لەرۆژنامەی هاوڵاتییەوە..عێراق؛ سەرەتای ناكۆكیی لایەنە دەسەڵاتدارەكان دەردەكەوێت
شیعەكان ناكۆكنو سوننەكانیش چاویان لەگۆڕینی حەلبوسییە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وادەردەكەوێت سەرەتای ناكۆكییەكان لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی نوێی عێراق بەسەرۆكایەتی (محەممەد شیاع سوودانی) سەریهەڵدابێت و ئەو هێزانەی لەژێر چەتری (هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت) بەگشتی و هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەتایبەت كۆكبوون لەدروستكردنی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان لەئێستادا لەناوخۆیاندا جۆرێك لەناكۆكییان بۆ درووستبووبێت.
هەرچەندە لەماوەكانی پێشووتردا هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (كە لەهێزە شیعەكان و پارتی و سوننەكان) پێكدێت و درووستكەری حكومەتی عێراقن كۆبوونەوەو لەسەر چەند خاڵێك رێكەوتن كەخۆی لەهەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لەماوەی یەك ساڵدا دەبینێتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بكەن كە پێشووتر بانگەشەیان بۆ دەكرد.
لەئێستاشدا بەپێی ئەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەهۆی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە رۆڵەكەی لاوازكراوە بۆیە وادەردەكەوێت حوكمڕانی وڵات لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە (مالیكی_خەزعەلی_عامری)یەوە بكرێت و ئەوان بڕیاربەدەستی یەكەمی عێراق بن.
لەنوێترین كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و سوودانی سەرۆكوەزیراندا، وادەردەكەوێت ناكۆكییەكان دەركەوتبن و سەرەتای لێكترازانی ئەو چوارچێوە شیعەیە بێت و چوارچێوەی هەماهەنگی سەرنج و تێبینیان لەسەر گۆڕانكارییەكانی محەممەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دزەی پێكراوە بۆ میدیاكان ناكۆكییەكان لەوەوە سەریانهەڵداوە، سوودانی سەرۆكوەزیران دەیەوێت گۆڕانكاری لەهەندێك لەپارێزگارەكانی پارێزگاكانی عێراقدا بكات، بەتایبەت ئەوانەی دەنگۆی گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانیان بەشوێنەوەیە.
لەكۆتاییەكانی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سەرۆكوەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی پارێزگارەكان درووستبكات و جەختی لەوەكردەوە هەرچی پارێزگارێك گرفتێكی ئیداری یان گەندەڵی هەبێت لادەبرێت، هەربۆیە ژمارەیەك لەو پارێزگارانە خۆیان گەیاندە بەغداو بەتایبەتیش چوونە لای نوری مالیكی.
هەرچەندە سەرۆكوەزیران بەڵێنیداوە هەر پارێزگارێك لاببات لەهەمان حزب پارێزگارە نوێیەكە دابنێت، بەڵام وادیارە گرفتەكە لەوەوە سەرچاوە بگرێت كە (نوری مالیكی) سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڕوای وایە پێویستە دابەشكارییە نوێییەكان بەپێی قەبارەی سیاسی ئێستای گرووپەكان بێت، بەڵام سوودانی سەرۆكوەزیران بڕوای وایە دەبێت بەپێی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بێت كە لەساڵی 2013 ئەنجامدراوە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەیە رەوتی سەدر بێبەشنەكرێت كاتێك دەیەوێت پارێزگارەكانی سەر بەڕەوتی سەدر بگۆڕێت.
وەنەبێت هەر بەتەنیا ناكۆكییەكان لەو چوارچێوەیەدا بمێننەوە، بەڵكو مەترسی ئەوەش لەئارادایە بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی كە سوودانی ئەنجامی داوە كە خۆی لەگۆڕینی 1000بەرپرسی ئەمنی و سیاسی و هەواڵگری و سەربازی بینیوەتەوە هەموویان لایەنگری حكومەتەكەی مستەفا كازمی و نزیكبوون لەڕەوتی سەدر، پێكدادانی لایەنگرانی سەدرو حكومەتەكەی سوودانی لێبكەوێتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاندووە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیران سوپایەك لەڕاوێژكارانی دامەزراندووە كە بەشی داگیركردنی وڵاتی چین دەكات، ئاماژەش بۆ ئەوەدەكات سەرۆكی حكومەت داوایەك بۆ جێبەجێكردنی یاسای رێكخستنی راوێژكاران كە لەساڵی 2017 دەرچووە پشتگوێخستووە.
نوری مالیكی و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەقیش ناكۆكییان لەنێواندایەو مەترسی هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەئارادایە، هەرچەندە زۆرێك دەڵێن ناكۆكییەكان بەو جۆرە نین، بەڵام لەهەموو ساتێكدا ئەگەری تەقینەوەی ناكۆكییەكان لەئارادایە، بەتایبەت لەكاتێكدا مالیكی ئارەزووی ئەوەی هەیە پۆستی جێگری سەرۆككۆماری بەدەستبهێنێتەوەو خەزعەلیش دەیەوێت دەستبگرێت بەسەر دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیدا، هەروەها خەزعەلی ئەو ئەندامە جیابووانەی حزبی دەعوە دەگرێتەخۆ كە جیادەبنەوە ئەمەش مالیكی نیگەران كردووە.
پێشووتریش خەزعەلی رایگەیاندبوو كە سوودانی مافی تاك بڕیاری نییەو دەبێت بۆ هەر بڕیارێك بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی.
وەنەبێت ناكۆكییەكان هەر بەتەنیا پەیوەست بێت بەسەرۆك وەزیرانەوە، بەڵكو ژمارەیەك لایەنی سوننەش بیر لەگۆڕینی محەممەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەكەنەوەو بیر لەوەدەكەنەوە رێگەنەدەن حەلبوسی هەژموون خۆی بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بسەپێنێت كە وابڕیارە ئۆكتۆبەری ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، چونكە سەركەوتنی لەو هەڵبژاردنەدا بەواتای كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی بڕیاری سوننە دێت لەهەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بەدوور نازانرێت محەمەد حەلبوسی لەچەند مانگی داهاتوودا لەسەر كورسی سەرۆكی پەرلەمان لابدرێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەندێك لایەنی شیعەی دەسەڵاتدار رەزامەندن بەلادانی بەهەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە سوننەكاندا.
دكتۆر یەحیا كوبەیسی كەشارەزای كاروباری عێراقە دەڵێ» لادانی حەلبوسی بەتەنیا پشت بەبڕیاری (چوارچێوەی هەماهەنگیی)ی شیعەكان دەبەستێت و بڕیاری سوننە نییە، تائێستا لەناو چوارچێوەدا كۆدەنگی لەسەر لادانی نییەو هەندێك لەوڵاتانی ناوچەكە پاڵپشتی لێدەكەن.. لەناو چوارچێوەشدا مالیكی لەگەڵ دوورخستنەوەی حەلبوسیدایە، بەڵام هەندێكی تریان دژی ئەمەنو پێیانوایە حەلبوسی كەسایەتییەكە كە دەتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت».
لەنوێترین راگەیەندراوی خۆیدا باڵیۆزخانەی ئەمەریكاش لەبەغدا لەراگەیەندراوێكدا ئاشكرایدەكات، پشتیوانییەكی تەواوی حكومەتی محەممەد شیاع سوودانی دەكەن لەبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گۆڕینی دۆخی ئێستای وڵاتدا.
سەبارەت بەدۆخی پەیوەندییەكانی بەغداو هەرێمی كوردستانیش وادەردەكەوێت حكومەتەكەی سوودانی بەئاراستەی سفكردنەوەو چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمدا هەنگاوبنێت، هەر لەو چوارچێوەیەشدا جگە لەچالاككردنەوەی مادەی 140ی دەستور، لەئێستاشدا گفتوگۆگانی هەرێم و بەغدا دەستیپێكردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە ١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری حكومەتی فیدراڵی كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا شاندی هەرێمی كوردستان دیدو بۆچوونی حكومەتی هەرێمیان لەبارەی پرەنسیپە گشتییەكانی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، خستەڕوو و بەپێویستیان زانی دەستوورو كارنامەی حكومەتی نوێی عێراق، ببێتە بنەمایەك بۆ رێكەوتن لەسەر ئەو بابەتە، ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری عێراقیش ئاماژەیان بەبنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵیان كردەوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وەزارەتە هاوتاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بەبڕوای چاودێرانیش لەئێستادا كابینەكەی محەممەد شیاع سوودانی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایە، كە لەلایەك دژایەتیكردنی گەندەڵی و پاراستنی سەربەخۆیی وڵات و بڕیاری سیاسییە، لەلایەكی تریشەوە فشاری ئەو هێزانەیە كە ئەم حكومەتەیان پێكهێناوەو دەیانەوێت پشكەكانیان زیاتر بكەن.
هەر بەبڕوای ئەو چاودێرانە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تەنیا بۆ ئەوە درووستكرا كەحكومەتەكە درووستبكرێت و پۆستە باڵاكان دابەشبكات، ئەگینا لەواقیعی سیاسیدا هیچ بڕیارێكی سیاسی گەورەی بەدەست نییەو ئەوەی هەیە لەلای هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانە كەبڕیاربەدەستی یەكەمی وڵاتن و هێڵە سیاسییە گشتییەكانی كابینەكەی سوودانی دیاری دەكەن و بەهەر لێكترازان و ناكۆكییەكیش لەنێو هێزەكانی ئەو چوارچێوەیەدا تەمەنی كابینەكەی سوودانیش یان كۆتایی دێت یاخود كورت دەبێت.