٢ مانگه ناڕەزاییەكانی ئێران بەردەوامە دەسەڵات نزیكەی 30 هەزار كەس دەستگیردەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زیاتر لەدوو مانگە ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامەو لەو ماوەیەدا بەپێی دوو ئاماری جیاواز نزیكەی 15 بۆ 30 هەزار كەس دەستگیركراون، كە بەپێی ئەو تۆمەتانە بێت كەحكومەت دەیەوێت دژی خۆپیشاندەران بیسەپێنێت رەنگە زیاتر لەهەزار كەس سزای سێدارە بیانگرێتەوە.
لەئامارەكانی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران دەركەوتووە لانیكەم لە 60 رۆژی ناڕەزایەتییەكاندا زیاتر لە 350 كەس بەگوللـەی هێزە ئەمنییەكان لەو وڵاتە كوژراون و میدیاكانی دەسەڵاتیش زیاترین هەوڵی خستوەتەگەڕ بۆ تاوانبار پیشاندانی كوژراوان و دەستگیركراوان و تەنانەت ژمارەیەك لەو كوژراوانەی كە لەلایەن خەڵكی وڵاتەكەوە بەشەهیدو پاڵەوانەكانی ئازادی ناودەهێنرێن لەمیدیای دەسەڵاتەوە وەك تاوانبارو دەستی دەرەكی بەڵگەی ساختەیان لەسەر بڵاو دەكرێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە دەسەڵات، تۆمەتی جیاخوازیی دەداتە پاڵ كوردو بەلوچ و سوننە، لەبەرامبەردا مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵاتی كوردستان و سیستان و بەلوچستان و رایانگەیاندووە: هەڵسوكەوتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ خەڵك و خۆپیشاندەران پێچەوانەی بنەماو رەوشتی ئیسلامییە.
دوای 40 رۆژ لەكوژرانی دەیان كەس لەسیستان و بەلوچستان دواجار عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران وەفدێكی رەوانەی ئەو پارێزگایە كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و نوێنەرانی خەڵك كۆببنەوە لەكاتێكدا پێشتر میدیاكانی دەسەڵات پێشەوای ئاینیی و خۆپیشاندەرانی تۆمەتبار كردبوو بەوەی كە بەپارەی سعودیە دژایەتیی كۆماری ئیسلامی لەئێران دەكەن.
تائێستا ژمارەیەك هونەرمەندو گەنج و لاوی كورد لەدوای دەستگیركردنیان لەلایەن دادگای ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوەو بەگشتی تائێستا حكومەت داوای سزای سێدارەی بۆ 20 دەستگیركراوی ناڕەزایەتییەكان كردووە.
تۆمەت و دانوستان
تۆمەتباركردن دەستی دەرەكی و سزای سێدارە دوو چەكی سەرەكین كە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دژی خۆپیشاندەران و چالاكوانانی ناڕەزایەتییەكان و تەنانەت پێشەواو پێشنوێژەكانی سوننە بەكاردەهێنرێن.
رۆژی یەكشەمە(13/11/2022) عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی وەفدێكی بۆ دانوستان لەگەڵ خەڵكی ئەو پارێزگایە رەوانە كرد كەزۆرینەیان لەڕووی مەزهەبییەوە سوننەن.
وەفدەكە لەگەڵ مەولەوی عەبدولحەمید، پێشەوای سوننەكانی پارێزگاكەو پێشنوێژی سوننەكان لەشاری زاهیدان كۆبوونەوەو رایانگەیاند هەڵگری پەیامی دۆستانەن بۆ دۆستەكانیان لەسیستان و بەلوچستان لەكاتێكدا میدیاكانی وەك ئاژانسی هەواڵی فارس و تەسنیم كە دوو میدیای سەرەكیی كۆماری ئیسلامی ئێرانن مەولەوی عەبدولحەمیدیان تۆمەتبار كردبوو بەوەی كە بەپارەی سعودیە هانی جیابوونەوەی سیستان و بەلوچستان و نانەوەی ئاژاوە دەدات.
مەولەوی عەبدولحەمید، دوای كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لەدانیشتوان و نوێژخوێنانی شاری زاهیدان و خاش رایگەیاند؛ دەبێت ریفراندۆم بكرێت بۆ ئەوەی دەركەوێت خەڵك دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی ناوێت كە بیكوژێت، ئەو پشتیوانیی لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و شاری سنە كردبوو بۆ بەردەوامبوون لە ناڕەزایەتییەكان.
محەمەد جەواد حاج عەلی ئەكبەر، سەرۆكی شاندەكەی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاندووە، خامنەیی بەهۆی رووداوەكانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان زۆر نیگەران و خەمبارەو داوای كردووە لەگەڵ كەسوكاری كوژراوان كۆببنەوەو دڵنەواییان بدەنەوە.
بەپێی ئامارەكان یەك لەسەر سێی كۆی كوژراوانی ناڕەزایەتییەكانی ئێران گەنجان و لاوانی سیستان و بەلوچستان بوون لەكاتێكدا بەهەژارترین پارێزگای وڵاتەكە ئەژمار دەكرێت.
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان كەدەكەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران دەگاتە نزیكەی چوار ملیۆن كەس و زۆرینەیان بە رەچەڵك بەلوچ و لە رووی ئاینییەوە موسوڵمانی سوننەن.
مامۆستایانی ئایینی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی رەتدەكەنەوە
مامۆستایانی ئایینی شاری سەقزو ناوچەكانی سەر بەو شارە لەبەیاننەمەیكەدا كە لەمزگەوتی نور لەشارەكەو لە نوێژی هەینی رابردوو بڵاوكرایەوە، رایانگەیاند؛ بەهۆی گەندەڵی رێكخراوو نادادپەروەری لەدامەزراوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران خەڵكی كورد رووبەڕووی ستەم بوونەتەوەو هاوشێوەی برینێكی چارەسەرنەكراو زامەكانیان قووڵتر بووەتەوە.
لەبەیاننامەكەدا هاتووە سەرەڕای ئەوەی دوو مانگ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینی، تێپەڕیووە بەڵام دەسەڵاتداران گوێ لە خەڵك ناگرن لەكاتێكدا دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاربوو كەرامەت و مرۆڤایەتیی و سەرو ماڵ و ئاسایشی خەڵك بپارێزیت، بەڵام حاشا لەڕاستی رووداوەكان دەكات و خەڵكی ناڕازی دەكوژێت و بەشێویەكی نایاسایی مامەڵە لەگەڵ دەستگیركراوان دەكات.
مامۆستایانی ئایینی سەقز پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دووپاتكردووەتەوەو داوای ئازادكردنی بێمەرجی دەستگیركراوانیان كردووەو هاوكات پشتیوانییان بۆ لێدوانی ئەو مامۆستایانەی شارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەربڕیوە كەپشتیوانیان لەناڕەزایەتییەكان كردووە.
حكومەت بەسزای سێدارە هەوڵی سەركوتی ناڕەزایەتییەكان دەدات
دەزگای داد لەئێران تائێستا داوای سزادانی دوو هەزارو 750 دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكان و ناڕەزایەتییەكانی كردووە و زۆربەیانی تۆمەتباركردووە بەهەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی، لانیكەمی سزاكەی یەك ساڵەو دەكرێت ئەو سزایە بۆ زیاتر لە 15 ساڵیس بەرز ببێتەوە.
ژمارەیەكی زۆریش لەدەستگیركراوانی دوو مانگی رابردووی ناڕەزایەتییەكان تۆمەتی دژایەتی خودا (محاربە) و (مفسد في الارض) دراوەتە پاڵیان كە بەپێی یاساكانی ئێران سزای سەرەكیی ئەو كەسانەی كە ئەو دوو تۆمەتەیان بەسەردا ساغ ببێتەوە، لەسێدارەدانە.
لەلایەكی دیكەوە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویانكردووەتەوە تائێستا سێ دەستگیركراوی كورد لەكەرەج و تاران تۆمەتی دژایەتیی لەگەڵ خودایان لە لایەن دادگاكانی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنراوە كەدەبێتە هۆی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو دەستگیركراوانەدا.
كۆماری سێدارە
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی رایگەیاندووە ساڵی 2021 زیاترین سزای سێدارە لەئاستی جیهاندا لەئێران جێبەجێ كراوەو لەساڵی 2017 تا 2021 لەڕیزبەندی یەكەم وڵاتی جیهان بووە كەزیاترین سزای سێدارەی بەراورد بەژمارەی دانیشتوانی ئەنجامداوەو لەساڵی رابردووشدا لانیكەم ناوی 314 كەس لەو وڵاتە ئاشكرابووە كە لەسێدارە دراون.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە لەساڵی 2020 چین و ئێران و میسرو سعودیە زیاترین سزای سێدارەیان لەسەر گۆی زەوی جێبەجێ كردووە.
رێكخراوەكە لەساڵی 1973 كاری كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزای سێدارە لەجیهانداو رایگەیاندووە لەساڵی 2020 كەمترین ژمارەی لەسێدارەدان روویداوە كە گەیشتووەتە 483 حاڵەت، بەڵام زیاتر لەنیوەی ئەو ژمارەیە لەسزای سێدارەدان لەئێران جێبەجێکراوە.
كۆماری ئیسلامی ئێران لەو ساڵەدا 246 سزای سێدارەدانی جێبەجێ كردووەو ئەوەش لەڕاپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا تۆماركراوە، بەڵام رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە هیچ كەس و لایەنێك ژمارەی راستەقینەی جێبەجێكردنی سزای سێدارە لەلایەن دەسەڵاتی وڵاتی چینەوە نازانێت چونكە سەرجەم حاڵەتەكان بەنهێنی جێبەجێ دەكرێت و ژمارەكە ئاشكرا نییەو تەنها پێشبینی دەكرێت ساڵانە نزیكەی هەزار كەس لەو وڵاتە لەسێدارە بدرێن.
لێبوردنی نێودەوڵەتی روونی كردووەتەوە رێكخراوەكەیان تەنها پشت بەو دۆسیانەی سزای سێدارە دەبەستێت كە تۆماردەكرێن، بۆیە لەساڵی 2020 ئێران، میسر، عێراق و سعودیە پێكەوە 88%ی كۆی سزاكانی سێدارەیان لەجیهاندا جێبەجێكردووە.
لەلایەكی دیكەوە رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران كەبنكەی سەرەكیی لەشاری ئۆسلۆ-ی پایتەخی وڵاتی نەرویجە ساڵی 2020 بڵاویكردەوە لەو ساڵەدا 267 كەس لەئێران سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێكراوە كەچوار كەسیان منداڵ بوون و تەمەنیان نزیكەی 15 ساڵ بووەو لەساڵی 2018 نزیكەی 273 سزای سێدارە جێبەجێكراوەو لەساڵی 2019 ژمارەی لەسێدارەدان 280 حاڵەت بووە.
رێكخراوەكە رایگەیاندووە رێژەی لەسێدارەدان لەساڵی 2021 بەراورد بەساڵی 2020 زیاتر لە 10% زیادی كردووە چونكە لەئەمساڵدا 267 كەس لەسێدارە دراون و 82%ی جێبەجێكردنی سزاكان بەنهێنی بووەو پێشتر كەسوكاری لەسێدارەدراوەكان ئاگادار نەكراونەتەوە.