هەولێر؛ 98 پاڵاوگەی نایاسایی بەردەوامن لەكاركردن
بڕیارەكانی حكومەت بۆ داخستنی پاڵاوگەكان جێبەجێناكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هەژار ئەنوەر
لە دەوروبەری شاری هەولێر 98 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە، زۆربەشیان كەمتر لە 20 كیلۆمەتر لە شارەوە دوورن، چەنیدینجاریش سكاڵاكراوە بەڵام حكومەت بە دەم داواكاری خەڵكەوە نەچووە، هاوكان ئەنجومەنی وەزیران 3 جار بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی داوە، بەڵام هەر دانەخراون.
هاوڵاتی بەدواداچوونی كردووە كە لە دەوروبەری شاری هەولێر لە چوار لایەوە پاڵاوگە هەیە، لە ڕێگای هەولێر ــ خەبات، هەولێر ــ گوێر، هەولێرــ شەمامك، قوشتەپە ــ پردێ، كە ژمارەیان زیاترە لە 98 پاڵاوگەیە و مۆڵەتیان نییە و بەجۆرێك بوونەتە مەترسییەكی گەورە بۆسەر شارەكەو چەندینجار لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ئاگاداركراونەتەوە.
لەیلا محەمەد بەرپرسی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە هاوڵاتی راگەیاند:»ئەم پاڵاوگانە كاریگەری و مەترسییەكی زۆر خراپیان لەسەر ژینگەی شاری هەولێر دروستكردووە و هۆكاری سەرەكی نەخۆشی شێرپەنجەن، بۆیە پێویستە پارێزگا و قائیمقامیەتی هەولێر هاوكاربن لەگەڵ دەستەی ژینگەی هەولێر بۆ داخستنیان».
وتیشی: « پاڵاوگەكان كەمتر لە 20كم لە سەنتەری شارەوە دوورن، هاوكات بونەتەجێگای مەترسی، كاتێك گاز و بەنزین بەرهەمدێنن، ڕاستەوخۆ ئەم مەترسییانە دەگوزانەوە بۆ سەنتەری شارەكان لە ڕێگەی دابەشكردنی گازوایل بەسەر مۆلیدەی گەڕەكەكان».
لەیلا محەمەد دەڵێت:» تەنها پاڵاوگەكانی لاناز و كار مۆڵەتیان هەیە ئەوانیش ڕۆژانە لەلایەن تیمەكانیاەوە چاودێری دەكرێن بۆ ئەوەی بزانن تاچەند پابەندی ڕێنماییەكانی ژینگەپارێزی دەبن، لەبەرامبەردا نزیكەی 98 پاڵاوگەی بێ مۆڵەت و نایاسایی هەیە».
بەگوێرەی زانیارییەكان زیاتر لە 500 پاڵاوگە و گۆڕەپانی تێكەڵكردنی پێهكاتەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان هەیە، كە نە مۆڵەتیان هەیە و نە لەژێر چاودێریدان، كە كۆمەڵێك ماددەی كیمیاوی و نەفتا و ڕۆنی ڕەش تێكەڵ دەكەن.
عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و بازرگانی و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتی ڕاگەیاند:» وەك لێژنەكەیان چەندین یاداشتمان داوە بە حكومەت، بەڵام هیچی جێبەجێ ناكرێت»، سەبارەت بەوەی بۆچی تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێن بەرامبەر ئەم هەمووە پاڵاوگە نایاساییانە ناگرێتەبەر، لەوەڵامدا، عەلی حمە ساڵح دەڵێت: «ئێمەش چەندین ساڵە دەمانەوێت، وەڵامی ئەم پرسیارە وەربگرینەوە لەلایەن حكومەت، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە».
لە یاسای نەوتی و گازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بە دامەزراندنی كۆمپانیای نیشتمانی پاڵاوتن دەكات، بەڵام ئێستا پانزە ساڵ تێدەپەڕێت ئەم كۆمپانیاییە دانەمەزراوە.
ڕێبین فەتاح شارەزا لە بوارەكانی سامانە سروشتییەكان بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 200 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە، كە بەشێكیان پێش دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەبوونەو بەشەكەی تریش دوای دامەزراندنی ئەم وەزارەتە بووە، ئەوانەی مۆڵەتیان هەیە نزیكەی پێنج پاڵاوگە دەبێت».
وتیشی:» هۆكاری بوونی ئەم هەموو پاڵاوگە نایاسایانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەتی هەرێم شكستی هێناوە لە پەرەپێدانی كەرتی پاڵاوتن بەشێوەیەكی ستاندارد، ئەم پاڵاوگە نایاساییانە، سەرچاوەیەكن بۆ ساغكردنەوەی نەوتی قاچاخ و دزراو، بۆیە ئەگەر سەیر بكەین ئەو ژمارانەی لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو تاوەكو ئێستا ڕاگەیاندراوە لەبارەی داخستنی پاڵاوگەكان، ئێستا دوو هێندە زیادیكردووە».
لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی 2015، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاریدا بەداخستنی سەرجەم پاڵاوگەكان، و تەنها مۆڵەت بداتە 26 پاڵاوگە ئەوانیش دوای هەڵسەنگاندنیان، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ یەكێك لە پاڵاوگە نایاسایی و بێ مۆڵەتەكان بەردەوامم لە كاركردن، ئەگەر بۆ ماوەیەكیش داخرابن دواتر دەستیان بە كاركردن كردوەتەوە، هاوكات ئەنجومەنی وەزیران لەساڵانی 2018، 2019 ، 2020 بڕیاریداوە كەدەبێت بەیەكجاری پاڵاوگەكان دابخرێن، بەڵام بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیش جێبەجێنەكراون و پاڵاوكەكان بەردەوامن لە كاركردن.