پێشبینی دەکرێت لەم وەرزەدا ٢٥٣ هەزار تۆن گەنمەشامی لە دیاربەکر بەرهەم بهێنرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بارنبارینی پێویست لە کاتی چاندندا و نەبوونی هیچ گرفتێک لە پرۆسەی ئاودێریدا، کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی گەنمەشامی هەبووە لە پارێزگاکەدا، هه‌ربۆیه‌

مەزەندە دەکرێت ئەمساڵ لە دیاربەکر کە یەکێکە لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی کشتوکاڵ لە تورکیا، ٢٥٣ هەزار تۆن گەنمەشامی بەرهەم بهێنرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانی دیاربەکرەوە دەستکەوتوون، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا لە دیاربەکر نزیکەی ٢٥٣ هەزار تۆن لە بەروبوومی گەنمەشامی کە لەسەر رووبەری ١٧٧ هەزار و ٦٣٦ دێکار زەویدا چێنراوە، دەست بکەوێت.

سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی یەنیشەهیر، سولەیمان ئیسکەندەرئۆغڵو بە  ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، خەریکە پڕۆسەی دروێنکردنی گەنمەشامی لە قەزاکەیان تەواو دەبێت.

ئیسکەندەرئۆغڵو ئاماژەی بە زیادبوونی بەروبوومی گەنمەشامی کرد لە سێ ساڵی رابردوودا و گوتی: "لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٦ لە قەزاکەماندا، ٩٠٠ کیلۆگرام بەرهەممان لە هەر دێکارێکدا دەستکەوتبوو، لە ساڵانی رابردوودا بە تێکڕا بەرهەمی گەنمەشامی زیادی کردووە بۆ هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرام لە هەمان رووبەردا".

سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی یەنیشەهیر ئاشکرای کرد کە بەرهەمی گەنمەشامی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترە، گوتی: " لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تێکڕای بەرهەمی گەنمەشامیمان لە دەوروبەری هەزار و ٣٠٠ کیلۆگرام بووە لە هەر دێکارێکدا، ئەمساڵ نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرامە. بێگومان لەگەڵ زیادبوونی بەرهەم خۆشگوزەرانی و داهاتی جووتیارانیش زیادی کردووە".

ئیسکەندەرئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد، لەمساڵدا رووبەری چاندنی گەنمەشامی کەمبووەتەوە و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جووتیاران بەهۆی ئەو داهاتە کەمەی ساڵی رابردوو بەدەستیان هێناوە روویان لە چاندنی لۆکە کردووە.

ساڵح چیمەن کە جووتیارێکی دانیشتووی گەڕەکی چیمەنلەری سەربە ناوەندی قەزاکەیە، رایگەیاند کە گەنم و لۆکە و گەنمەشامی لەسەر رووبەری نزیکەی ١٦٠ دێکار چاندووە.

ساڵح چیمەن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمساڵ لەسەر رووبەری ٦٠ دێکار گەنمەشامی چاندووە، گوتی: "لە پرۆسەی چاندندا ماندووبوونی زۆرمان چەشت، لە ئێستادا دەستمان کردووە بە دروێنە. بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەرهەمی ئەمساڵ باشترە، ساڵی رابردوو ٧٠٠ کیلۆگرام بەهەرهەممان دەستکەوت لە هەر دیکارێکدا، پێشبینی دەکەم ئەمساڵ نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرام بەرهەممان دەست بکەوێت".

هەروەها حەسەن ئاڵپ کە یەکێکی دیکەیە لەو جووتیارانەی گەنمەشامی چاندووە، رایگەیاند کە ساڵی رابردوو لەسەر رووبەری ١٠٠ دێکار گەنمەشامی چاندووە و لە هەر دێکارێکدا هەزار کیلۆگرام بەرهەمی دەستکەوتووە.

حەسەن ئاڵپ ئاماژەی بەوە دا کە ئەمساڵ لەسەر رووبەری ٣٠٠ دێکار گەنمەشامی چاندووە، گوتی: "هەزار و ٤٠٠ کیلۆگرام بەرهەممان دەست دەکەوێت لە هەر دێکارێکدا، ساڵی رابردوو زۆر رازی نەبووین لە بەرهەمەکانمان، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەو بەرهەمەی ئەمساڵ دەستمانکەوت، وایکرد هەست بە ئاسوودەیی بکەین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار