عێراق: دانوستانەکانی ئێران و سعودیە گەیشتوەتە بنبەست
ئێران و سعودیە شەش ساڵە پەیوەندییەکانیان پچڕاندوە
2 ساڵ لەمەوپێش
ئاژانسێکی هەواڵی ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی عێراق بڵاوی کردوەتەوە؛ دانوستانەکانی نێوان تاران و ریاز بە نێوەندگیریی بەغدا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە گەیشتوەتە بنبەست.
ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەتێدپرێس)ی ئەمریکا ئاشکرای کردوە؛ بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دانوستانەکانی نێوان ئەو وڵاتە لە لەگەڵ وڵاتی سعودیە راگیراوە و بەغدا هیچ هیوایەکی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە نەماوە.
ئاژانسەکە لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق کە ناویان بڵاو نەکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردوە لە دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی ئەوەی ئێران ئامادەی کۆبونەوە و دانوستان لەگەڵ سعودیە نەبوە ئەو دانوستانانەی نێوانیان بە نێوەندگیریی بەغداد راگیراوە.
پێشتر بەغدا میوانداریی پێنج گەڕی دانوستانی بەرپرسانی ئێران و سعودیەی کردبو بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دو وڵاتە کە لە ساڵی 2016 دوای هێرشی لایەنگرانی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەکەی لە شاری مەشهە گرژیی تێکەوت و پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی نێوانیان راگیرا.
ئێران لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان سعودیەی تۆمەتبار کردوە لە رێگەی راگەیاند و میدیاکانی نزیک لەو وڵاتە هانی تێکدانی دۆخی ئێران دەدات و تەنانەت فەرماندەی سوپای پاسدارانیش هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سعودیەی کرد لە ئەگەری بەردەوامبونی پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران.
بڵاوبونەوەی هەواڵی بە بنبەست گەیشتنی دانوستانەکانی ریاز و تاران لە کاتێکدایە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە وڵاتی ئۆردون و لە لوتکەی (بەغداد 2) بەپرسانی سعودیە و ئێران لە پەراوێزی لوتکەکەدا دیداریان هەبێت و حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، وتویەتی: وڵاتەکەی بۆ مەرجەی سعودیە مامەڵەی خۆی بگۆڕێت ئامادەیە باڵیۆزخانەکەی لە ریاز بکاتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسایی ببێتەوە.