حکوومەتی عێراق گەڕانەوەی ٥٩ خێزانی ئاوارەی دیکەی بۆ زێدی خۆیان راگەیاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە راگەیەندراوێکدا وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق رایگەیاند، ٥٩ خێزانی ئاوارەی دیکە کە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەددین.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەچوارچێوەی بەرنامەی حکوومەت بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایەق رایگەیاندووە کە ٥٩ خێزانی دیکەی ئاوارە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەددین..
ئیڤان فایەق ئاماژەی بەوەیشداوە کە بەرنامەی حکوومەتی عێراق، جەخت دەکاتەوە لە کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و گوتوویەتی: "لەچوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتدا، کار دەکەین لە پێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان".
رۆژی ھەشتی ئەم مانگە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق رایگەیاندبوو، ٢٨٦ ئاوارەی دیکە کە لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر نیشتەجێبوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە بەشێکیان روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و بەشێکی دیکەشیان وەک پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپا کرد.