بەبەشداری چەندین وڵات ئەمرۆ کۆنفرانسی دووەمی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی لە ئوردن بەڕێوەدەچێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ له‌ ئوردن گه‌ڕی دووه‌می لوتکەی به‌غداد بۆ هاریكاری و ئاشتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دۆخی عێراق و ئامانج لێی پشتیوانیكردنه‌ له‌ سه‌روه‌ری و سه‌قامگیری ئه‌و وڵاته، بڕیاریشه‌ هەریەکە لە عێراق، فەرەنسا، ئوردن، میسر، کوێت، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، عومان، بەحرێن و ئێران و چاوەڕوان دەکرێت تورکیاش لە کۆنفرانسەکە بەشدار بێت. 

ئه‌حمه‌د سه‌حاف وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌و چالاكییه‌ كه‌ به‌ لوتكه‌ی به‌غداد ناسراوه‌ و زۆربه‌ی ته‌وه‌ره‌كانی، خۆی له‌ پرسه‌ ئه‌منییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌، له‌ ناوچه‌ی ده‌ریای مردووی شانشینه‌كه‌ ئه‌نجامده‌درێت و ئامانج لێی جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر پاڵپشتیكردن له‌ عێراق و سه‌روه‌ری، ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی.

سه‌حاف راشیگه‌یاند، میوانداریكردنی ئه‌و لوتكه‌یه‌ له‌لایه‌ن وڵاتی ئوردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر داواكارى شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م، شای ئوردن بوو.

ده‌شڵێت: “لوتكه‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان شا عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به‌ڕێوه‌ده‌چێت”.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق روونیشیكرده‌وه‌، جگه‌ له‌ ئاماده‌بوونی ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه‌‌، ژماره‌یه‌ک سه‌ركرده‌ و نوێنه‌ری وڵاتان تێیدا به‌شدارده‌بن، له‌وانه‌ش، میسر، سعوودیه‌، ئیمارات، قه‌ته‌ر، به‌حره‌ین، كوه‌یت، عومان، توركیا و ئێران، وێڕای به‌شداریكردنی هه‌ریه‌ک له‌ ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی، ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری وڵاتانی كه‌نداو، نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و یه‌كێتی ئه‌وروپا.

 ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لەبارەی کۆنفرانسەکە رایگەیاند "ناونیشانی سەرەکیی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە کە چۆن پێکەوە کاربکەین لە پێناو پشتیوانیکردنی عێراق؛ پشتیوانیکردنی ئاساییشەکەی، سەقامگیرییەکەی، ئابوورییەکەی و دەستکەوتەکانی."

د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە، دەیانەوێت کۆنفرانسەکە بکەنە دەرفەتێکی گفتوگۆ بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئەنەقەرە و تاران بۆ سەر عێراق. 

ئاساییشی خۆراک، دەرمان و وزەی ناوچەکە و جیهان، تەوەری دیکەی کۆنفرانسی دووەمی بەغدان لە عەممان کە فەرەنسا سەرپەرشتی دەکات. 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار