سێ ملیار دینار بەسەر زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی بەعس دابەشدەکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەستەی داواكانی موڵكداریی عێراق ، بڕی سێ ملیار دینار بەسەر ئەو كەسانە دابەشدەكات كە زیانلێكهوتووی دەستی رژێمی بەعس بوون.
رۆژی پێنجشەممە، 8-12-2022، تارا ئەنوەر قەرەداخی، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواكانی موڵكداریی عێراق (هیئە دعاوی الملكیە)، لەبارەی بەردەوامیی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەرەرمەندی دەستی رژێمی پێشووی بەعسن رایگەیاند، "لە ئەنجامی هەوڵەكانی دەستەی داواكانی موڵكداری بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی دەستە دادوەر عەلا جەواد ساعدی، جارێكی دیكە بڕێك پارە بەسەر زەرەرمەندانی دەستی رژێمی بەعس دابەش دەكرێت."
وتیشی ئەم پارەیە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە داواكارییان پێشكەشی دەستەكەمان كردووە، دوای ئەوەی ئەو داواكارییانەی پێشكەشكراون، دەستەكەمان لە لێژنەی دادوەری پلەی كۆتایی وەرگرتووە و بڕیاری دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیە دراوە.
لەبارەی بەردەوامیی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەش، تارا ئەنوەر قەرەداخی گوتی: "هاووڵاتییانی خوشەویست ئاگادار دەكەینەوە پێشتریش پرۆسەی خەرجكردنی بڕە پارە بۆ زیانلیكەوتوواون هەبووە و بەردەوامیش دەبێت."
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواکانی موڵکداریی عێراق، بڕی ئەو قەرەبووەی لە دوایین جار بڕیاری لەبارەوە بۆ دەرچووە و دابەشدەکرێت، سێ ملیار دینار دەبێت و 500 کەس لێی سوودمەند دەبن