عەلی كەریمی لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی: سەركردەكانمان لەئاست شۆڕشـی رۆژهەڵاتی كوردستاندا نین
رۆژهەڵات ئەزموونی باشوور دووبارە نەكاتەوە سەركەوتوو دەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
عەلی كەریمی دەڵێت: سەركردەكانمان هیچیان لەئاست ئەمڕۆی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستاندا نین و ئەوان بەدەیان هەنگاو لەدوای میللەتەكەوەن.
عەلی كەریمی نووسەر و سیاسەتمەداری رۆژهەڵاتی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند: «لەئەمڕۆی ئێراندا بەكوردستانیشەوە كێشەی گەورەی ئێمە كەكاریزماییەكی پاك و بێگەردو قبوڵكراوە، ئەمە نە لەئێران و نە لەكوردستاندا نیە».
وتیشی: «تائێستا یەك حزب و رێكخراویش پێی نەوتووین كەستراریژی میللەتی كورد چییە، ویست و داخوازییەكانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان نەتەوەییەو ئەوەی دەڵێت داخوازی كورد نەتەوەیی نییە راست ناكات».
عەلی كەریمی ئاماژە بەوەشدەكات: «هەرچی باشوری كوردستان كردوویەتی رۆژهەڵاتی كوردستان دووبارەی نەكاتەوە سەركەوتوو دەبێت.
دەقی چاوپێكەوتنی عەلی كەریمی؛
هاوڵاتی: دوای زیاتر لەمانگ و نیوێك لەبەردەوامی خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، بەڕای تۆ خۆپیشاندانەكان لەئێران بەرەو كوێ دەڕوات و چی ئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە؟
عەلی كەریمی: ئەوەی راستی بێت خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی ئێران كەنزیكەی ٤٥ رۆژە دەستی پێكردووە جیاوازییەكی زۆر گەورەی هەیەو بەدرێژایی ئەم ٤٤ ساڵە كە كۆماری ئیسلامی لەسەر دەسەڵاتە خەڵكی ئیران بەردەوام ناوە ناوە ناڕەزایەتی و بەربەرەكانی خۆی لەگەڵ ئەو رژێمە دەربڕیوە، بۆ نموونە لەو ساڵانەی دوایدا خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەوز دروستبوو و ریفۆرمخوازەكان هاتن داوای هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردیان كردو زیاتر لە 10 ملیۆن خەڵك هاتنە سەر شەقامەكان، بەڵام ئەوەی ئەم جارە دەیبینین حەقیقەت ئەوەیە جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوانەی پێشوو، جیاوازییەكە لەوەدایە كە بەڕاستی توڕەیی و ئیعتیرازاتی خەڵك لەماوەی ئەو ٤٤ ساڵەدا گەیشتۆتە ترۆپكی خۆی و زۆر پەنگی خواردۆتەوە و گەیشتۆتە ئەوەی كە بتەقێتەوە و ئەگەر تێبینی بكەین ئیتر خەڵك گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە دوای ٤٤ ساڵ ئیتر ئەم رژێمە كاتی رۆیشتنیەتی، هەروەها دنیای میدیای خێراو دونیای خێرایی ماس میدیاو دنیای مەجازی وایكردووە كە لەمسەر و لەوسەری دنیادا زۆر بەخێرایی ئاگامان لەیەكتر بێت، بۆنموومە مەرگی ژینا ئەمینی زۆر ئێشێنەر بوو، جاری واهەیە ١٠ هەزار كەس لەجەنگێكدا دەمرن و هەشت تا نۆ هەزار كەس ئاوارە دەبن و ١٠ تا ١٥ كەس پێكەوە لەسێدارە دەدرێن بەڵام خاڵێك هەیە لەهەموو تراژیدیایەكدا كەزۆر هەژێنەرە، مەرگی ژینا هەژێنەر بوو و زۆر مەزلومانە بوو، كچێكی ٢٢ ساڵە هاتووە بۆیەكەمجار بچێتە تاران و پایتەختی وڵاتەكەی خۆی ببینێت لەگەڵ كەسوكاری و دەبینیت زۆر بەنامەردی و تەحەداوە ئەو كارەساتەی بەسەردا هێنرا، ئەمە خەڵكی تووڕە كرد.
هاوڵاتی: خۆپیشاندانەكان سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە، ئامانجی خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان جیاوازی هەیە لەناوچەكانی تری ئێران، وا تێبینی دەكرێت ئەم خۆپیشاندانانە سەرتاسەری بن و هەموویان یەك ئامانجیان هەبێت رای تۆ چیە؟
عەلی كەریمی: حەقیقەت ئەوەیە ئەم هەستان و خرۆشانەی ئەمجارەی ئێران سەرچاوەكەی لەكوردستانەوە بوو و ئێستاش دەبینین دروشمەكان لەكوردستان و لەشارێكی وەكو سەقزەوە هەموو ئێرانی گرتۆتەوە ئەمە بۆ خۆی جێگەی تێڕامان و تێفكرینە و بەدڵنیایی دەڵێم راستە دەڵێن ٩٠ ملیۆن خەڵكی ئێرانی، بەڵام ئەو ٩٠ ملیۆنە چەندین نەتەوەن، نەتەوەی بلوچمان هەیە نەتەوەی ئازەریمان هەیە نەتەوەی عەرەبمان هەیە نەتەوەی كوردمان هەیە، كە لەماوەی ئەم ١٠٠ساڵەی رابردوودا گەورەترین كێشەی ئێران لەبارەی نەتەوەكانەوەو لەبارەی فەرهەنگی نەتەوەكانەوە نەتەوەی كورد بووە، ئێمە مێژوویەكی دوورودرێژمان هەیە هەر لەزەمانەی سمكۆی شكاكەوە تا دەگاتە كۆمەڵەی ژێ كاف و تادەگاتە كۆماری كورستان لەساڵی ١٩٤٦وە ئێمە هەرگیزاو هەرگیز لەگەڵ دەسەڵاتی مەركەزی ئێراندا نەمانتوانیوە هاوڕێگا بین.
هاوڵاتی: بەڵام ئێستا دەبینین نەتەوەكانی تریش بۆ مەرگی ژینا ئەمینی هاودەنگن؟
عەلی كەریمی: حەقیقەت پێت بڵیم ویست و داخوازییەكانی كورد نەتەوەییە و ئەوەی دەڵێت داخوازی كورد نەتەوەیی نییە راست ناكات، راستە ئێمە لەگەڵ هەموو گەلانی ئێران ویست و داخوازی فەرهەنگی و دژی گەندەڵیمان هەیە بەڵام لەسەرووی ئەوانەوە و بەدرێژایی ١٠٠ ساڵی رابردوو كە لەمێژووی مۆدێرنەوە دەوڵەت لەسەر دەستی رەزا شا دروست بووە ئێمە هەر ئەوكات پێشیان لێگرتین كەبەزمانی خۆمان بنووسین و بخوێنین و پێشیان پێگرتین كەجلوبەرگی كوردی لەبەربكەین، ئەم ستەمی نەتەوایەتییە بەدرێژایی مێژوو هەورێكی چڵكن بووە بەسەر گەلی كوردستاندا.
هاوڵاتی: بەڵام لەخۆپیشاندانەكانی ئەمجارەدا وا دەردەكەوێت جیاوازی ئەتنی و ئاینی و مەزهەبی بوونی نەبێت، ناڕەزاییەكان سەرتاسەرییە؟
عەلی كەریمی: ئێمە زۆر بەژیرانە هەم نوخبەو هەم حزبەكان وتیان ئەمڕۆ با كێشەی پێشمەرگە و گەریلاو مەسەلەی نەتەوایەتی نوێ نەكەینەوەو لەگەڵ نەتەوەكانی ئێران بڕۆین بەڵكو دەستكەوتێكمان هەبێت لەگەڵ سەرجەم گەلانی ئێران، ئەمە سیاسەتێكی ژیرانەبوو و ئێستاش سیاسەتێكی ژیرانەیە هەرچەند تموحی خەڵك پاش ئەو هەموو كوشتارە لەسەقزو سنە بەتایبەت ئەوەی دوێنێ و پێرێ لەمهاباد كراوە، حەقیقەت ئەوەیە كە بەسیاسەتێكی داڕێژراو وتمان ئێمە جارێ با لەگەڵ گەلانی ئێران بین، ئەگینا ویست و داخوازییەكانی كوردانی رۆژهەڵات لەئێران ئێجگار گەورەترە لەگەلانی ئێران، ئێمە و ئەوانیش بۆ داپەروەری خەبات دەكەین بەڵام لەسەروی ئەمانەشەوە ستەمیكی میللی هەیەو ستەمێك هەیە بەدرێژایی ئەم ساڵانە لەكورد كراوەو لەماوەی ٤٤ ساڵی رابردوودا خەباتی گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران یەك خولەكیش نەوەستاوە.
هاوڵاتی: لەگریمانەی رووخانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، كورد پێویستە خەباتی بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی خۆی؟
عەلی كەریمی: ئەوە دەگەڕێتەوە سەر خۆمان و دەگەڕێتەوە سەر ئەو هێزو كەس و لایەنەی كەئەمڕۆ سەركردایەتی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، كەئایا ئەو سەركردایەتی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن بێ بناغەن یان واقیعەن لەوە تێگەیشتوون ستراتیژیەتی میللەتی كورد بەرەو كوێ بەرن، بەرەو كەنارێكی ئارام كەتەواوی داخوازییەكانی ئەم ١٠٠ ساڵەی رابردووی تێدا دەستەبەربكەن و من پێموایە ئەمە بەزوویی لەناوجەرگەی ئەو شۆڕشەی لەناو كوردستاندا دەستیپێكردووە بەدیاردەكەوێت.
هەروەها دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی كە دەسەڵاتدارو سیاسەتمەدارانی كورد چۆن بەرەو پیری ئۆپۆزسیۆن دەچن، ئایا لەڕووی دیپلۆماسییەوە ئێمە لەو ئاستەداین كە ئەو شەڕەمان بۆ بكەن!.
هاوڵاتی: حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەماهەنگی و هاوكارییان لەچی ئاستێكدایە، وادەردەكەوێت ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ (پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك و سازمانی كوردستان حزبی كۆمۆنیستی ئێران) هەماهەنگیان نیە، بۆچی؟
عەلی كەریمی: كورد هەمیشە نیفاقی هەیەو هەمیشە خۆی دوژمنی خۆی بووە و لەئاشتیدا دۆڕاندوویەتی و لەشەڕدا ئازا بووە ئەگەر بێینە سەر ئەرزی واقیع تائێستا نەك تەنیا رۆژهەڵاتی كوردستان هەر چوار پارچەی كوردستان بە تەحەداوە دەیڵێم تائێستا ستراتیژێكی روون و واقعیان لەخەباتی گەلی كوردستان لەهەر چوار پارچەی كوردستان نەبووە و نەیانوێراوە یان جوگرافیای كوردستان وایكردووە كەسەركردەكانی كورد لەخۆیان رانەبینن، كە ئەمەش كێشەی گەورەی ئێمەیە لەرۆژهەڵات و باكورو باشورو رۆژئاوا.
تائێستا یەك حزب و رێكخراویش پێی نەوتووین كەستراتیژی میللەتی كورد چییە، ئایا چوار پارچە دەبێتە یەك یان چوار دەوڵەت دروست دەبێت؟ ئەسڵەن دەوڵەت و نەتەوە لەبەرنامەی هیچ حزبێكی كوردیدا هەیە؟ ئەو ریفراندۆمەی لە باشوریش بەزۆر كردیان شتێكی زۆر رواڵەتیانەبوو، ئەوە نەبوو ستراتیژی میللەتی كورد بكاتە نیزامێكی دەوڵەت نەتەوە.
هاوڵاتی: پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك لەڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەناوی «رێگەچارەی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران» رایگەیاند ئاڵای كۆماری كوردستان لە مهاباد وەكو ئاڵایەكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردییەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان قبووڵ دەكات، رای تۆ لەسەر ئەم هەنگاوەی پژاك چیە؟
عەلی كەریمی: ئەمە ئاڵایەكی نوێ نییە هەر لەسەردەمی كۆمەڵەی ژێ كافەوە ئەم ئاڵایە هاتۆتە ناو بزافی كوردییەوەو لەسەر بناغەی ئەو ئاڵایەو لەسەر بنەمای كۆمەڵەی ژێ كاف لە١٩٤٢ەوە ئەم ئاڵایە لەنەشیاتی كۆمەڵەی ژێ كافدا هەبووەو دواتر لەساڵی ١٩٤٦ هەموو ئاسمانی موكریان و رۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر هەژموون و دروشمی كۆمەڵەی ژێ كافدا بوو، قازی محەمەد هات كۆماری كوردسیانی دامەزراندو ئەو دەمە كۆماری كوردستان فیرقەی ئازەربایجانیش لەتەورێز دامەزرابوو پێویستیان بەئاڵایەك هەبوو و كە رۆشنبیرانی كۆمەڵەی ژێ كاف بەهی خۆیانیان دەزانی و سودیان لێوەرگرتبوو و چەند گۆڕانكاریەكیان لەناوەڕاستەكەیدا كردو بووە ئاڵای یەكەمین كۆماری كوردستان.
بەڕای من پژاك كارێكی باشی كرد لەبەرئەوەی ئەو هەموو بیانوەی كەدەڵێن پژاك حزبێكی كوردی نییەو حزبیكی باكوری كوردستانەو لەژێر كۆنترۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلاندا دروستبووە و هەژموونی پەكەكەی لەسەرەو هاتن وتیان باهیچ نەبێت ئەو ئاڵایە حزبی دیموكرات بەهی خۆی دەزانێت و هی كۆماری كوردستانە كەحزبی دیموكرات پێشەوایەتی دەكرد ئیتر بۆچی دژایەتی دەكەن؟
هاوڵاتی: حزبی دیموكرات دژایەتی ئەو ئاڵایە دەكەن؟
عەلی كەریمی: ئەوان پێیان وایە كەدەبێت ئاڵاكەی هەرێمی كوردستان بەكاربێنین كە باكور بەكاریناهێنێت و رۆژهەڵاتیش دەبێت ئاڵایەكی هەبێت تا ئەو رۆژەی كەئێمە وەك نەتەوەیەك و خەباتێكی یەكگرتووی نەتەوەیەك بچین بەرەو پیری ئەو خەباتە ئەوكات دەبێت نەتەوەیەكی ٤٠ ملیۆنی دانیشتوانی و دووبارە خۆی نوێ بكاتەوە.
هاوڵاتی: حزبی دیموكرات بۆچی ئاڵاكەی هەرێمی كوردستانی پێ باشترە؟
عەلی كەریمی: ئەو سێ هێزەی كە لەناوەندی هاوكاریدان ناوەندی هاوكاری شتێك بوو پارو پێرار دروستیانكرد بەڵام تائێستا لەئەرزی واقعدا قاچی لەسەر زەوی نییەو هەریەكەو ئەسپی خۆی تاودەدات واتە گفتوگۆیەكی سیاسی و نەتەوەیی و فەرهەنگی و شۆڕشگێڕانە لەنێوان ئەم سێ حزبەدا نییە كە تامانگێك پێش ئێستا چوار حزب بوون (حدك و حزبی دیموكراتی كوردستان- حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران حدكا- كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ- كۆمەڵەی زەحمەتكێشان) ئەمانە لەڕووی ناچاری و ویست و داخوازی لایەنگرو ئەندامەكانیان هاتن شتێكیان دروستكردووە بەناوی ناوەندا هاوكاری و ئەم ناوەندی هاوكارییە چەند قاچی لەعەرزە؟؟ من دەڵێم هیچ.
هاوڵاتی: خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری ئێران بەڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە رابەرێكیان نییە، ئێوە ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
عەلی كەریمی: بێگومان وایەو ئەگەر ئێستا رابەرو كاریزمایەك هەبووایە ماندێلایەك هەبوایە، جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفایەك هەبوایە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، كەخاوەنی هەژموونێك بوایە و جێپێیان لەناو خەڵكدا دیار بێت ئەوەمان نیە، خۆپیشاندانەكانی تری ئێران هەر نییەتی، ئێران دوو دانەی هەیە كەیەكێكیان فاسیدو مەفلوكە كە موجاهیندنی خەلقە كە رابردوویەكی زۆر پیس و خراپیان هەیەو دەستیان بەكڵاوەكەیانەوە گرتووە با نەیبات و لەم ساتەدا هەڵوێستیان نیە، ئەوەشی ئیدعای هەبیت لەئێستادا وەك ئۆپۆزسیۆن كوڕی محەمەد رەزا شایە ئەمیش لەگەڵ ئەمڕۆی گەنجی ئێران مەگەر بەحاڵە حاڵ بگاتە هەڵبژاردن و بێتە سەر ئەوەی لەهەڵبژاردنی ئێرا ١٠-١٥ كورسی بهێنێت بەڵام ئەوە نییە بڵێن كە كاریزما دروستبووە.
لەئەمڕۆی ئێراندا بەكوردستانیشەوە كێشەی گەورەی ئێمە كەكاریزماییەكی پاك و بێگەردو قبوڵكراوە، ئەمە نەلەئێران و نە لەكوردستانی ئێران نیە.
هاوڵاتی: دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) كە دروشمی پەكەكەو عەبدوڵا ئۆجەلانە باڵی بەسەر ناڕەزاییەكاندا كێشاوە، بە رای تۆ ئەمە ئاماژەی ئەوە دەدات هەژموونی پەكەكە باڵی بەسەر ناڕەزاییەكاندا كێشاوە؟
عەلی كەریمی: ناڵێم هەژمونی پەكەكە هەبێت یان نا و ئەمە دواڕۆژ دیاری دەكات، بەڵام ئەوەی كەزانراوە ئەم دروشمە دروشمێكی ئەوەندە جامع و فەلسەفییە كە ٨٥-٩٠ ملیۆن خەڵكی ئێران دەیڵێتەوە و خۆشییەكەی لەوەدایە بەزمانی كوردیش دەیڵێنەوە و هاوكات بەزمانی فارسی و زمانەكانی دیكەش، راستییەك لەوەدایە كەئەم دروشمە ئەوەندە باڵی فەلسەفی و كۆمەڵایەتی بەسەر هەموو جیهاندا كێشاوە كەئێمە ناتوانین ئینكاری بین و بە رای من زۆر گرنگ نییە ئەم دروشمە كێ داینا بەڵام ئەم دروشمە كاتێك گەورە بوو كە لەناو كۆمەڵگەی خەتێك بەناوی خەتی پەكەكە و خەتی ئاپۆچی هاتە بزافی شۆڕشەكەی رۆژئاوا بەتایبەت لە هەموو كۆبوونەوەكانی پەكەكە لەشاخ و شارو ئەورپا ئەو دروشمەمان گوێ لێبووە، لەكاتی خۆیشی كە لەسەر گۆڕی ژینا ئەمینی ئەو دوروشمەی وت كاتێكی دروستبوو، دیاریكردنی زەمان و مەكان شوێنی خۆی ئەو دروشمەی كردە ئەوەی كە لەهەموو شوێنێكدا هەیە، ئەوەی كاك خالیدی عەزیزی دێت و لەدەنگی ئەمریكا بەشی فارسی دەڵێت ئەوە هی عەبدوڵا ئۆجەلان نیە، ئەمە عەیبەیە دەبێت بڵیی ئەمە شیعارێكی كوردییە، ئۆجەلان سەركردەی بەشێكی زۆری كوردستانە، دروشمی (ژن، ژیان ئازادی) سیاسییەو دەبێت لە رووی سیاسی و فەلسەفیەوە بیبینین.
هاوڵاتی: لەسەر ئەو قسەو لێدوانانەی ئەمدواییەی مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ئێران كردوویەتی، رای تۆ چیە؟
عەلی كەریمی: دیارە ئەمڕۆ سەركردەكانمان هیچیان لەمستەوای ئەمڕۆی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستاندا نین و ئەوان بەدەیان هەنگاو لەدوای میللەتەكەوەن، میللەت زۆر شۆڕشگێڕانەتر دەڕواتە پێشەوە، سەركردەكان بەهەموویانەوە لەشۆڕشەكە دووركەوتوونەتەوەو بەتەواوی لەناوەڕۆكی خواست و ویستی خەڵك تێنەگەیشتوون، حەقە پێش ئەوەی لێدوان بدەن و خەڵك خەتابار بكەن كەتوندوتیژی نەكەن دەبێت ئاگاداری ویست و داخوازیەكانی خەڵكی خۆیان بن دواتر لێدوان بدەن بەداخەوە سەركردەكانی ئەمڕۆی هەم دیموكرات و هەم كۆمەڵەش بەتایبەت ناوەنی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات زۆر لەدواوەوەی میللەتن و تێنەگەیشتوون لەداخوازییەكانی گەلی كوردستان لەڕۆژهەڵات.
هاوڵاتی: پێتوایە ئەزموونی باشوور یان رۆژئاوای كوردستان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دووبارە دەبێتەوە؟
عەلی كەریمی: ئێران سوریا نییەو رۆژهەڵاتیش رۆژئاوا نییە، رۆژئاوا لەڕووی مێژووییەوە خەباتی تێدا نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەم شێوە سیاسەتەی پەكەكەوە لەسوریا بەشی زۆری شۆڕشگێرانی رۆژئاوا حكومەتەكان پێیان ناخۆش نەبوو لەكۆڵ خۆیان ببنەوە بچن لەناو پەكەكەدا بن، بۆیە نیوە زیاتری سەركردەو فەرماندە سەربازیی و سیاسییەكانی پەكەكە لەڕۆژئاواوە هاتوون و جوگرافیا و سیاسەت و كەلتوری رۆژئاواو باكوور لێكەوە نزیكە، بەڕاستی لەگەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی پەكەكە زۆر زوو فریای براكانیان لەخۆرئاوا كەوتن و هێزێكی زۆریان بردو خۆیان تەركیزیان خستەسەر رۆژئاوای كوردستان ئەمە جیاوازییەكی زۆر گەورەیە، ئەمڕۆ من پێموایە جیاوازییەكی زۆر هەیە بەڵام ئایا ئەزموونی كوردی باشوور ناشیرینترین و ناحەزترین ئەزموونی كوردی نییە لەو ٣٢ ساڵەیدا؟ ئایا ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان و كانتۆنەكان و خۆسەری دیموكراتیك ئەزموونێكی جوان نییە؟ دەبێت ئێمە هەوڵبدەین ئەزموونێكی جوان پیادەبكەین.
هاوڵاتی: پێشبینی دەكەی ئەزموونی باشوور یان رۆژئاوای كوردستان دووبارە ببێتەوە یان جیاوازتر دەبێت؟
عەلی كەریمی: من دەخوازم خەڵك بەڕاستی هەرچی باشوور كردوویەتی نەیكات ئێمە سەركەوتوو دەبین هەم لەبارەی كاریزمای سەركردەكانەوە و لەڕووی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە و هەم لەڕووی سیستەمی پەرلەمانییەوە، هەرچی باشوور كردی و رۆژهەڵات دووبارەی نەكاتەوە باش دەبێت.
هاوڵاتی: لەڕووی هەرێمی و نێودەوڵەیتیەوە، بارودۆخەكە گونجاوە بۆ رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران، یاخود نەخێر رووخانی رژێمی ئێران ئەگەرێكی نزیك نیە؟
عەلی كەریمی: بەدڵنیاییەوە لەماوەی ئەم ٤٥ رۆژەدا ئێران كەوتۆتە قۆناغی شۆڕشەوە واتە سەرهەڵدان و خۆپیشاندانی بەجێهێشت، ئەمڕۆ گەلانی ئێران بە رۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە لەقۆناغی شۆڕش و راپەڕیندان و ئەم شۆڕش و راپەڕینەش ناكوژێتەوەو پێموایە ئەم شۆڕشە سەردەكەوێت و بەوە تەواو دەبێت كەكۆماری ئیسلامی بڕووخێت و ئەگەر كۆماری ئیسلامی برووخێت، وەكوو پولی دۆمینە بەدوایدا عێراق و سوریا دەڕووخێن و لوبنان و ئیسرائیل دەكەونە قۆناغێكی تر، یەمەن و لیبیاو حزبوڵاش دەڕووخێن و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە و پاشان حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانیش دەڕووخێن، رووخانی ئێران زۆر شتی باشی بەدوادا دێت و نەمانی ئیسلامی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆشبەختی و ئاسوودەییە بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست.