لەگەڵ بەردەوامبونی 82 رۆژ ناڕەزایەتیی هێزی ئەمنیی زۆر لە رۆژهەڵات و شارەکانی ئێران بڵاوەیان پێدەکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ سەرەڕای هەڕەشە و داخستنی دەیان دوکان لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە، مانگرتنی کاسبکاران لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵات بۆ سێیەم رۆژ لە دوای یەک، بەردەوامبو و هاوکات ژمارەیەک دوکان لە شارەکانی تاران و یەزد و ئەسفەهان و چەند شارێکی دیکە نەکرانەوە و مانگرتن و ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆش بەردەوامبو.
ئێوارەی چوارشەممە لە ترسی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی، هێزی زۆری ئەمنیی و سەربازیی لە شارەکانی تاران و کەرج و یەزد و ئەسفەهان و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوەی پێکرا.
لە شارەکانی سنە و کرماشان و ئیلام و پاوە و مەریوان و جوانڕۆ و بۆکان و مەهاباد و بانە و سەقز و دیواندەرە و زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سێیەم رۆژ دوکان و بازاڕەکان نەکراونە و مانگرتنی کاسبکاران بەردەوامبو لە ماوەی 82 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا تەنها لە شارەکانی رۆژهەڵات زیاتر لە 23 جار مانگرتنی سەرتاسەریی لەو بەشە لە کوردستان بەڕێوەچوو.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە تەنها لە شاری سنە دەسەڵات 300 دوکانی بە بیانوی بەشداریی لە مانگرتنەکان بۆ ماوەی مانگێک داخستوە و هاوکات ئەژماری بانکیی 500 کاسبکاریش هەر بە بیانوی بەشداریی لە مانگرتنی دوکان و بازاڕەکان راگرتوە.
ئەمڕۆش گرتن و رفاندنی هاوڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبو و تەنها لە کامیارن سێ لاوی 16 ساڵ دەستگیرکران و دەیان کەسیش لە شارەکانی دیکە دەستگیر کران.
لە شاری قوروە لە پارێزگای سنە مانگرتن و رێپێوانی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و هێزێکی زۆری ئەمنیی بەشارەکەدا بڵاوی پێکرا.
لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران و مەشهەد و شیراز گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێند بەردەوام بو و هێزە ئەمنییەکان لە زانکۆی مەشهەد هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ سزای سێدارە ترسێکی رون و ئاشکرای کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە خەڵکی وڵاتەکە.
بەدری خامنەیی، تاقانە خوشکی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلام ئێران لە بەیاننامەیەکدا بێبەریبونی خۆی و خانەوادەکەی لە براکەی راگەیاند و وتیشی خامنەیی هاوشێوەی روحەڵلا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە سەرکوتی خەڵکی بوێر و بەشەرفی وڵاتەکە.
عەلی ساڵح ئابادی، بەڕێوبەری بانکی ناوەندیی ئێران رەتی کردەوە بانکەکان راسپێردرابن ئەژماری بانکیی کچان و ژنانی بێسەرپۆش راگیرێت لە کاتێکدا پێشتر حسێن جەلالی، ئەندامی دەستەی فەرهەنگ و دابونەریت لە پەرلەمانی وڵاتەکە رایگەیاندبو ژنان و کچانی بێسەرپۆش ئەژماری بانکییەکانیان رادەگیرێت.
ئەو لە بەیاننامەکەیدا وتویەتی: خامنەیی تەنها گوێ لە بەکرێگیراوانی چاوردەوری دەگرێت کە بە درۆ هەواڵی دۆخی وڵاتەکەی پێدەگەیەنن.
ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران هەرانا بڵاوی کردوەتەوە لە 81 رۆژی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران ژمارەی کوژراوان گەیشتوەتە 473 کەس کە 64 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە.
هەر بە پێی ئامارەکانی ئەو ناوەندە ناڕەزایەتیی لە دژی دەسەڵاتی ئێران 159 شار و شارۆچکەی گرتوەتەوە و لە 143 زانکۆشدا بایکۆت و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوە.