەی و جێگرتنەوەی نۆرد ستریم2، لەو چوارچێوەیەدا ئەلێكساندەر نۆڤاك، وەزیری وزەی روسیا رایگەیاند: لەماوەیەكی كورتدا رێككەوتنێك بۆ گەیاندنی 50 ملیار مەترسێجای ساڵانە لەگەڵ چین واژۆ دەكەن و غازەكە لەڕێگەی بۆریی ئەیژن فۆرس 2ـی سیبیریاوە دەگوازرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار