پۆلیس هاوسەرۆکانی هەدەپەی گەمارۆدا و ئۆپۆزسیۆن پشتگیری لە هەدەپە دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوسەرۆکانی هەدەپە لە ناوچەی کادکۆی ئەستەنبوڵ، لەبارەی هێرشی دوێنێ سەر فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری پارتەکەیان کە پۆلیسێک لەبەرچاوی کامێراکان زلەیەکی لێدا، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان ساز کرد، بەڵام هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کردە سەر هاوسەرۆکان و ئەندامانی پارتەکە و گەمارۆدران. سەرۆکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا هێرشی هێزە ئەمنیەکانیان شەرمەزار کرد.

ئەمڕۆ پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی هێرشی دوێنێ سەر فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتارەکەیان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان لە ناوچەی کادکۆی ئەستەنبوڵ ساز کرد کە بەرپرسێکی پۆلیس بە جلی مەدەنیەوە زلەیەکی لە فەرهاد ئەنجودا و ئەوەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە.

پەروین بوڵدان: زۆری نەماوە، ئاکەپە دەدۆڕێت و دەڕوات

هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئاکەپە، رێگەیان نەدا میدیاکان رۆماڵی کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی هاوسەرۆکانی هەدەپە بکەن. پەروین بوڵدان کو گوێی بە فشارەکانی هێزە ئەمنیەکان نەدا، بۆ بەشداربووان قسەی کرد و قسەکانی لە رێگەی تەلەفونەوە تۆمارکران و بڵاوکرانەوە. بوڵدان لە قسەکانیدا رایگەیاند، ئەو زلەیەی لە فەرهاد ئەنجو دراوە، لە هەموو خەڵکی رۆبۆسکی دراوە کە فەرهاد ئەنجوش خەڵکی رۆبۆسکیە و ١١ ساڵ لەمەوبەر ٣٦ گەنجیان لە سنوری هەرێمی کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا کۆمەڵکوژکران و وتی، " زۆری نەماوە، ئاکەپە دەڕوات و دەدۆڕێت."

دواتر هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کردە سەر هاوسەرۆکان و ئەندامانی هەدەپە و گەمارۆیاندان و رێگە نەدرا، بەردەوامی بە خۆپیشاندان و کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیەکە بدرێت.

ئۆپۆزسیۆن گەمارۆدانی هاوسەرۆکانی هەدەپەیان شەرمەزار کرد

لەمبارەیەوە سەرۆکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا تویتیان بۆ پشتگیری لە هەدەپە بڵاوکردەوە. سەرەتا کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک نابێت هیچ سەرۆکێکی پارتێک، رووبەرووی هێرش و گەمارۆی پۆلیس ببێتەوە و وتی، " گەمارۆدانی هاوسەرۆکانی هەدەپە کە شەرمێکە، شەرمەزار دەکەن."

عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنیش (دەڤا) تویتێکی لەبارەی هێرشی سەر هاوسەرۆک و ئەندامانی هەدەپە بڵاوکردەوە و دەڵێت، " هێرشی سەر سەرۆکی پارتێکی سیاسی لەبەردەم باڵەخانەی پارتەکەی قبوڵ ناکرێت. بە هەموو شێوەیەک نادادپەروەری بەرامبەر میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە و هاوڕێکانی رەت دەکەمەوە. رێگە نادەین پێشێلکاریەکان لەدژی سیاسەتی دیموکراتی ببێتە نەریتێک."

تویتێکی دیکە لە لایەن ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی گشتی پارتی دوارۆژەوە بڵاوکرایەوە و وتی، " گەمارۆدانی سەرۆکی پارتێکی سیاسی لەلایەن پۆلیسەوە قبوڵ ناکرێت. ئەو کردەوەیەک بەرامبەر میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە ئەنجامدرا قبوڵ ناکرێت. ئاکەپە لە ئەنقەرە شاند دەنێرێتە لای هەدەپە و لە ئەستەنبوڵ پێشێلکاری بەرامبەر دەکات، ئەمە دووڕوویی سیاسیە."

چی روویدابوو؟

دوێنێ لە شاری ئەستەنبوڵ، خۆپیشاندانێکی فراوان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە و دژی سیاسەتی شەڕ بەڕێوەچوو. پەرلەمانتار و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.

هێزە ئەمنیەکانی تورکیا خۆپیشاندەرانیان گەمارۆدا و توندوتیژیان بەکارهێنا. بەرپرسێکی پۆلیس لە خۆپیشاندانەکەدا زلەیەکی لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەدا و ئەوەش نارەزایەتیەکی گەورەی لێکەوتەوە.

دەمیرتاش: زلەکە بەر خۆیان دەکەوێتەوە

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەمبارەیەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و وتی، " ئەم دەسەڵاتە کە قوڕگی لەنێو خراپەکاریدا نوقم بووە، بە تەواوی سنورەکانی تێپەڕاندووە."

دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێرشەکەی دوێنێ کە لەدژی دایکانمان و لەدژی فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپە ئەنجامدرا، لەلایەن کوردەوە هیچ کاتێک لەبیرناکرێت.

دەمیرتاش لە کاردانەوەکەیدا لەبەرامبەر ئەو زلەیەی کە لە فەرهاد ئەنجو درا وتی، " ئێوە زلەتان نەبینیوە، چاوەڕێی سندوقەکانی هەڵبژاردن بکەن، دەبینن کە زلە چییە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار