زۆرینەی دانیشتوانی ئێران توشی کەمخۆراکی بون

شەش ساڵە زۆرینەی دانیشتوانی ئێران خۆراکی پێویستیان بۆ دابین نەکراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



قەیرانی بژێویی و تەندروستیی بەهۆی قەیرانی دارییەوە لە ئێران زیاد دەکات و لە نوێترین راپۆرتیشدا ئاشکرابوە کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە زیاتر لە شەش ساڵە خۆراک و وزەی پێویست بە جەستەیان ناگات.

رۆژنامەی شەرق لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەهۆی قەیرانی دارایی و سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ساڵی 2016 تا ئێستا بڕی خۆراکی سەرسفرەی دانیشتوانی وڵاتەکە بە شێوەیەی بەرچاو کەمی کردوە کە زۆر کەمترە لە پێوانە تەندروستی و جیهانییەکان.

لە راپۆرتی ئەو رۆژنامەیەدا هاتوە هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی رۆژانە پێویستی بە 2800 بۆ 3000 هەزار کاڵۆری هەیە لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتوانی ئێران رۆژانە توانای دابینکردنی 1950 بۆ 2100 کالۆری وزە و خۆراکین بۆ جەستەیان هەیە.

ئاماژە بەوە کراوە بە پێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئێران ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی خۆراک (61%)ە بەڵام بانکی جیهانی ئاشکرای کردوە هەڵاوسانی ئابوریی خوراک لە ئێران گەیشتوەتە (81%) بۆیە توانای دابینکردنی خۆراکی پێویست لە وڵاتەکە زۆر دابەزیوە.

رۆژنامەی شەرق لە راپۆرتەکەیدا ئاستی قەیرانەکانی بە گێڕانەوەی چەندین روداو بۆ دابینکردنی خۆراک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر رون کردوەتەوە ئەوەش بەوەی کە هاوڵاتییەک لە شاری ئەسفهان پێلاوی کەتانی بە رۆن و برنج گۆڕیوەتەوە و لە ورمێ کراسێکی 260 هەزار تمەنی کە نزیەکی چوار دۆلار دەکات بە خۆراک گۆڕدراوەتەوە و کتێبی خوێندنی منداڵانی خێزانێک بۆ کڕینی مریشک و پێڵاوی زستانە لە تاران بە نۆک و نیسک و دانەوێڵە ئاڵوگۆڕی پێکراوە.

ئاماژە بەوەکراوە ئێستا لە ئێران ئاساییە خەڵک کەلوپەلی ناو ماڵەکەی لە بەرامبەر خۆراکدا دەگۆڕێتەوە و ئەوەش ئاماژەیە کە توانای کڕینی خەڵک بۆ دابینکردنی خۆراک تا چ ئاستێک دابەزیوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار