سەرکردەیەکی کۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتیی سزای سێدارە دەکات
میرحسێن موسەوی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری کۆماری ئیسلامی ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
سەرکردەیەکی بزوتنەوەی سەوز سەر بە باڵی ریفۆرمخوازانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ پەتی سێدارە ناتوانێت دەنگە نارازییەکان کپ و سەرکوت بکات.
میرحسێن موسەوی یەکێک لە سەرکردە و دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی سەوز لە ئێران بە پەیامێک ناڕەزایەتیی خۆی بۆ لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و گەنجانی ناڕازیی دەربڕی و رایگەیاند؛ ئەو شێوازە لە بەڕێوبردن و دەسەڵاتداریی ئێستا بۆ کوشتن و وێرانکاریی دەبێتە هۆی لەدەستدانی سامانی نیشتیمانیی وڵاتەکە و لە بەرامبەریشدا خەڵکی ناڕازیی بە یەکڕیزیی دژی دەوەستنەوە و بەرگریی لە خۆیان دەکەن.
پەیامەکەی موسەوی لە پێگەی (کەلیمە)ی سەر بە بزوتنەوەی سەوز بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا هاتوە" نە چەک و نە سێدارە بزوتنەوەی خەڵک بۆ ئازادی و دیاریکردنی مافی چارەنوسی خۆیان راناگرێت، شۆڕشی ساڵی 1978 لە ئێران بە مەبستی چۆڵکردنی زیندانەکان بو نە وەک بۆ پڕکردنیان و سوتاندنیان.
ئەو وتوشیەتی: شۆڕشی رابردوی ئێران بۆ ئەوەبو خەڵک خۆیان بڕیار لە چارەنوسی دەسەڵات و حوکمڕانییەکەیان بدەن و نەوەک شۆرش ببێتە هۆکارێک بۆ دڵنیایی دەسەڵاتی ستەمکارانی کۆمەڵێک کەسی کەم بەسەر خەڵکی وڵاتەکەدا.
ئەمە دووەم پەیامی میرحسێن موسەوییە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و لە پەیامی یەکەمیدا بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان رایگەیاند؛ ئەو ئامراز و چەکانەی بەدەست هێزە ئەمنی و سەربازییەکانەویەوە بۆ پارێزگاریی لە خەڵک و خۆپیشاندەرانەوە نەوەک بۆ پاسەوانیی دەسەڵاتداران و گەمژەکان.
میرحسین موسەوی کە دوای شۆڕشی 1979 لە ئێران لە ساڵی 1981تا ساڵی 1989 بۆ ماوەی 8 ساڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بوە و دەیان پۆستی هەستیاری و باڵای کۆماری ئیسلامی بەدەستەوە بوە بەهۆی ناڕەزایەتیی لە باڵی محافزکار و دەسەڵاتی ئێران و بە بیانوی سەرکردایەتیی بزوتنەوەی سەوز و دژایەتی دەسەڵات لە وڵاتەکە بۆ ماوەی 11 ساڵە خۆی هاوژینەکەی لە ماڵەکەیان دەستبەسەرن.