داوا دەکرێت سوپای پاسداران بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بناسرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری پێشوی دەرەوەی سوید، داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات سوپای پاسداران بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن.

مارگۆت واڵسترۆم، وەزیری پێشووی دەرەوەی سوید دوابەدوای لە سێدارەدانی مەجید ڕەزا ڕەهنەوارد لە تویتێکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە و دەشڵێت بەتەنها ئیدانەکردنی دۆخەکە بەس نیە، ئەم لێدوانەی مارگۆت واڵسترۆم هاوکاتە لەگەڵ کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا.

لەسەروبەندی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ڕێکەوتنی لەسەر سەپاندنی سزای زۆر قورس دژ بە " کۆماری ئیسلامی ئێران" ڕاگەیاند؛ هەروەها ناوبراو وتیشی ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ پشتگیریکردنی ژنانی گەنج وخۆپیشاندانی ئاشتیانە دەیکات.

هەر پەیوەست بە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گەلی ئێران، ئانالینا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش کە ئەمڕۆ لە برۆکسلە ڕایگەیاند، کە بەتوندی ئیدانەی لەسێدارەدانی دووەمین خۆپیشاندەری ئێرانی کرد و وتیشی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ گەلی ئێراندایە.

ئانالینا بێربوک، لەبارەی ناوەڕۆک ووردەکاری سزاکانی سەر ئێرانەوە وتی، سزاکان زیاتر بۆسەر سوپای پاسداران وئەو کەسانەیە کە دەستیان هەیە لە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە بۆسەر خۆپیشاندەرەکان.

مەجید ڕەزا ڕەهنەوارد ئەمرۆ سەرلەبەیانی لەشاری مەشهەد لەسەر شەقام بڕیاری لەسێدارەدانی جێبەجێ کرا، مەجید ڕەزا دووەمین خۆپیشاندەری ئێرانە کە بە ئاشکرا لە سێدارە درا کە تەنها دوای ٥ ڕۆژ لە لەسیدارەدانی موحسین شیکاری بوو؛ هاوکات دەزگای قەزایی ئێرانیش بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنیەکان وێنەی ساتی لەسێدارەدانەکەیان بڵاوکردەوە کە تێیدا مەجید ڕەزا دەمووچاوی داپۆشرابوو.

مەجید ڕەزا ڕەهنەوارد بەتۆمەتی کوشتنی دوو بەسیج وبریندارکردنی ٤ چەکداری دیکە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا جێ بەجێکرا.

دوای لە سێدارەدانی مەجید ڕەزا ڕەهنەوارد، ناڕەزایەتیەکان فراوانتربوون و هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کە یەکێک لە بابەتی کۆبوونەوەکانیان تایبەتکرابە تاوتویکردنی دۆخی ئێستای ئێران وسەپاندنی سزای زیاتر بۆ سەر ئێران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار