دەستەى دەستپاکیى عێراق: پەرلەمانتارێکى عێراق پشکنینى کۆرۆناى ساختە کردووە بۆ ئەوەى نەچێتە بەردەم دادگە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، فەرمانى راپێچکردن بۆ بەردەم دادگە لەدژى خانمە پەرلەمانتارێکى عێراق دەرکراوە بە تۆمەتى ئەوەى پشکنینى کۆرۆناى ساختە کردووە بۆ ئەوەی لە دۆسیەیەکى دیکەدا نەچێتە بەردەم دادگە.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ 2022، دەستەی‌ دەستپاکیی‌ عێراق لە راگەیه‌ندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگای‌ لێکۆڵینەوەی‌ دووی‌ کەرخ لە بەغدا فەرمانی داوە بە راپێچکردنی‌ ئەو  پەرلەمانتارە بەبێ ئەوەی‌ ناوی‌ بڵاوبکاتەوە کە گوایە پشکنینی‌ تووشبوونی‌ بە پەتای‌ کۆرۆنا ساختە کردووە تا خۆی‌ بدزێتەوە لەوەی‌ بچێتە بەردەم دادگا بەمەبەستی‌ وەرگرتنی‌ وتە لێی‌ لە دۆسیەیەکی‌ دیکەدا.

بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، فەرمانگەى تەندروستیى رەسافە لە بەغدا ئەوەى پشتڕاستکردووەتەوە کە ئەو پشکنینەى پەرلەمانتارەکە لە نەخۆشخانەى ئیمام عەلى دەرنەچووە، وەک ئەوەى ئەو خانمە پەرلەمانتارە پێشکێشیکردووە کە تایبەت بووە بە تووشبوونى بە پەتاى کۆرۆنا.

فەرمانى راپێچکردنى ئەو خانمە پەرلەمانتارە بەگوێرەى هەردوو مادەى 289 و 298ى یاسای سزادانى عێراقى بووە، کە ماددەى یەکەمیان تایبەتە بە دەستوەردان لە نووسراوە فەرمییەکان و سزاکەى دەگاتە 15 ساڵ بەندکردن، ماددەى دووەمیشان تایبەتە بە ساختەکردن و سزاکەى دەگاتە دوو ساڵ بەندکردن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار