ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلار قەرزارە
ئێران لە ساڵێکدا 254 ملیۆن دۆلار قەرزی داوەتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
بانکی جیهانی ئاشکرای کرد قەرزەکانی ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە و ئەو وڵاتەش لە ساڵێکدا تەنها 250 ملیۆن دۆلار قەرزی داوەتەوە.
بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردوەتەوە قەرزەکانی ئێران تا کۆتایی ساڵی رابردو 10 ملیار و 349 ملیۆن دۆلار بوە کە بریتی بون لە هەردو جۆرەکانی قەرزی درێژخایەن و کورت خایەن.
ئەو بانکە رونی کردوەتەوە تا پێش ساڵی 2020 قەرزەکانی ئێران نزیکەی چوار ملیار دۆلار بوە، بەڵام لە ساڵی 2021 دوای ئەوەی مۆڵەتی پارە قەرزکردن بەو وڵاتە داروە، چوار ملیار دۆلاری لە سندقی نێودەوڵەتیی دراو وەگرتوە.
بە پێی راپۆرتی بانکی جیهانی ئێران لە ساڵی 2021 تەنها 254 ملیۆن دۆلار لە قەرزە درێژخایەنەکانی داوەتەوە کە 46 ملیۆن دۆلاری سودی بانکی بوە.
ئێران لە ساڵی 2018 دوای توندبونەوەی سزای ئەمریکا لە دژی ئەو وڵاتە داهاتەکەی کە80٪ بۆ 90٪ی پشت بە نەوت دەبەستێت لە 120 ملیارد دۆلارەوە بۆ نزیکەی 13 ملیار دۆلار دابەزیوە .