دورودرێژترین ناڕەزایەتییەکانی مێژوی ئێران بەردەوامە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

51 شەو و رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و لە شاری مەریوان ناڕەزایەتییەکانی دوای بەخاکسپاردنی نەسرین قادریی فراوانتر بوە و بە پێی داویین ئامار نزیکەی 40 کەس لەو شارە بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانەوە برینداربون.

ئەمڕۆ 51 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و لە مەریوان و سنە و سەقز و بۆکان و کرماشان ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەڕێوەچو و لە زانکۆکانی تاران و مەشهەد و تەبرێز گردبونەوە و ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و لە تاران و زاهیدان و ئەسفەهان و نیشابوریش خەڵک بە شەویش رژانە سەر شەقامەکان و نارەزایەتییان دژی دەسەڵاتی ئێران دەربڕی .

ئەو خۆپیشاندانانە بە دوردرێژترین ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران لە مێژوی 43 ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەژمار دەکرێن. بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە دوای بەخاک سپاردنی نەسرین قادری ئەو کەچە کوردەی خەڵکی مەریوان کە لە نارەزایەتیەکانی تاران گیانی لەدەستدابو، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی زۆربەی شەقامەکانی مەریوانی گرتەوە. نەسرین قادری خەڵکی مەریوان تەمەن 35 ساڵ و خاوەنی بروانامەی دکتۆرای فەلسەفە بوە، ئەو رۆڵی بەرچاوی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران بۆ مەرگی ژینا ئەمینی هەبوە و بەهۆی لێدانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناڕەزایەتییەکانی چند رۆژی رابردوی ئەو شارە بە بێهۆشی رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت و دواتر شەوی هەینی گیانی لەدەست دەدات، بەرپرسانی دەسەڵاتیش لە مەریوان رێگرییان کرد کە تەرمی نەسرین رۆژی یەکشەممە بە بەشداریی جەماوەربەخاک بسپێردرێت، ئەوەش توڕەیی خەڵکی مەریوانی لێکەوتەوە. لە مەریوان خۆپیشاندانەکان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سوپای پاسدران توندوتیژیی تێکەوت و هێزە چەکدراەکانیش هەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک ماڵی خەڵک بۆ دەستگیرکردنی گەنجان.

بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی یەکشەممەی مەریوان لانیکەم 40 کەس برینداربون. لە لایەکی دیکەوە لە شاری بۆکان کچان و ژنان لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا بە جلوبەرگی کوردییەوە لە شەقام و کۆڵانەکاندا رێپێوانیان کرد. شەوی یەکشەممە هاوکات لەگەڵ مەریوان لە شارەکانی سەقز و سنە و کرماشان ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون. لە شاری کرماشان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بە شەو لە شەقامەکانی شارەکە دەستی پێکردەوە و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر رێگا سەرەکییەکانی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.

هاوکات لەگەڵ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆربەی زانکۆکانی تاران و کەرەج و مەشهەد و ئەسفەهان گردبونەوە و ناڕەزایەتیی خوێندکاران بەڕێوەچو. ‌ خوێندکارانی پایتەخت لە چەند شوێنێکی تاران خۆپیشاندانیان کرد و دروشمی مەرگ بۆ دیکیاتۆریان وتەوە و هاوکات خوێندکارانی شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان رژانە شەقامەکانی شارەکەوە دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە.

خۆپیشاندانەکان بە شەو لە چەند گەڕەکێکی شاری تاران دەستی پێکردەوە و لە ناوچەی سادقیە و حەفت حەوز-ی شارەکە گەنجان و کچان رژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە. لە شاری ئەهواز لە باشوری ئێران گەنجان ئاگریان لە بنکەیەکی بەسیج سەر بە سوپای پاسداران بەردا و لە شاری شیراز بە هۆرن لێدانی ئۆتۆمبێلەکان و دروشموتنەوەی گەنجان ، ناڕەزایەتیی بەڕێوچو. لە زانکۆی بابۆل لە پارێزگای مازندەران لە باکوری ئێران گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو لە زانکۆی مەشهەد پەیکەری قاسم سولەیمانی خوێناویی کرا. خوێندکارانی زانکۆ پزیشکی تەبرێز رێگەیان نەدا بە ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو زانکۆیە قسە بکات و بە هوتاف کێشان و دروشم دژی سوپای پاسداران ئەو بەرپرسە بێدەنگ کرا.

تا ئێستا لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 61 کەس کوژراون و لە سەرتاسەری ئێرانیش ژمارەی کوژراوان زیاترە لە 317 کەس.

هێڵی بۆری نەوتی ماهشەهر لە باشوری رۆژئاوای ئێران ئاگری گرت و سەرچاوەکانی هەواڵیش ئاماژە بەوە دەکەن کۆگای نەوتی ئەو ناوچەیە تەقێنراوەتەوە و بەهۆی شەڕ و پێکدادانیش لەو ناوچە نەوتییە کەسێک کوژراوە.

لە پەرلەمانی ئێرانیش لە کۆی 290 پەرلەمانتار 227 پەرلەمانتار داوای لەسێدارەدانی ئەو کەسانەیان کرد کە بە هۆکاری ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەقەڵەم دراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار