هێزە ئەمنیەکانی تورکیا ئەمساڵ زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان ئەشکەنجەداوە

2 ساڵ لەمەوپێش



بەگوێرەی راپۆرتێک، ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان ئەشکەنجەداوە و ١٥ کەسی مەدەنیش لەنێو تورکیادا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژراون.

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (ئیهادە) راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا بە فەرمانی دەسەڵاتداران، هێرشیان کردووتە سەر ٤٨٢ کۆبونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتیانە. رێگریشیان لە ٥٤ خۆپیشاندانی مەدەنی کردووە.

کۆمەڵەکە باسی لەوە کردووە، بە گشتی پێنج هەزار و ٣٢٣ هاوڵاتی تورکیا لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە ئەشکەنجە دراون و ١٥ هاوڵاتی مەدەنیش کوژراون کە یەکێکیان منداڵە.

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (ئیهادە)، ئاماژەی بە فشاری سەر میدیای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن کردووە و دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا، ٥٠٧ هەواڵی سڕیوەتەوە، دەستکاری ناوەڕۆکی ٢٧٤ هەواڵی کردووە و هەوڵی سانسورکردنی ٧٧٣ سایتی هەواڵی داوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ئەمساڵ ٧٣ زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە کە ٣٤ کەسیان گۆمانی کوشتنیان لێدەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار