داوا دەکرێت هەموو هەژمارە داراییەکانی خەزێنەی دەوڵەت بۆ هەدەپە بلوک بکرێن

2 ساڵ لەمەوپێش



بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیا کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣، بەشداری لە دانیشتنی دادگاییکردنی پرسی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بکات راگەیەندراوێکی دژی پارتەکە بڵاوکردەوە.

بەکر شاهین بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەیوەندی هەدەپە لەگەڵ پەکەکە هەیە و وتی، " هەدەپە هەژمارە داراییەکانی خەزێنەی دەوڵەت بۆ هاوکاریکردنی پەکەکە بەکاردەهێنێت. پێویستە هەموو هاوکاریەکی خەزێنە بۆ هەدەپە بلوک بکرێن."

دانیشتنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ ١٠ی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو دواخراوە. بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیا کە دوژمنێکی سەرسەختی هەدەپەیە، لەدژی پارتەکە بەشداری لە دانیشتنەکەدا دەکات. دواتر بەڕێوەبەرانی هەدەپە لە بەرامبەر قسەکانی بەکر شاهین، بەرگری لە پارتەکەیان دەکەن.

پرۆسەی بەڕێوەچوونی دۆسیەی هەدەپە لە دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا، ٢١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ پەسەند کرابوو و تاوەکو ئێستا بەردەوامە. کۆمسیۆنی یاسایی هەدەپە لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، دۆسیەی بەرگرینامەکەی رادەستی دادگای دەستووری کردبوو.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سێیەم فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی تورکیایە و لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨دا، ١١.٧٪ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە و لە کۆی ٦٠٠ کورسی پەرلەمان بووە خاوەنی ٦٧ کوردی. حکومەتی ئاکەپە لە چەند ساڵی رابردوودا مافی پارێزبەندی لە ١٠ پەرلەمانتاری پارتەکە سەندەوە و لە ئیستادا ٥٧ کوردی پەرلەمانی بەدەستەوە ماوە. بەڵام لە ئێستادا بە بیانوی 'پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە' بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیا لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ سکاڵای لەدژیی تۆمار کردووە بۆ ئەوەی پارتەکە دابخرێت و قەدەغە بکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدا کە بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٨ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێوە بچێت و مەترسی ئەوە هەیە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان دادگای دەستووری تورکیا بڕیاری داخستنی هەدەپە بدات و بەم شێوەیە ئاستەنگی بۆ پارتەکە دروست بکات کە نەتوانێت بە ئاسانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار