ئاوی خواردنەوەی خورماتوو شیاوی خواردنەوە نییە

2 ساڵ لەمەوپێش



نیگار عومەر

سەرچاوەی ئاوی قەزای خورماتوو لە(مەشروع)ـەكەوەیە، خەڵكی قەزاكە دەڵێن ئەم ئاوە شیاوی خواردنەوە نییەو كە دەگاتە ماڵان ئاوەكە پاكناكرێتەوەو لێڵەو قەوزەی تێدایە، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوی قەزاكە دەڵێت: ئاو پاكی دەكەینەوە ئینجا رەوانەی ماڵانی دەكەین و رۆژانەش لیژنەی پشكنینمان هەیە پشكنینی بۆ دەكەن و ئاوێكی خاوێنەو هیچ گرفتێكی نییە.

هەڵكەوت محەمەد، چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بەهاوڵاتی راگەیاند: »ئەم مەشروعەی خورماتوو كە تاكە سەرچاوەی ئاوی قەزاكەیە بەهیچ شێوەیەك شیاوی خواردنەوە نیە، هەندێك لەشوێنكارەكانی خورماتوو كردوویانە بەشوێنی فڕێدانی پاشماوەی پیساییەكانیان بۆ نێو ئەم ئاوە، بووەتە شوێنی فڕێدانی  ئاژەڵی مرداربووەوەو پێش ئەوەی مەشروعەكە بگات بەخورماتوو چەند گوندێكی لەسەرە پاشماوەی ئاژەڵێ تێ فڕێدەدەن».

وتیشی: »من خۆم هەندێ كات بەتانكەر ئاو دەگوێزمەوە، لەئێستادا بەچەند حەفارەیەك دەستكراوە بەدەركردنی خۆڵ و خاشاكی ناو ئاوەكە، بەڵام مرۆڤ خۆی ناگرێت لەبۆنی پیسی ئەو شتانەی دەدریدەهێنن، لەمبەرو ئەوبەری ئاوەكەش سەگی بەرەڵای لەدەورەو ئێمە پێمانوایە ئەم ئاوە هەر لەمەشروعەكەوە بۆ ماڵان دەگوازرێتەوە بێ ئەوەی پاكبكرێتەوە لەخەزانەكانی ئاودا».

عسام نەقی بەڕێوبەری ئاوی خورماتوو سەبارەت بەسەرچاوەی ئاوی قەزاكە بەهاوڵاتی وت: « ئاوەی ماڵانی خورماتوو دوای ئەوەی لەمەشروعەكەی وەریدەگرین پاكیدەكەینەوە ئینجا رەوانەی ماڵانی دەكەین و رۆژانەش لیژنەی پشكنینمان هەیە پشكنینی بۆ دەكەن و ئاوێكی خاوێنەو هیچ گرفتێكی نیە».

ئەوەشی وت،» سەرچاوەی مەشروعەكە ئاوێكی پاكەو هیچ شتێكی لەو بابەتە نیە كەپاشماوەی تێ فڕێبدرێت، لەئێستاشدا چەند حەفارەیەك لەسەر مەشروعەکە كاردەكەن و هەرچی پیسیەك لەئاوەكەدا نیشتبێتەوە دەریدەهێنن،  لەڕێگەی كۆگاكانی ئاوی قەزاكەوە رۆژانە ئاو بەسەر ماڵاندا دابەشدەكەین و ئاوەكەش گرفتی نیە».

ئەبوبەكر نەجمەدین، كە دوكانی  فلتەری ئاوی هەیە لەخورماتوو بەهاوڵاتی وت:»رۆژانە بەئامێری TDS پشكنین بۆ پاكی و پیسی ئاو دەكەم، رێژەی پیسی لەنێو ئاوی خورماتوودا 700 ە، بۆ ئەم ساڵ  لەهەندێك شوێن  نزیكەی 400، ئاوێك كە شیاوی خواردنەوە بێت دەبێت لە 40 كەمتر بێت، دەتوانین بڵێین ئاوی خورماتوو شیاوی خواردنەوە نیە.

بۆ نموونە ساڵی 2020 رێژەی پیسی لەئاوەكەدا نزیكەی هەزار بوو كەئەم رێژانە زۆر زۆرن، زۆربەی ماڵانی خورماتوو فلتەر بەكاردێنن و من خۆم پشكنینی ئاوەكەیان بۆ دەكەم، ئامێری فلتەریان بۆ دادەنێم، ئاوەكە كەدەگاتە ماڵان لێڵەو قەوزەی تێدایە».

مەلا كەریم، ئەندام پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند:» ئێمە بەدواداچوونمان كردووە بۆ گرفتەكانی ئاوی خورماتوو راستە كە  شیاوی خواردنەوە نیەو ئاوێكی پاك نیە، جگە لەوەش ئەم سەرچاوەیە كۆتایی پێدێت چەند ساڵێكی دیكە بەگوێرەی قسەی شارەزایانی ئاو، بۆیە دەبێت ئێمە رێگەی دیكە بەكاربێنین و كاری لەسەربكەین كەسەرچاوەیەكی دیكەی ئاو بۆ قەزاكە دابین بكەین، لەئێستاشدا بەرنامەیەكمان هەیە بۆ ئەوە، بەڵام بڕی تێچووەكەی زۆرەو لەبەرنامەماندایە كاری لەسەر بكەین».

وتیشی: ،» داوامانكردووە هیچ نەبێ رێژەی پێویست كلۆر بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەزاكە دابین بكرێت بۆ پاکكردنەوەی ئاوەكە، كەئەمەش لەئاست پێویستدا نیە، بۆیە بەڵێ راستە ئاوەكە شیاوی خواردن نیە».

پرۆژەی ئاوی خورماتوو لەساڵی هەشتاكان دروستكراوە لەكەركوكەوە دێت بۆ قەزاكە، ئاوەكە لەبەنداوی دوكانەوە دێت، پێشتر سەرچاوەی ئاوی قەزاكە بیر بووە.

مەلا كەریم دەڵێت: لەئێستادا بیر لەوە كراوەتەوە بەشێوەیەكی پێشكەوتوو پرۆژەیەكی فران ئاوی پاك لەتازەخورماتووەوە دروستبكرێت و رابكێشرێت بۆ خورماتوو، بەڵام پێویستی بەبودجەیەكی زۆرەو بەهیواین لەئایندەدا كاری لەسەربكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار