٦٢ رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی پێنجشەممە لە 62یەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکان لە 90 شار و شارۆچکەی رۆژهەڵات و ئێران مانگرتن بەڕێوەچو و دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە هاوکات لە 220 ناوچە 80 شار و شارۆچکە ناڕەزایەتیی ئەنجام درا و 16 زانکۆش بەشداریی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان کرد.

میدیای سەر بە دەسەڵات لە ئێران مەرگی ئەفسەرێکی بە ناوی ئیسماعیل چەراغی راگەیاند و ئاشکرای کردوە ئەو ئەفسەرەی یەکە ئەمنییەکان لە ئەسفەهان و لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکەدا بریندارکراوە بەڵام دواتر لە نەخۆشخانە مردوە.

شەوی پێنجشەممە لە شاری شیراز پێکدادانی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و گەنجانی ناڕازیی رویدا. سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوە میلاد مەعروفی تەمەن 23 کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە  بریندار کرابوو لە نەخۆشخانە شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لەدەستدا. هەر لە بۆکان کەسێکی دیکە بە ناوی غەفور مولودی لە شاری بۆکان بەتەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا، لە خۆپیشاندانەکانی بۆکان و سنە لانیکەم چوار کەس کوژراون. شەو لە زۆربەی شەقامەکانی شاری خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو لە جوانڕۆ و پاوە و بیجاڕ و بانە چەند شارێکی دیکە گەنجانی کورد هەر لەسەر شەقامەکان بون و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران دەوتەوە. لە دەیان گەرەکی شاری بۆکان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەشەو بەردەوام بو. لە شاری پیرانشار گەنجان لەسەر شەقامەکان بون و رایانگەیاند بۆکان بە تەنها نییە، خەڵکی پیرانشار پشتیوانییە.

شەوی پێنجشەممە لە زۆربە شەقامە سەرەکییەکانی تارانی پایتەخت ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر بەرەنگاری هێزە ئەمنییەکان بونەوە. لە سێ رۆژی رابردوی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 16 کەس کوژران رۆژی پێنجشەممەش ناڕەزایەتییەکان بە مانگرتنی سەرتاسەریی دەستی پێکردەوە و بە هەزارن کەسیش لە سنە و بۆکان و سەقز و کامیاران بەشدارییان لە بەخاکسپاردنی کوژراونی ناڕەازیەتییەکاندا کرد.

شەوی چوارشەممە لە شارەکانی کامیاران و سەقز و ئیلام و بۆکان بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆسەر ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکان لانیکەم شەش کەس کوژران کە یەکێک لەو کوژراوانە مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ بو. تەنها  لە شاری بۆکان سێ گەنج بە ناوەکانی ئەسعەد رەحیمی، سالار مجاور، محەمەد حەسەنزادە لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی چوارشەممەی رابردو کوژران تا شەوی پێنجشەممەش گەنجێک و پیاوێکی دیکە لە بە ناوەکانی میلاد مەعروفی و غەفور مولودی کوژران. لە لایەکی دیکەوە هەر شەوی رابردو کر لە شاری ماڵئەمیر لە پارێگای خوزستان هێرشی چەکداریی رویدابو ژمارەی کوژراون بەرز بوەوەو پێنج ئەندام و چەکداری هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران و سێ منداڵیش لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا. لە سەقز و بۆکان و کامیاران، بە بەشداریی هەزار کەس و بە سرودی شۆڕشگێڕانە تەرمی پێنج گەنج و لاوی ئەو شارانە بەخاکسپێردران. لە شاری سنەش بە رێوڕەسمی جەماوەریی یادی چلەی مەرگی چوار کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کرایەوە. دوای رێوڕەسمی چلە و بەخاکسپاردنی کوژراوانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپیشاندانی جەماوەریی لە سەرتاسەری ئەو بەشەی کوردستان دەستی پێکردەوە.

بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤ تەنها لە 48 کاتژمێردا لانیکەم16 گەنج و لاوی شارەکانی بۆکان و سەقز و ئیلام و کامیاران گیانیان لەدەستداوە. بە گشتی لە 62 رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی رۆژهەڵات زیاتر لە 75 گەنج و لاوی ئەو بەشە لە کوردستان کوژراون و هاوکات ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران گەیشتوەتە 362 کەس و زیاتر لە 16 هەزار کەسیش دەستگیر کراون.

بە گشتی سێ رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی شارەکانی ئێران نائارامیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و هێزە ئەمنییەکانیش بە شێوەیەکی توند روبەڕوی ناڕەزایەتییەکان دەبنەوە. رۆژی پێنجشەممەش لە تارانی پایتەخت و زۆربەی شارەکان دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە و خۆپیشدانان و ناڕەزایەتییەکانیش لە زۆربەی زانکۆکان بەردەوام بون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار